'بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی، پێویستە رێبازەکان بگۆڕدرێن' (شیکاری...)

ئێمە لە سەردەمێکی وەهادا دەژین کە دەتوانین بڵێین، ' ئەگەر کورد ئێستا نەبن بە یەک کەی دەبن بە یەک؟'. ئەگەر کورد لەم کاتەدا یەکێتی نەتەوەیی بونیاد نەنێت و لەناو تێکۆشانی ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیکدا، نەبن بە هێز بۆ یەکتر، دەکەونە ناو غەفلەتێکی مێژووییدا.

رۆژەڤی سەرەکی رای گشتی کورد لە ئێستادا رۆژئاواو خەباتی یەکێتی نەتەوەییە. بە تایبەت هێرشی دەوڵەتی تورک لە دژی رۆژئاوا، لە لایەن گەلی کورد و هەموو هێزە سیاسییەکانەوە، وەکو هەڕەشەیەک لە دژی هەموو کوردێک دەبینڕت. بە شێوەیەکی روون، ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی تورک لە دوژمنایەتی گەلی کورددا، سەرکێشی دەکات. بە وتنەوەی ' کۆبانێ عەرەبن، کەرکوک شارێکی کوردی نییە، فلان ناوچە عەرەبن' ئاشکرا بوو کە گەلی کورد رووبەرووی هێزێکی قڕکەر بووەتەوە کە بۆ داگیرکردن، بەدوای بەهانەیەکدا دەگەرێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کورد بە پێویستی ببینێت یەکێتی نەتەوەیی خۆی بەهێز بکات.

راستییەکی بەم شێوەیە هەیە؛ پارچەبوونی کوردستان بوو بە هۆکار کە لە گۆتۆبێژە نێودەوڵەتی و سیاسی و تەماشاکردنی رووداوەکاندا، چەندین بیروبۆچوونی جیاواز دروست ببێت. بەشێکیان بە هۆی بارۆدۆخی ئۆبجێکتیفن (بابەتییانە)، بۆیە لە بارۆدۆخەکە تێدەگەن. بەڵام بەشێکی دیکەش دوورکەوتنەوەیە لە راستیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی، یان ناوچەچیەتییەکی بەرتەسک کە بیر لە بەرژەوەندی پارچەکانی دیکەی کوردستان ناکەنەوە. بێگومان هەر پارچەیەکی کوردستان خاوەنی بارۆدۆخێکی خۆسەرە، بۆ ئەوەی کورد ببن بە خاوەنی ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک، پێویستە بە بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەن و بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکەن. هەروەها ئینکارکردنی کورد کە تا ئێستاش بەردەوامە و هەژموونی دوژمنان بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، دەبێتە حاڵەتێکی ناچاریی، کە کورد ببن بە یەک هەڵوێست و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە یەکدی جێبەجێ بکەن.

هەروەها ئەو راستییەی دەوڵەتی تورکیش هەیە کە دەیەوێت کورد قڕ بکات، بۆیە لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە دژی ژیانێکی دیمۆکراتیک و ئازاد بۆ گەلی کورد دەوەستێتەوە. سەرووی هەموویان لە باکور و دواتریش لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان هیچ چارەسەرییەک بەدەست نایێت و کورد نابن بە خاوەنی ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک، تا پارچەکان پشتیوانی لە یەکدی نەکەن. هەتا پشتیوانی کورد لە پارچەکانی دیکە و هێزێکی یەکڕیز نەیەتە کایەوە، گەلۆ بە کام یەکێتی و پشتیوانی پشت ئەستوور دەبن؟ ئایا ئەوە راست نییە کە پێویستە پێش هەموو شتێک پشتیوانی لە هێزی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد وەربگرن؟

بەهۆی ئەم راستییانەوە، پێویستی کورد بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە. هەروەها بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لەسەر قڕکردنی کورد هاتبوونە ئاراوە، هەڵوەشێن و ئێستاش کە پێگەو هاوسەنگیی نوێ دێنە کایەوە، پێویستی کورد لە هەموو کاتێک زیاتر بە یەکێتی و یەکڕیزی هەیە. تێکچوونی پێگەو هاوسەنگییەکانی پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر پارچەکردن و قڕکردنی کورد هاتووەنەتە ئاراوە، هەروەها بۆ بونیادنانی ژیانێکی دیمۆکراتیک و ئازاد بۆ گەلی کورد، دەرفەتێکی گەورە هاتووەتە ئاراوە. بە تایبەت رێکخستبوونی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و هێزە سەربازی و سیاسییەکەیان و تێکۆشانەکەیان کە لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوە دەچێت و لە ناو شەرت و مەرجی جەنگی جیهانی سێیەمدا کە هەوڵ بۆ دروستکردنی هاوسەنگی نوێ دەدرێت، دەرفەتێکی گەورەی سەرکەوتن پێشکێشی کورد دەکات.

