"بۆ تێکشکانی دووژمن بە بایکۆت ئابورییەکەی لاواز دەکەین"

توێژە جیاوازەکانی گەرمیان بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بە ئەرکێکی نیشتیمانی دەزانن، هەروەها لایان گرنگە، جگە لە شتومەک بایکۆتی درامای تورکیش بکرێت، دەشڵێن: بایکۆتکردن زەرەردانە لە ئابوری ئەو وڵاتە و فشار لە سەر تورکیا دروست دەکات.

لەداوای هێرش و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە باشوری کوردستان هەڵمەتێکی فراوانی بایکۆتی کاڵای تورکی دەستیپێکرد و بەردەوامیی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا توێژە جیاوازەکانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز قسەیانکرد .

سانیا کەریم'ی ڕۆژنامەنوس وەک خۆی وتی، لە دژی ئەو هێرش و داگیرکاریانەی کە دەوڵەتی تورک ڕۆژانە دەیکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان و چەندین قوربانی و کۆمەڵکوژی لێدەکەوێتەوە، "بڕیارمانداوە بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین".

سانیا دەڵێت: بایکۆتکردن تەنها لە کاڵا و شتومەکدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پێویستە لەسەر ئێمە بایکۆتی فکر و ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی تورک بکەین، کە لە ڕێگەیی فیلم و دراماکانیانەوە کاریگەریان کردووەتە سەر گەلەکەمان.

ڕێناس ساڵەح چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، بایکۆتی بە ئەرکێکی نیشتیمانیی زانیی و وتیشی: ئەوەی دەبینرێت هێشتا تورکیا بەردەوەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردوستان،  بێگومان ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە کاڵای تورکی هاوردەی هەرێم دەکەن، داهاتەکەیان بۆ وڵاتی تورکیایە و سەرئەنجام تورکیا لەڕێی ئەو داهاتەوە چەک و تەقەمەنی دەکڕێت و لە دژی کورد بەکاری دەهێنێت، بۆیە ئێمە بەردەوامیی بە بایکۆت دەدەین.

هەروەها کاروان ئەحمەد مامۆستا و چالاکوان، وتی: لە هەر ڕوویەکەوە کاریگەری لەسەر دوژمن دروست بکرێت سودی گەلی کوردی تێدایە، بایکۆتکردنی کاڵای تورکی زەرەردانە لە ئابوری ئەو وڵاتە و فشار لە سەر تورکیا دروست دەکات، بۆ ئەوەی دوژمن تێکبشکێنین دەبێت ئابورییەکەی لاواز بکەین.

کاروان وتیشی: ئێمە خۆشبەختین کە بایکۆت نەک تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ دەرەوەی هەرێم و ئەو وڵاتانەشی گروتووەتەوە کە هاوسۆزن لەگەڵ کورددا، هەروەها بەدیل زۆرە لەبازاڕدا، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانمان بە کاڵای باشتر و هەرزانتر پڕ بکەینەوە.

ف.ق