ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە: لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ٣٠٥ ژن کوژراون

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ٣٠٥ ژن کوژراون و وتی، "لە ڕووی مافی مرۆڤەوە قەیرانێکی گەورە هەیە."

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپەی ئامەد بە بۆنەی هەفتەی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر بالەخانەکەیان لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیان رێکخست. ڕەمزیە تۆسون پەرلەمانتاری هەدەپە، هولیا ئالوکمەن هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد. باڵەخانەکە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکەوە گەماڕۆدرا. ڕاگەیەنراوەکە بە تورکی لە لایەن توسون و کوردیەکەش لە لایەن ئویانکەوە خوێندرایەوە.

"قەیرانێک هەیە کە هیج کاتێک نەبینراوە "

توسون تەئکیدی کردەوە لە تورکیا لە ڕووی مافی مرۆڤەوە قەیرانێک هەیە کە هیچ کاتێک نەبینراوە و ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ کرد و وتی، "ژنان و منداڵان لە ناو کۆمەڵگادا قوربانی سەرەکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤن.

" لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ٣٠٥ ژن کوژراون"

توسون باسی ئەوەشی کرد لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە ڕووی زۆر بوارەوە ساڵێک بووە کە ژمارەیەکی زۆر ژن کوژراون و لە سەر ئاستێکی بەرز مافی مرۆڤ پێشێلکراوە، بە تەنها لە ١١ مانگی ئەمساڵدا ٣٠٥ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون، دەستدرێژی بەرامبەر ٤٦ ژن کراوە، مافی ٢٠٤ ژن پێشێل کراوە، ٥٥٦ ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەنەتەوە. توسون وتیشی، بە پێی ئامارەکانیان بە دەیان هەزار ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەنەتەوە.

لە کۆتاییدا توسون وتیشی، "مرۆڤ بە مافی خۆیەوە مرۆڤە. تێکۆشانمان لەمبوارەدا بەردەوام دەبێت."

ف.ق