باشوری کوردستان لە دژی پلانگێرییەکە رژایە سەر شەقام - نوێ کرایەوە-

هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لە ناوچە جیا جیاکانەوە، بە مەبەستی رسواکردنی پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات کە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بەڕێوە چوو، رژیانە ناو شەقامەکان و بە رێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری ئەم رۆژە رەشەیان رسوا و شەرمەزار کرد.

لە چەندین ناوچەی باشوری کوردستان هاوڵاتییان بە مەبەستی شەرمەزارکردنی پڵانگێریە نێودەوڵەتییەکەی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان، رژانە سەر شەقام و پەیامی یەکێتی نەتەوەییان بڵاو کردەوە.

قەندیل

خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیل و ناوچەی رانیە بە سازکردنی رێپێوانێکی بەرفراوان، پلانگێرییەکەیان ئیدانە کرد.

لە کاتژمێرەکانی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ خەڵکی گوندەکانی ناودەشتی بناری قەندیل بە مەبەستی ئیدانەکردنی پلانگێرییەکەی ١٥ی شوبات، لە گوندی ئەنزێ تا سەر شەقامی سەرەکی رانیە-چۆمان رێیان کرد.

لە رێپێوانەکەدا وینەکانی ئوجالان بەرز کرانەوە و دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت" وترانەوە. هاوکات لە رێپێوانەکەدا پانکارتی '١٥ی شوبات رۆژی قڕکردنی گەلی کورد، شەرمەزار دەکەین' بەرز کرایەوە.

سلێمانی

لە شاری سلێمانیش بە هەمان مەبەست، بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئوجالان، رێپێوانێکی بەرفراوان رێکخرا.

لە ریپێوانەکەدا نوێنەری لایەنە سیاسیەکان، چالاکانی رێکخراوی مەدەنی، رۆشنبیر و کەسایەتییە ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکان، بەشداریان تێدا کرد و وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان، ئالاکانی پەکەکە و کەجەکە بەرز کرانەوە. هاوکات بێ وەستان دروشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و 'بژی رێبەر ئاپۆ' وترانەوە.

رێپێوانەکە تا بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی بەردەوام بوو، لەوێ گردبوونەوەیەکی جەماوەری ساز کرا. لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا، لە سەر ناوی کۆمیتەی ئازای بۆ ئۆجالان و کۆمیتەی ژنانی باشوری کوردستان بۆ ئازادی ئۆجالان و دەستەی دەستپێشخەری بۆ یەکێتی نەتەوەیی، پەیام پێشکەش کران.

کۆمیتەی ئامادەکار:گەلی کورد ئیدی ئەمە قبول ناکات

سەرەتا لە سەر ناوی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لە لایەن شۆڕش خدر بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کرا کە، گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ و هێرشە دڕندانەکانی ئەردۆغان لە دژی گەلی کورد، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە. ئیدی گەلی کورد ئەم نا یەکسانییە و داگیرکارییە قبول ناکات، پێویستە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی لە ئەمڕۆ بەدواوە، ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هەڵوێستی خۆی بنوێنێت."

کۆمیتەی ژنان: ئازادی رێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنانە

دواتر لەسەر ناوی کۆمیتەی ژنانی باشوری کوردستان بۆ ئازادی ئۆجالان، ویژدان نورالدین بەیاننامەیەکی خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا بانگ لە هەموو کوردێک کرا کە هەڵوێستیان یەک بخەن، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئوجالان بهێندرێت. هەروەها باس لەوەش کرا کە، ئازادی رێبەر ئاپۆ، هاوکات ئازادی ژنانە و سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەی دیمۆکراتیک و سەربەخۆیی هەموو تاکێکە."

دەستەی دەستپێشخەری یەکێتی نەتەوەیی: فشار بهێنن بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی بونیاد بنرێت

هاوکات لوقمان حەسەن ئەندامی دەستەی دەستپێشخەری یەکێتی نەتەوەیی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی:"داوای ئێمە ئەوەیە کە هەموومان بە یەکەوە فشار لەسەر لایەنە سیاسیەکان دروست بکەین بۆ ئەوەی لە نێوان گەلی کورد دا یەکپارچەییەک دروست بکەن. چونکە بە بێ یەکێتی نەتەوەیی ناتوانین هەبوون و دەستکەوتەکانمان بپارێزین."

