باشاک دەمیرتاش لە کاتى دەنگداندا: گۆڕانکارى گەورە روو دەدات

باشاک دەمیرتاش هاوژینى سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا لە ئامەد دەنگى دا. باشاک لە دواى دەنگدان رایگەیاند "ئیدی کۆتایهێنان بە نادادپەروەری و ناهەقی، ئەمڕۆ لە دەستى ئێمەدایە".

باشاک دەمیرتاش هاوژینى سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار، کە لە ئێستادا لە زیندانى ئەدیرنە زیندانیکراوە، لە خوێندنگەى کایا پنار لە ناوچەی پیاسی ئامەد، چوو بۆ سەر سندوقى دەنگدان و دەنگەکەى بەکارهێنا.

"زۆر شت دەگۆڕێت"

باشاک دەمیرتاش لە دواى دەنگدانەکەى بە میدیاکانى راگەیاند "سەر لەبەیانیى ئەمڕۆ هاتم بۆ دەنگدان. زۆر دڵخۆشم. ئەمڕۆ رۆژێکى خۆشە. من لە دڵەوە بڕوام بەوە هەیە، کە کۆتایهاتن بەم زوڵم و زۆردارییە، کە چەندین ساڵە بەردەوامیى هەیە و بە چاوى خۆمان دەیبینین، لە دەستى خۆماندایە. لەبەر ئەوەش دەبێت گەلەکەمان دەنگەکەیان بۆ دیموکراسی، ئاشتی، برایەتی، یەکسانى و ئازادی بەکار بهێنن. دەنگێک دەتوانێت زۆرێک لە شتەکان بگۆڕێت. دەبێت ئێمە ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە رۆژى خۆش نزیکە".

ر.م