بولوت تەکین: دەستەی وەزیرانی تورکیا بووەتە کۆمپانیایەکی بنەماڵەیی

هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئامەد فیلیز بولوت تەکین، دەربارەی دەستەی وەزیرانی نوێی تورکیا وتی "ئەو دەستەیە خێڵە، کۆمپانیایەکی بنەماڵەیە".

فیلیز بولوت تەکین هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان 'هەدەپە' لە ئامەد، لەسەر دەستەی وەزیرانی نوێی تورکیا کە لەلایەن ئەردۆغانەوە دیاری کراوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بولوت تەکین دەستنیشانی کرد، عەقڵییەتی تاکپەرست و نەتەوەپەرست لە کاتی دروستکردنی کۆمارەوە بەردەوامە و جەختیشی لەوە کردەوە، دەستەی وەزیرانی نوێ، کە هێزە دیموکراتیکەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوە پیشەییەکان و چالاکوانان بە نادیدە تەماشا دەکات، ئەڵقەی کۆتایی ئەم ڕژێمەیە.

بولوت تەکین ئەوەشی راگەیاند، دەستەی وەزیران دەستەیەکی نوێ نییە بەڵکو "ئەوانەی ماوەی سێ بۆ چوار ساڵە شەڕ دەکەن و ئاژاوە دەنێنەوە، لەناو ئەو دەستە نوێیەدان".

بولوت تەکین راشیگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ بە سولەیمان سۆیلو وەزیرى پێشووى ناوخۆ و وەزارەتى بەرگریش بە خولوسی ئاکار سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا، دراوە و وتیشی "ئەمەش نیشانی دەدات کە ئازادی زیاتر سنوردار دەکرێت".

دامەزراوە ئابوری و سەربەخۆکان بە تاکە کەسێکەوە دەبەسترێنەوە

بولوت تەکین ئاماژەى بەوەکرد، ئەردۆغان زاواکەی خۆی بەناوی بەرات ئەلبەیراق کردووە بە وەزیری خەزێنە و دارایی و وتیشی "ئەمەش نیشانی دەدات، کە هەموو دامەزراوە ئابووری و سەربەخۆ و نیمچە ئۆتۆنۆمەکان بە کەسێکەوە دەبەسترێنەوە. لەبەر ئەوە دیزاینی ئەم دەستەی وەزیرانە بە مەبەستی بەهێزکردنی دەسەڵاتداریی ناوەندییە".

فیلیز بولوت تەکین ئاماژەى بەوەشکرد، دەستەی وەزیران بۆئەوەی بەیعەت بە ئەردۆغان بدەنەوە، هەڵبژێردراون و وتیشی "ئەوەی کە دروست بووە، دەستەی وەزیران نییە، بەڵکو خێڵ و هۆزە. کۆمپانیایەکی بنەماڵەییە. چونکە هەر چەند رۆژ لەوە پێش بوو، کە سولەیمان سۆیلۆ هەڕەشەی لە هەدەپە دەکرد، کە لە پەرلەماندا سێیەم گەورەترین پارتی سیاسییە. هەروەها بە دانانی خولوسی ئاکار بە هەموو سیاسەتەکانى شەڕکردنییەوە هاتووەتە پێشەوە و و ڕادەستکردنی خەزێنە و دارایی بە زاواکەی ئەردۆغان، کۆمپانیایەکی بنەماڵەیی دێنێتە بیری مرۆڤ".

دەبێت لەسەر بنەمای دیموکراسی تێکۆشانەکەمان گەشتر بکەین

بولوت تەکین ئەوەشى وت، ئەوەی دەبێت گەل و ڕێکخراوە مەدەنیی و پیشەییەکان و چالاکوانان ئەنجامی بدەن، تێکۆشانە لەدژی ئەو دەسەڵاتدارییەى ئێستا و وتیشی "پێویستە لە مەیدانەکانی تێکۆشانی دیموکراتیدا، هێزی خۆمان بکەین بە یەک و دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە. هەروەک چۆن لە میسر، عیراق و لیبیا بینرا، ئەنجام و چارەنووسی ئەم ڕژێم و سیستمە باش نییە".

بولوت تەکین لە کۆتایدا ئەوەشى خستەڕوو، دەبێت لە دژی ئەوەش لەسەر بنەما و پێوەری دیموکراسییەکان تێکۆشان بکرێت و هەموو گەل و هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە.

ر.م