کۆنگرەی ئەنجومەنی ئیسلامی کوردستان:بە پێی ئایینی ئیسلام نابێت کەسانی ئازادیخواز زیندانی بکرێن

دواتر مەلا نادر ئەندامی کۆنگرەی ئەنجەمەنی ئیسلامی کوردستان قسەی کرد و وتی:"بە پێی راستییەکانی ئیسلام، رێگا نادرێت کەسێکی ئازادیخواز و مرۆڤ دۆست زیندانی بکرێت. بەڵام بە داخەوە بە هۆی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتە ئیسلامییەکان، بەڕێز ئۆجالان ئێستا لە گرتووخانە لە ژێر گۆشەگیریدایە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بە پێی راستییەکانی ئیسلام، نابێت تەنانەت باڵندەیەکیش زیندانی بکرێت."

رانیە

لە شاری رانیەش بە هەمان مەبەست لە کاتژمێرەکانی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٥ی شوبات، بە سەدان هاوڵاتی لە بەردەم باخی گشتی شارەکە گرد بوونەوە و رێپێوانێکیان ساز کرد.

لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی ئۆجالان و پانکارتی '١٥ی شوبات، تاوانێکی دژ بە مافی مرۆڤە' بەرز کرانەوە. هاوکات چالاکانی بەشدار لە رێپێوانەکە پەڕۆی رەشیان لە ناوچاوانیان ئاڵاند.

دوای ئەوەی رێپێوانەکە گۆڕدرا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری، پەیام پێشکەش کران و تێیدا باس لەوە کرا:" ئامانجی پلانگێریەکە رێگریکردن بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە، بەو پلانگێرییە ویستیان قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوڵتر بکەنەوە کە ئامانجیش لیی ئەوە بوو سوود لەو قەیرانانە وەربگرن. پێویستە هەر چی زووترە رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت."

هاوکات دروشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت، هیچ کەس ناتوانێت رۆژەکەمان تاریک بکات و ئازادی رێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنانە' بەرز کرانەوە.

کەلار

لە ناوچەی کەلاریش بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان، چالاکییەک بە مەبەستی ئیدانەکردنی پلانگێرییەکە ساز کرا. لە چالاکییەکەدا بە دەیان هاوڵاتی لە پارکی لەیلا قاسم گرد بوونەوە. چالاکەوانان بە بێ وەستان دروشمیان لە دژی پلانگێرییەکە دەوتەوە و وێنەکانی ئۆجالانیان بەرز کردەوە.

دواتر لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییە پەیامێک بڵاو کرایەوە و تێیدا پلانگێرییەکە رسوا و شەرمەزار کرا.

چەمچەمال

لە شارۆچکەی چەمچەماڵیش بە هەمان مەبەست ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان لە ناوەندی شارۆچکەکە گرد بوونەوە و چالاکییەکیان ساز کرد. لە چالاکییەدا وێنەکانی ئۆجالان بەرز کرانەوە و دروشم لە دژی پلانگێرییەکە وترانەوە.

دواتر لەسەر ناوی لیژنەی ئامادەکاری چالاکییەکە، بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و تێیدا پلانگێرییەکە رسوا و شەرمەزار کرا و هاوکات بانگەوازییەک بۆ یەکگرتنی لایەنە سیاسیەکانی کورد بڵا کرایەوە و داواش کرا کە هەموو کەسێکی کورد، لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەڵوێستی خۆی بنوێنێت.

مەخمور

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید روستەم جودی –مەخموریش بە دروشمی 'هیچ کەس ناتوانێت رۆژەکەمان تاریک بکات' رێپێوانێکی بەرفراوان ساز کرا و تێیدا پلانگێری ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە لە لایەن هێزە دەسەڵاتخوازەکانەوە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان بەڕێوە چوو، رسوا و شەرمەزار کرا.

رێپێوانەکە لە بەردەم رێکخراوی کەسوکاری شەهیدانەوە دەستی پێکرد و تا ناوەندی کلتور و هونەری مەخمور بەردەوام بوو. لە رێپێوانەکەدا پانکارتی 'گۆشەگیری بشکێنە، فاشیزم هەڵوەشێنە، لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئازاد بژی' و 'هیچ کەسێک ناتوانێت رۆژەکەمان تاریک بکات، بێ سەرۆک ژیان نابێت، ١٥ی شوبات رووڕەشی دەوڵەتە' و ئاڵاکانی پەکەکە، کەجەکە، هەپەگە، یەژا-ستار و وێنەکانی ئۆجالان بەرز کرانەوە.

