ئایهان بیلگەن سەرۆکی فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا لەبارەى گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد شیکاریى ئەنجامدا و تى "گۆشەگیرکردن قبوڵنەکردنی بوون و ئیرادەى کوردانە".
بیلگەن رایگەیاند "ئیتر ئەو گۆشەگیرییە کاریگەریى لەسەر هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستکردووە. گۆشەگیرییەکەى ئیمراڵی هێرشێکە لە دژی دەستکەوتەکانى کوردان، هێرشە لە دژی هۆشمەندی و عەقڵییەتى دیموکراسی لە تورکیا. بابەتى گۆشەگیری بووەتە بەشێک لە سیاسەتی گشتیى تورکیا. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، گۆشەگیری بووەتە بناغەى سەرەکیى رۆژەڤی تورکیا".
ئایهان بیلگەن ئاماژە بە پێشێلکردنى مافەکان لە ئیمراڵی کرد و رایگەیاند، ئەو پێشێکارییە لەلایەن گەلانەوە قبوڵ ناکرێت.
بیلگەن رەخنەى لە هەڵوێستى دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا (DMME) و رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT) لەبارەى گۆشەگیرییەوە کرد و وتى "سی پی تی هەر وەک ئەوەى هیچ کێشەیەک لە گۆڕێ نەبێت، لە سەر داوایەکى تایبەت پەیامێکى بڵاوکردەوە و هەوڵیدا بە پەیامەکەى رەوایى بە سیستمى ئیمراڵی بدات. ئەوە مانادار و سەرنجڕاکێشە. بێگومان لە رووی پەیوەندییەکانى نێوان ئەوروپا و تورکیاوە بابەتێکى سەرنجڕاکێشە و شایانی لێکۆڵینەوەیە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ناچارە لە بڕیارە سیمبولیکەکاندا بەشێوەیەکى جدی و بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە. یانی ئەو سکاڵایەى کە ٨ ساڵ لەوە پێش لەو دادگایەدا تۆمار کرا زۆر دواخرا و لە ئەنجامدا بارودۆخەکەى لەبەرچاو نەگرت و بڕیارێکى دەرکرد، کە دوورە لە بەرپرسیارێتییەکانى کاری ئەو دادگایەوە. ئەوە لەگەڵ پێوەرەکانى ئەنجوومەنى ئەوروپا و بەها هاوبەشەکانى مرۆڤایەتی لە ئەوروپادا یەک ناگرێتەوە. تورکیا ئەو بڕیارە بۆ خۆی دەکاتە پاساو و بە بەرچاوی جیهانەوە بەردەوام دەبێت لە کردەوەکانى و پێشێلکارییەکانى. ئەوە شتێک نییە کە قابیلی قبوڵکردن بێت".
"سی پی تی هاوبەشی تاواوانەکانى تورکیایە"
ئایهان بیلگەن ئەوەشى وت "رۆڵ و ئەرکی سی پی تی ئاشکرا و روونە. بێگومان لەمپەری لەبەردەمدایە. یانی شێواز و میکانیزمێک کە سیستم و کاری سی پی تى ئاستەنگ دەکات بوونی هەیە، بەڵام دەبێت ورد و هەستیار بن، سی پی تی مافی ئەوەى نییە وا بجوڵێتەوە، کە گوایە هیچ کێشەیەک لە گۆڕێ نییە".
بیلگەن سەرنجی خستە سەر ئەشکەنجە لە زیندانەکانى تورکیادا و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "لە تورکیا ماف و یاسا ناوخۆییەکان هەر وەک نەبوو حسابیان بۆ دەکرێت و دەوڵەت کاریان پێناکات. هەموو کاتێک بە پاساوی زۆر شتی بچووک مافی بنەڕەتیى زیندانییەکان لە زیندانەکاندا پێشێل دەکرێن. سی پی تی-یش بووە بە هاوبەش لە تاوانەکانى ئەم چەند ساڵەى دوایی لە تورکیا. بێگومان شێواز و میکانیزم، شێوەى رێکخستن و ئیرادەى سیاسی کە پەیوەستە بە سی پی تی-یەوە هاوبەشە لەو تاوانانەدا".
"گۆشەگیری سیاسەتى تورکیا بە بنبەست گەیاندووە و چارەسەریش لە ئیمراڵییە"
بیلگەن راشیگەیاند، سیاسەت لە تورکیا بەهۆی گۆشەگیرییەوە گەیشتووەتە بنبەست و بە لابردنى گۆشەگیری دەکرێت لە دۆخی بنبەست بوون رزگاری ببێت.
ئایهان بیلگەن ئەوەشی بیرخستەوە، کە کێشەى سەرەکی و بنەڕەتیى تورکیا کێشەى کوردە و وتیشی "پەکخستن و راگرتنى ئەو پرۆسەیە کە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بەڕێوەدەبرا، رێگاى بە رووی قەیرانەکاندا کردووە".
بیلگەن ئاماژەى بە هەڕەشەکانى دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورد و رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا کرد و وتیشی "رێگریکردن و تێکدانی مافی کورد لە داهاتووی سوریادا بە هیچ شێوەیەک بۆ داهاتوی کۆمەڵگەى تورکیا سوودی نابێت. بەپێچەوانەوە رێگا لەبەر مەترسی و قەیرانی نوێ دەکاتەوە. بۆیە پێویستە ئەو پرۆسەیە بەبێ زیان بشکێتەوە. ئەوەش بە بەشداربوونی بەڕێز ئۆجالان بەدی دێت".
ر.م