بۆیە بەر لە هەموو شتێک پێویستە کورد یەکێتی نەتەوەیی خۆی بونیاد بنێت. لەبەر ئەوەی هێزە داگیرکەر و قڕکەرەکان و هەموو دوژمنەکانی کورد، سوود لە پارچەبوونی کورد وەردەگرین و بۆ ئەوەی نەهێڵن کورد ئەم دەرفەتانە بەکار بهێنن، لە هەوڵی ئەوەدان شەرت و مەرجی جەنگی جیهانی سێهەم بۆ قڕکردنی کورد بەکار بهێنن. ئەم بارودۆخە ئەوەندەی دەرفەتێکە بۆ گەلی کورد، بارۆدۆخێکی مەترسیداریشی هەیە.

ئێمە لە سەردەمێکی وەها داین کە دەتوانین بڵێین، 'ئەگەر کورد لە ئێستادا نەبن بە یەک، کەی دەبن بە یەک'. ئەگەر کورد لەم دۆخەدا یەکێتی نەتەوەیی خۆی بونیاد نەنێت و لە نێو تێکۆشانی ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیکدا نەبن بە هێز بۆ یەکتر، ئەوسا دەکەونە ناو غەفلەتێکی مێژوویدا. کاتێک مرۆڤ بە پێی کارەکتەری ئەم سەردەمە شیکاریی بۆ بکات، ئەوسا ئەم غەفلەتە هێزە سیاسییەکانی کورد دەخاتە ناو خیانەتێکی مێژوویدا. نییەت هەرچییەک بێت با ببێت، لە بارۆدۆخێکی وەها دا ئۆبجێکتیڤبوون ئەمەیە. 

لە ناو گەلدا بابەتی یەکێتی نەتەوەیی، کێشەی نەماوە. ئەو تێکۆشانەی بە دەیان ساڵە دەکرێت، هەستی نەتەوەیی گەلی کوردی بەهێز کردووە. هەستی گەل سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاندووە و بوونەتە یەکدەنگ. گەل لە هەر دەرفەتێکدا برەخسێت هەستە نەتەوایەتییەکانی ئاشکرا دەکات. کاتێک هێرش لە پارچەیەکی کوردستان ئەنجام دەدرێت، لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان، گەلەکەمان ناڕەزایەتی پیشان دەدات. بەڵام پارت و هێزە سیاسییەکان نەیانتوانیوە ئەم هەستە نەتەوایەتییەی ناو گەل بگوازنەوە بۆ کۆنگرە یان ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش. بانگ و پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٣ و هەوڵەکانی، بۆ بابەتی یەکڕیزیی و کۆنگرەی نەتەوەیی هەرچەندە هێزە سیاسییەکانی گەیاندە ئاستێک، بەڵام رێگریی بۆ دروست کرا و بە ئەنجام نەگەیشت. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە مامی ئێزدییەکان، مام زەکی شەنگالی کە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ئەم خەباتە ببوو، بە رێزەوە بەبیری دێنینەوە.

پێویستیی گەلی کورد بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە ئێستادا، زۆر زیاترە لە ساڵی ٢٠١٣. لە ناو گەل و شەقامی کوردیدا زەختێک دروست بووە کە دەتوانێت فشار بخانە سەر هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەی کۆنفڕانس و یەکێتی نەتەوەیی دروست بکەن. رۆڵی چلاکی هونەرمەندان و رۆشنبیران، دەتوانێت کاروباری کۆنگرە و یەکێتی نەتەوەیی، بەرفراوان بکات. رێپێوانەکەی لۆزان شتێکی زۆر ئەرێنی بوو. بۆیە ئێمە هەوڵی هەنەرمەند و رۆشنبیرانی کورد، بە رێزەوە تەماشا دەکەین.

لە باکوری کوردستان هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی کە بەم دواییە لە لایەن پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردەوە دەستیان پێ کردووە و کۆمەڵگاش پشتیوانیی لێ دەکات، شایەنی پێیا هەڵدانە. بە هەمان شێوە لە رۆژئاواش هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە زیادی کردووە. لەسەر ئەساسی وەستان لە دژی داگیرکەریی تورک، لە مژاری ئافراندنی یەکێتی نەتەوەییدا هەنگاوی ئەرێنی دەنرێن. لە باشوری کوردستانیش لەگەڵ داگیرکەرییەکانی تورک، هەڵوێستی گەل بەرامبەر بە یەکێتی نەتەوەیی و کاروخەباتی نەتەوەیی، زۆر گرنگ بوون. هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە کۆبوونەوە جیاوازەکاندا، نییەت و ئیرادەی خۆیان لەم روویەوە ئاشکرا دەکەن.

کەنەکە لە کاتێکدا کە لە کوردستان تێکۆشانی سیاسی و سەربازی بەهێز بووە و هێرشەکانی دوژمنیش زیادی کردووە، کۆنگرەی خۆی بەست و لە بارەی یەکێتی نەتەوەیی بڕیاری زۆر گرنگیدا. بووە بە هۆکاری دەربڕینی هەستی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و لەهەمان کاتدا بانگەوازێکی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کرد. کار و خەبات و هەوڵەکانی کەنەکە بووە هۆی ئەوەی مەیلی یەکێتی نەتەوەیی زیاد بکات.

