ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان لەمەترسیدایە

ڕێکخراوی ئامنستی ئینتەرناشناڵ ڕایگەیاند، کە ڕێگانەدان بە وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکیی لەلایەن زەینەب جەلالیانەوە، ئەشکەنجەیە، ئەویش لە کاتێکدا کە بە دەست چەند نەخۆشییەوە ئازار دەچێژێت.

 

ڕێکخراوی ئامنستی ئینتەرناشنال دەربارەی دۆخی تەندروستیی زەینەب جالەلیان، ژنە زیندانی سیاسیی کوردی سزدراو بە زیندانی هەتاهەتایی و ڕێگەنەدانی بەرپرسانی زیندان بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکیی جەلالیان، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئامنستی ئینەرناشناڵ-دا هاتووە: زەینەب جەلالیان زیندانیی کورد، کە بە نادادپەروەرانە لە زیندانی هەتاهەتاییدا بەسەردەبات، نەخۆشە و ڕێگای پێنادرێت چارەسەری پزیشکیی بۆ ئەنجامبدرێت، بەرپرسانی ناوەندی تەندروستیی زیندانی خۆی-ی سەر بە پارێزگای ورمێ ڕایانگەیاندووە، کە بۆ چارەسەرکردنی ددانەکانی دەبێت بنێردرێتە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە، باس لە کێشەی تەندروستییەکانی زەینەب جەلالیان کراوە و تیایدا هاتووە: جەلالیان بەهۆی ئیلتهابی ناو دەمەوە و ئێشی ددانەکانی، بۆ خواردن تووشی کێشە بووە، هەروەها بینینیشی تووشی گرفت بووە، چونکە ماوەی چەند ساڵە بۆ نەشتەرگەریی نەخۆشیی تەراخومای چاوی گیروگرفتی بۆ دروستدەکەن و ڕێگانادرێت بنێردرێتە دەرەوەی زیندان، هەروەها پاڵەپەستۆی خوێنی تەواو نییە، کە بە بۆچوونی پزیشکەکانی زیندان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشارە دەروونیی و دڵەڕاوکێیانەی لە زینداندا بە تووشی بووە.

ئامنستی ئینتەرناشناڵ ڕاشگەیاندووە: لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ڕێگری کراوە لە جەلالیان بۆ ئەوەی بنێردرێتەوە دەرەوەی زیندان بۆ ئەوەی چارەسەریی پزیشکیی بۆ ئەنجامبدرێت، تا ئێستا بەرپرسانی زیندانەکە هیچ وەڵامێکیان لە بارەی ئەو بڕیارەیانەوە بە ڕایگشتی ڕانەگەیاندووە، چەندین جار مەرجیان بۆ جەلالیان داناوە کە ئەگەر لەسەر تەلەفزیۆن دان بە کۆمەڵێک تاواندا بنێت کە ئەنجامی نەداون، ئەوکات دەینێرن بۆ نەخۆشخانە.

زەینەب جەلالیان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٢ ی گوندی دیم قشڵاخ-ی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-یە، لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە کرماشان لە لایەن هیزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوەو تا ئێستا لە زینداندا ماوەتەوە.

زەینەب بە تومەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کۆردستان-پژاک، ئەشکەنجە درا و لە دادگاییەکی چەند خۆلەکیدا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

جێگای ئاماژەیە، کە لە ژێر کاریگەری ڕایگشتی و هەوڵدانی ناوەندە جیاوازەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سزای لە سێدارەدانی زەینەب بۆ زیندانی هەتاهەتایی گوڕدرا.

ک-ش