ئۆرۆچ: منیان ئەشکەنجە کرد و لەسەر سنوری تورکیا بۆ ئەوەی بمرم بەجێیانهێشتم

ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆرۆچ کە بووەتە ئامانجی ئاکەپە، باسی بەسەرهاتەکەی لە ئەرمەنستان و ئێران کرد و وتی، " منیان ئەشکەنجە کرد و لەسەر سنوری تورکیا بۆ ئەوەی بمرم بەجێیانهێشتم."

ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆروچ کە ماوەی چوار ڕۆژە لە بازید زیندانی کراوە، لە ڕێگەی پارێزەرانیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و وتی: وەک ڕۆژنامەنووسێک ویستم ببمە دەنگی گەلان، ئێستا لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیم بە پشتیوانی ئێوەیە.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆروچ لەکاتێکدا کە دەوڵەتی ئێران سنوورداشی تورکیای کردبوو، لەلایەن پۆلیسی تورکەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئەکلەک، هاوسەرۆکی هەدەپەی بازید و هاوڵاتییەک بە ناوی ئەکرەم موفتئۆغلو دەستگیرکرا، ئێستا چوار ڕۆژە لە زیندانی پۆلیسی ئاسایشی دەوڵەتی تورک لە بازید ڕاگیراوە.

بەپێی زانیاریی هەدەپە، عەزیز ئۆروچ لە ئەرمەنستان، ئێران و دواییش لەلایەن پۆلیسی تورکەوە ئەشکەنجە کراوە و پێویستی بە چارەسەرییە.

لەسەر تەندروستی عەزیز ئۆروچ، 'هولیا ئۆروچ'ی هاوسەری دوێنێ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی:"دوو ڕۆژە بۆ چارەسەری هاوژینم دەبەنە 'نەخۆشخانەی دەوڵەتی یاسارەر یڵماز' بەڵام بە بیانوی ئەوەی سەرەی پزیشک گۆڕاوە، چارەسەر نەکراوە و من لە ژیانی هاوسەرەکەم گومانم هەیە، پزیشکانی نەخۆشخانەکە بەرپرسیار و تاوانبارن لە هەر شتێک بەسەر عەزیزدا بێت".

دوێنێ و دوای سێ ڕۆژ پارێزەران توانییان چاویان بە عەزیز ئۆروچ بکەوێت، ئۆروچ لە ڕیگەی پارێزەرانەوە پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیە:

"من وەک ڕۆژنامەنووسێک ساڵانێکە دەمەوێت ببمە دەنگی گەلان، چەند ڕۆژێکە لەژێر گۆشەگیرییەکی قورسی ئەرمەنستان، ئێران و تورکیا ڕاگیراوم، ئێستا لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیم بە پشتیوانی ئێوە هەیە، بە هیوای ئەوەی لە ڕۆژانی ئازادی بە یەک شاد بینەوە".

لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک دوای دەستگیرکردنی عەزیز ئۆروچی ڕۆژنامەنووس لە بەیاننامەیەکدا وەک تیرۆرست ناوی برد، مەحمود ئۆراڵ نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان (TGS)ی لقی ئامەد، ڕایدەگەینێت: دەسەڵاتدارەکان ئەو کەسانەی بەرامبەریان دەوەستنەوە بە تیرۆریست دەبینن، ئێمە گەواهی دەدەین کە عەزیز ئۆروچ ڕۆژنامەنووسە، هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئامەد لەگەڵ ئۆروچ چاوپێکەوتنیان کردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، حەقی بۆڵتان وتەبێژی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، وتی: شوێن دەستی عەزیز ئۆروچ لە زۆرێک لە هەواڵە گرنگەکان هەیە، بە دۆسییەکانی، بەرنامە تەلەفزیونییەکانی و هەواڵە مەیدانییەکانی، خۆی دەرخستووە، دەوڵەت و میدیاکانی ئاکەپە دەیانەوێت کەسێکی ڕۆژنامەنووس بە تیرۆریست نیشان بدەن و بە تاوانبار بیناسێنن".

هەروەها ڕۆژنامەنووس دیجلە موفتئۆغلو گەواهیی لەسەر ڕۆژنامەنووس بوونی عەزیز ئۆروچ دەداو و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە عەزیز دەناسم، ڕۆژنامەنووسێکە کە ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو، کۆمەڵگا باوەڕ بە میدیاکانی ئاکەپە ناکات".

ف.ق