بێگومان کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە کۆمەڵایەتی و دیمۆکراتەکان و هێزەکانی ژنان و گەنجان و رۆشنبیر و هەنەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان و پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی، داواکارییەکی ئاشکرایە. بەڵام پارچەکردنی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا، هەروەها بیروبۆچوون و پەیوەندییە جیاواز و سیاسییەکان، بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی و دروستکردنی یەکڕیزی، چەندین کێشە دەخوڵقێنێت. بێگومان پێویستە ئەمە وەکو رێگریی لەبەردەم پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی تەماشا نەکرێت. بەڵام جیاوازی بیروبۆچون لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنێکی گشتی چەندین کێشە دروست دەکات و لە شوێنێکیش دەیوەستێنێت. بۆیە پێویستی بە رێبازێک هەیە کە ئەم بارودۆخە چارەسەر بکات. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رۆڵی دۆزینەوەی رێبازێکی نوێ، هەمیشە گرنگە.

پێویستە یەکەمین رێباز ئەوە بێت کە لە هەر پارچەیەک یەکێتی نەتەوەیی بونیاد بنرێت. بەم شێوەیە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت هەڵوێست و بەهانەیەک بەرامبەر بە ناوخۆی پارچەکان پیشان بدات. هەمان کێشە لەو پارچەیە، هەروەها راستیی تێکۆشان لە دژی هەمان هێز، رێگا بۆ ئەوە دەکاتەوە کە یەکێتی نەتەوەیی بە ئاسانی ئەنجام بدرێت.

بە کورتی پێکهێنانی یەکڕیزی لە ناو هەر یەک لە پارچەکان، لە پێکهێنانی کۆنگرە و یەکڕیزی گشتی ئاسانترە. ئەگەر ئەمە بکرێت، رێگرییەکانی بەردەم کۆنگرەی گشتی نەتەوەیی و یەکێتی هێزە سیاسییەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستانیش، نامێنن. کاتێک چارەسەری بۆ هەر پارچەیەک دۆزرایەوە، ئەوکات کۆنگرەی گشتی نەتەوەیی دەتوانێت هەنگاوەکانی یەکێتی نێوان پارچەکان گۆتۆبێژ بکات و بە شێوەیەکی ئاسانتر ئەنجامەکان بەدەست بهێنێت.

بێگۆمان لە هەر پارچەیەک، کاتێک کارو خەبات بۆ کۆنفڕانسی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەی ئەنجامدرا، لە هەمان کاتدا بۆ کۆنگرەی گشتی نەتەوەییش کار و خەبات ئەنجام دەدرێن. کاروخەباتی یەکڕیزی و کۆنگەرەی گشتیی نەتەوەیی، بە هیچ شێوەیەک گرنگی خۆی لەدەست نادات. هەرنەبێت هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان رێکخستنە کوردییەکان، لە ناو پارت و رێکخستنەکانی هەر پارچەیەک بەردەوام دەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی کاروخەباتی یەکڕیزی و کۆنگرەی گشتی نەتەوەیی ئەنجام بدرێن و بگەیێنرێنە ئەنجام، لە پێش هەموو شتێک پێویستە کاروخەباتی یەکێتی نەتەوەیی هەر پارچەیەک بە پەلە ئەنجام بدرێن. ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەم رێبازەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی، ئەو کێشانەی لە بەردەم کۆنگرەی نەتەوەی و یەکێتی نەتەوەیی بووەنەتە رێگر، نەمێنن و لاببرێن.

ئەو بڕیارەی هونەرمەندانی کورد کە لە لۆزان دەستیان پێکرد، زۆر گرنگە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجامی بدەن. ئەوان ویژدانی کۆمەڵگەن، بۆیە کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر هێزە سیاسییەکان دروست دەکەن. ئەو هونەرمەندانەی پشتیوانییان لە گەل وەرگرت، هەم لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەم لە ئاستی گشتیدا رۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەی.

کۆبوونەوەکەی باکور هێزێکی گەورە دەدات بەم کارە. بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی لە باکور کە گەورەترین پارچەیە، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پێکهێنانی یەکڕیزی گشتی لە سەر ئاستی هەموو پارچەکان دروست دەکات. لە راستیدا یەکڕیزی لە ناو کۆمەڵگادا دروست بووە. ئەو کارەی لە باکور ئەنجامدرا، ئاشکرای کرد کە یەکڕیزی ناو کۆمەڵگا و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەت گرنگە. بەهەمان شێوە ئەمەش بە گرنگ دەبینین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.

کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی بە دەیان ساڵە ئاواتی گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانە. بەڵام ئەم داوایە جاری یەکەمە لەم ئاستەدا بووەتە داوایەکی کۆمەڵگا و هێزە سیاسیەکانی خستووەتە ناو خۆی و کردوویەتی بە رۆژەڤی ئەساسیی گەلی کورد. ئەنجامدانی داوایەکی بەم شێوەیە کە بووەتە رۆژەڤ، شتێکی سەخت نابێت. ئەم جەخت و داواکارییەی گەل، هەموو رێگرییەکان وەلا دەنێت.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

ز.ش