برینەکانیان بە ئیرادەى خۆیان ساڕێژ دەکەن
گەریلا سەما کاتێک دەستى راستى لە دەستدا هەوڵیدا دەستى چەپى شوێنى دەستە لە دەستچووەکەى بۆ پڕبکاتەوە و لەوەدا سەرکەوتوبوو. بە ئیرادە و ورە و باڵادەستیى دەروونى برینەکانى جەستە ساڕێژ دەبنەوە.
گەریلا سەما کاتێک دەستى راستى لە دەستدا هەوڵیدا دەستى چەپى شوێنى دەستە لە دەستچووەکەى بۆ پڕبکاتەوە و لەوەدا سەرکەوتوبوو. بە ئیرادە و ورە و باڵادەستیى دەروونى برینەکانى جەستە ساڕێژ دەبنەوە.
لە ژێر بارانى ئایاردا خۆمان دەگەیەنینە لاى دەستەیەک لە گەریلاکانى هەپەگە. بەهۆی ئەو بارانەوە، کە ماوەى چەند رۆژە بەردەوامە قوڕێکى زۆر لکاوە بە پێلاوەکانمادا و بەهۆى زۆریى قوڕەکەوە پێڵاوەکانمان قورس بوون و بە قورسى هەنگاومان بۆ هەڵدەگیرێت و بە دژواری رێدەکەین. دوو گەریلا لە دەربەندێکەوە بەرەو روومان دێن و پێشوازیمان لێدەکەن.
یەکەم گەریلایان کە بینیمان سەما ئامەد بوو. قژى رەشەکانی و ملپێچەکەى تەڕ بوو بوون. بۆ ئەوەى چەکەکەى لە بارانەکە بپارێزێت، چەکەکەى کردووەتە باوەش. لە دواى سڵاوکردن و بەخێرهاتن دەڕۆین بۆ شوێنەکەیان. تاوەکو دەگەینە شوێنەکەیان سەما بە پێداگرییەوە دەیەوێت هاوکاریمان بکات و جانتاکانمان هەڵبگرێت. لەچکەکەى سەر دەستى راستى سەرنجى راکێشام. کاتێک ئێمە گەیشتنە شوێنەکەیان، سەرەتا دەستمان کرد لێکردنەوەى قوڕى پێڵاوەکانمان و دواتر لەبەر خۆرى تازە هەڵهاتوودا دانیشتین و دەستمان کرد بە گفتوگۆ.
لە خوا پاڕاوەتەوە ببێت بە گەریلا
سەما ماوەى ١٠ ساڵە گەریلایە. باسی منداڵیى خۆى دەکات. کاتێک لە ناوچەى لیجەى ئامەد بووە هەموو کات و بە بەردەوامى چاوی لەسەر گەریلا بووە. بە بەردەوامى لە هەموو خەون و خولیاکانیدا گەریلا بوونى هەبووە. بۆ ئەوەى رۆژێک ببێت بە گەریلا دوعاى کردووە و لە خوا پاڕاوەتەوە. لە تەمەنى لاوێتیدا لەگەڵ ٢ هەڤاڵیدا روو لە چیاکان دەکەن.
بەحسابی دەوڵەت ئێمە بوونمان نییە
بۆ چا خواردنەوە پشوویەک وەردەگرین. رادیۆیەکى کۆن، کە ئاریەڵەکەى لە زۆر شوێندا شکاوە و چاککراوەتەوە، لە بەرگەکەى دەردەهێنێت. دەستکەوتنى ئامێرێکى لەو شێوەیە (رادیۆیەک) لە ناو گەریلادا بۆ گوێگرتن لە هەواڵ و رووداوەکان کارێکى ئاسان نییە.
ئێمە گوێ لە رادیۆکانى تورکیا دەگرین. لە یەکەم هەواڵەکاندا باسى ئەوە دەکرێت کە لە هەفتەیەکەدا لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیادا چەندین گەریلا بۆردومان کراون و کوژراون. ژنانى گەریلا لە دەورى یەک کۆبوونەتەوە و بە دەم چا خواردنەوەوە دەڵێن "لە حسابى بیرکاریانەى دەوڵەتدا هەڵە هەیە. هەر چى دەکەن ناتوانن کۆتاییمان پێ بهێنن. بەپێى ئامارەکانى دەوڵەت، ئێمە نەماوین و لە ئێستادا لە ژیاندا نیین" و دواى تۆزێک رادیۆکە دەکوژێننەوە.
سەما لەگەڵ چیاکاندا گەورە بووە
سەما باسى لایەنى جوان و گەورە بوون لەگەڵ چیاکاندا دەکات و دەڵێت "ئێمە ئێستا لە ناو ئەو چیایانەداین، کە لە منداڵییەوە خەون و خولیاى من بوون. من و چیا پێکەوە گەورە دەبین. پێشتر و کاتێک سەیرى چیاى ئامەدم دەکرد، زۆر دوور دەهاتە بەرچاوم، بەڵام من نەمدەزانى کە بەم رادەیە گەورەیە. کاتێکیش مرۆڤەکان لەگەڵی دەبنە یەک و سەربارى سەقامگیرى و تۆکمەریى خۆى، هەر رۆژ بە رۆژ لەگەڵ مرۆڤدا گەورەتر دەبن...".
هۆکارى شەڕێکى بەهێزترە
کاتێک لەچکەکە لەسەر دەستى راستى خۆى لادەبات، بینیم کە بەشێک لە دەستى نەماوە. لە چیا برینیش ماناى جیاوازتری هەیە. ئەگەرى ئەوە هەیە مرۆڤ بەشێک لەجەستەى لە دەست بدات، بەڵام لە بریى ئاخ و ئۆف، مرۆڤ ئەوە دەکاتە هۆکارى شەڕێکى بەهێزتر. روونە کاتێک دەڵێن 'گەورەبوون لەگەڵ چیادا' مەبەستەکەیان ئەمەیە. سەما دواى ئەوەى دەستى راستى لە دەستدا، گرنگیى خستە سەر دەستى چەپی. پێشتر بە دەستى راست تەقەى دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوەى گۆڕیوە و بە دەستى چەپ تەقە دەکات و لە ئامانجەکەشى دەدات. هەروەها چەندین لاپەڕە بیرەوەری و یاداشتى هەیە، کە بە دەستى چەپ نوسیویەتی.
گەریلا برین ساڕێژ دەکات
بریندارى بەشێک، یان ئەندامێکى جەستەى مرۆڤ کەم دەکاتەوە، بەڵام ئیرادە و ورە و باڵادەستیى دەروونى، برینە جەستەییەکە ساڕێژ دەکات. مرۆڤبوون کەم ناکاتەوە، بەپێچەوانەوە، مرۆڤبوون بەهێزتر و گەورەتر دەکات. هەر وەک سەما. برینى گەریلا نابێتە هۆى بێزارى و نائارامیى ورە و دەروونی. برینەکان دەبنە هۆى ئەوە، کە پەیوەندیى و ئاوێتەبوون لەگەڵ ژیان زیاتر بەهێز بکرێت.
ر.م