بە پێی ئامارەکانی دەوڵەتی تورک، ٤٠ کەس بە هۆی بومەڵەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە

بە پێی ئامارێکی دەولەتی تورک لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی خارپێت ٤٠ کەس گیانیان لە دەستداوە. هاوکات کەمپینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە بەردەوامە. حکومەتیش لە دژی ئەو کەسانەی زانیاریان بڵاو کردووەتەوە دەستی بە لێپرسینەوە کرد.

ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی بومەلەرزەکەی شەوی ٢٤ی ئەم مانگەی شاری خارپێت کە بە گوڕی ٦.٨ پلەی ریختەر بوو، گەیشتە ٤٠ کەس. هەروەها ١٦٠٧ کەسیش بریندار بوون. لە گەڕەکی مستەفا پاشا، هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنی بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە بەردەوامە. هاوکات لە ژێر داروپەردووی شوقەی دیلەک لە گەڕەکی سورسوروش گەڕان و رزگارکردنی بەرکەوتووان بەردەوامە.

فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی رایگەیاند، ١٦٠٧ کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و ٨٦ کەس لەو ژمارەیە تا ئێستا لە نەخۆشخانەکانن چارەسەرییان بۆ دەکرێت و وتی:"١٨هاوڵاتی لە بەشی چاودێریی ورد چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت."

دوای روودانی بومەلەرزەکە ٧٢ باڵەخانە رووخاون و زیان بەر ٥١٤ باڵەخانە کەوتووە. هەروەها لە ئاستێکی کەم و مامناوەند دا، زیان بە ٤٠٩ باڵەخانەی دیکە کەوتووە.

وەزیرە تورکەکان رایدەگەیێنن، هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوە داروپەردووی دوای بومەلەرزەکە و کەشفی شوێنەکان دەستی پێکردووە و بە بڕی ٤١ هەزار لیرەی تورکیش هاوکاری ئەو باڵەخانانە دەکرێت کە زیانی مادیان بەر کەوتووە.

دەستەی رێخەری شاری ئامەد کە لەو ناوچانەی بومەلەرزەی تێدا روویداوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و راپۆرتەکەی ئاشکرا کرد. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت، "یەکلایی بووەتەوە کە ئەو باڵەخانانەی رووخاون، هۆکارەکەی پشتگوێخستنی کاری موهەندیسی ئەو باڵەخانانەیە."

لە ئامەد هاوکاری کۆکرایەوە

بە دەستپێشخەری یەکێتی ژوور و بورساکانی تورکیا، ژووی بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد و بورسای بازرگانی ئامەد، ٢ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پڕ لە هاوکاری و یارمەتی نێردراوە بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە لە خارپێت و مەلەتی.

هونەرمەندانی مێرسین کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییان راگەیاند

هونەرمەندانی شاری مێرسین بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە کەمپینێکیان رایگەیاند و بڕیاریان داوە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شەقام و کۆڵانە قەرەبالغەکان هونەرەکەیان پێشکێش بکەن و داهاتەکەشی بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە بنێرن.

لێپرسینەوە لەگەڵ ٥٠ کەسدا کرا

داواکاری گشتی ئەنکەرە دوای رووداوی بومەلەرزەکە لە دژی ٥٠ کەس بڕیاری لێپرسینەوەیدا، ئەویش بە هۆی بڵاوکردنەوە دیمەن و زانیاری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بە بیانووی ئەوەی "خەڵکیان خستووەتە ناو دڵەڕاوکێ و ترسەوە" و گوایا "گەلی تورکیا، دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دامودەزگاکانی دەوڵەتیان بچووک کردووەتەوە" لە دژی ئەو کەسانە بڕیاری لێپرسینەوەی دا.

ز.ش