ئەڵمانیا مەشق و ڕاهێنانەکانی بە هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێدەکاتەوە

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئەڵمانیا مەشق و ڕاهێنانەکانی بە هێزەکانی پێشمەرگە وەستاند، لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، کە ئەوان مەشق و ڕاهێنانەکانیان بە هێزی پێشمەرگە دەستپێکردووەتەوە.

پاش ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بۆردوومانێکدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیان کوشت، ئەڵمانیا فەرمانی بە سەربازانی وڵاتەکەی لە نزیک هەولێر کردبوو"لە بنکەکانیان نەیەنە دەرەوە".

هەروەها سەرجەم مەشق و ڕاهێنانەکانی بە هێزەکانی پێشمەرگە، بەهۆی ئاڵۆزی دۆخی عێراق وەستاند.

پاش هێوربوونەوەی دۆخەکە، ئەڵمانیا دووبارە بڕیاریدا مەشقەکانی بە هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامی پێبدات.

وەزارەتی بەرگری ئەنجوومەنی فیدرالی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، بۆ ئەوەی لە دوای ٢٦ی١ دەست بە مەشق و ڕاهێنانەکان بە هێزی پێشمەرگە بکەنەوە هەندێک مەرجیان هەیە.

زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق، وەکو ئەڵمانیا، بەریتانیا، فینلەندا، هۆڵەندا و ئیتاڵیا فەرمانیان بە سەربازانیان کردووە، بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان.

پاش کوژرانی سولەیمانی، ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا داوای لە حکومەتەکەی مێرکڵ کردبوو کە سوپای وڵاتەکەیان لە عێراق بکێشنەوە، بەڵام ئەنەگرەت کرامپ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، کە سەربازانی ئەڵمانیا لە عێراق دەمێننەوە.

ئەڵمانیا دوای ساڵی ٢٠١٥ بەشێوەیەکی چالاک بەشداری نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بوو، هێزەکانیان لە باشوری کوردستان مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەکەن، ژمارەی سەربازانی ئەڵمانیا لە عێراق و ئوردن دەگاتە ٤١٥ سەرباز.

لەبارەگای نزیک هەولێر ٩٠ سەربازی ئەڵمانیا جێگیرن، ٢٧ سەربازیش مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیەکان دەکەن.