لە ناوەندی کلتور و هونەری مەخمور رێپێوانەکە گۆڕدرا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری. لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا لە سەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە فەدیلە تۆک پەیامێکی پێشکەش کرد.

تۆک لە پەیامەکەیدا شەهیدانی دۆزی ئازادیی بە بیر هێنایەوە و هێزە پلانگێرەکانی شەرمەزار کرد و وتی:"گەلی کورد هەتا دوایین هەناسەی، لەسەر رێچکەی رێبەر ئاپۆ ڕێدەکات. لە دژی گۆشەگیری و پلانگێران، وەک چۆن لە ساڵی ١٩٩٩ بە گیانی خۆمان بازنەیەکمان لە ئاگر بە دەوری رێبەر ئاپۆدا دروست کرد، ئێستاش بە هەمان شێوە بازنە ئاگرینەکە دروست دەکەینەوە."

دوای قسەکانی تۆک، چەند دیمەنێک لە بیروبۆچوون و رێنوێنییەکانی ئۆجالان کە تایبەت بوون بە ئازادی گەلی کورد، پێشکەش کران.

چالاکییەکە بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت، هیچ کەس ناتوانێت رۆژەکەمان تاریک بکات' کۆتایی پێ هات.

شەنگال

لە شارۆچکەی سنوونی سەر بە شەنگالیش بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک-ی شەنگال و بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی، لە دژی پلانگێری ١٥ی شوبات رێپێوانێکی بەرفراوان ساز کرا.

رێپێوانەکە لە بەردەم ناوەندی ئەنجومەنی گەل-ی سنوونەوە دەستی پێکرد و تا شەقامی سەرەکی شارۆچکەی سنوون بەردەوام بوو. لە رێپێوانەکەدا جگە لە نوێنەری رێکخراوەکان و ریکخستنەکانی شەنگال، بە سەدان هاوڵاتی شارۆچکەکە بەشدار بوون و وێنەکانی ئۆجالان بەرز کرانەوە و دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت، بژی سەرۆک ئاپۆ' وترانەوە.

دوای ئەوەی رێپێوانەکە گەیشتە سەر رێگای سەرەکی شارۆچکەکە، لە سەر ناوی نوێنەرانی ئەنجەمەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی پەیام پێشکەش کران.

حەسەن حەجی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی شەنگال لە پەیامەکەیاد وتی:"٢١ ساڵ تێپەڕی بەسەر گرتنی رێبەر ئاپۆ لە لایەن زلهێزەکانەوە. زیهنییەتی داگیرکەر ویستی، دیمۆکراسی لەناو بەریت. کۆمەڵگای ئێزیدی نەیاندەتوانی ببێت بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان، هەتا فەرمان بەسەریاندا هات. دواتر توانییان بە فکر و بیروبۆچوونی رێبەر ئاپۆ خۆمان بەرێکخستن بکەن. لە سایەی سەرۆکایەتی، توانیمان خۆمان بە رێکخستن بکەین و لەسەرتاسەری جیهان دەنگمان دایەوە و وتمان کە ئیمەش هەین و خاوەنی هێز و ئیرادەی خۆمانین. تەنها رێگایەک کە دەتوانین خۆمان لە فەرمانەکان رزگار بکەین و یەکێتی خۆمانی پێ بونیاد بنێین، فکری رێبەر ئاپۆیە."

دواتر لە سەر ناوی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی نەئام بەدەل قسەی کرد و پلانگێری ١٥ی شوباتی شەرمەزار کرد.

بەدەل بانگەوازییەکی ئاڕاستەی هەموو ژنانی ئێزیدی کر کە خاوەنداری لە رێبەر ئۆجالان بکەن و وتی:"سەرۆکایەتی، نەک تەنها بۆ گەلی کورد تێدەکۆشێت، بەڵکو گەلان و کۆمەڵگاکانی دیکەش سوود لە فکر و بیروبۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ وەر دەگرن."

ز.ش