ئۆرهان و دەدە: گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و قبوڵی ناکەین

مانگرتن لە خواردن لە وان و جۆلەمێرگ بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن لە ٣هەم رۆژدایە. پەرلەمانتارانى هەدەپە لە وان و جۆلەمێرگ موعەزەز ئۆرهان و سەعید دەدە لە مانگرتن دان و داوایان لە راى گشتى کرد بەرامبەر بە بابەتى گۆشەگیری هەستیار بن.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیکردووە بە مانگرتنى بێسنوور.

لە شاری وان و جۆلەمێرگ بۆ پشتیوانیکردن لە گیوڤەن، هەر یەک لە پەرلەمانتارانى هەدەپە، موعەزەز ئۆرهان و سەعید دەدە و موراد ساریساچ دەستیان بە مانگرتن کردووە.

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان و سەعید دەدە پەرلەمانتاری هەدەپە لە جۆلەمیرگ لەبارەی چالاکییەکانیانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوان و داوایان لە راى گشتیى کرد لە بابەتى گۆشەگیریدا هەستیار بن.

ئۆرهان: ناڕەزایەتییەکانى گەلەکەمان لە دژی گۆشەگیری زیاد دەکات

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان رایگەیاند، گۆشەگیری ماوەیەکى زۆرە بەردەوامیى هەیە و ئەوەش تاوانە لە دژی مرۆڤایەتى، بۆیە لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ دەستیکردووە بە مانگرتن و دەیەوێت لەو رێگەیەوە سەرنجەکان رابکێشێتە سەر ئەو تاوانەى دژ بە مرۆڤایەتى.

ئۆرهان راشیگەیاند " لەیلا گیوڤەن مافدارە و داواکارییەکەى رەوایە. مەرجە بۆ هاتنەدیى ئاشتی گۆشەگیریى سەر رێبەری گەلی کورد کۆتایى پێ بێت. گۆشەگیرکردنى بەڕێزە ئۆجالان هاوکات گۆشەگیرکردنى هەموو گەلانە. ئەو چالاکییانەى، کە پشتیوانیکردن لە بەڕێز لەیلا گیوڤەن ئەنجام دەدەرێن تاوەکو نەمانى گۆشەگیری بەردەوامییان دەبێت. حەز و پشتیوانیى گەلەکەمان بۆ چالاکییەکان، ناڕەزایەتیى گەلە لە دژی سیاسەتی گۆشەگیری".

دەدە: لەیلا گیوڤەن لە ناو چوار دیواردا بووە دەنگ و هاواری گەلەکەمان

سەعید دەدە پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە رایگەیاند، لەیلا گیوڤەن لە ناو چوار دیوار دا (لە زیندان دا) بووە بە دەنگ و هاواری گەلی کورد.

سەعید دەدە ئەوەشى وت "لەیلا گیوڤەن بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان بووە پێشەنگی ئێمە. چالاکییەکانمان تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیری بەردەوامییان دەبێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە هەرگیز گۆشەگیری قبوڵ ناکەین. لە تورکیا دەنگە جیاوازەکان تەحمول ناکرێن. ئەوەش بە مانای ئەوەیە، تاوەکو گۆشەگیریى تێکنەشکێنرێت ئەوا فاشیزمیش بەردەوامیى دەبێت".

ر.م