بەسێ هۆزات: بزووتنەوەى ژنانی کورد پێشەنگە

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، بزووتنەوەى ژنانی کورد پێشەنگایەتیی ئایدۆلۆژی، فەلسەفی و رێکخستنیی بزووتنەوەى ژنانی جیهان دەکات.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وتی، ژنانی کورد بە ئایدۆلۆژیایی رزگاریی ژنان، بە حیزبکردنی ژنان، سیستمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیکى ژنان، بە سوپاکردنی ژنان، بە تیۆریی دابڕان، ژنۆلۆژی، ژیانی یەکسان و ئازاد، بە پارادیگمای سیستمی خۆیان و ستراتیژیی تێکۆشان پێشەنگایەتیی ئایدۆلۆژی، فەلسەفی و رێکخستنی بۆ بزووتنەوەى ژنانی جیهان دەکەن.

وتیشی "بزووتنەوەى ژنانی کورد بە ئەندازەیەک سوودی لە ئەزمون و هۆشیاریی بزووتنەوەى ژنانی تورکیا و جیهان وەرگرتووە، بەڵام لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاست و تایبەتمەندییەکى لەو شێوەیە، کە ئیدی ئەوان تێر دەکات و بۆیان بووەتە کان و سەرچاوەی ئیلهام".

هۆزات باسی ئەوەیکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرەنجامی سیستمی کاپیتالیست – ئیمپریالیست و مۆدێڕنیتەى کاپیتالیزمە و سیستمی کاپیتالیزم هەر خۆی بۆ خۆی ڤایرۆسە و وتەیەکى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی بە یاد هێنایەوە و وتی "رێبەرایەتیمان ئەوەى وەک سیستمی شێرپەنجە پێناسە کردووە".

هۆزات سەرنجی خستەسەر زۆربوونی توندوتیژی لە دژی ژنان لە کاتی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و وتی "لە قۆناغی کۆرۆنادا توندوتیژیی دژ بە ژنانی زیادیکردووە و ئەوەش پەیوەندیی بە قەیران و ئاریشەى قورسی سیستمی دەوڵەتی دەسەڵاتخوازی کاپیتالیزمەوە هەیە. دۆخی ئەو قەیرانە، کە تووشی سیستمی باڵادەست و پیاو بووە، هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ توندوتیژی و کۆمەڵکوژیی سەر ژنان، کۆمەڵگە و سروشت و ئەوەشیان بە رادەیەک زیادکردووە، کە ئەو قەیرانەى ئێستای لێکەوتووەتەوە. بەڕێوەبەرانی سیستمی باڵادەست و پیاوی رەئیس بە زۆرکردنی توندوتیژیی سەر ژنان و کۆمەڵگە بەردەوامیدان بەوشێوازەیان وایکردووە، کە ئەو قەیرانەیان شیاو بێت".

هۆزات لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "پیاو دەیەوێت ژن و دەوڵەتیش دەیەوێت کۆمەڵگەى بە توندوتیژانە بخە سەر شێوازی ژیانەکەى خۆیان و بەوشێوەیە رایانبهێنن و قەڵغانی باڵادەستیی خۆیان گەورەتر بکەن. ئەوە دەرەنجامێکى سروشتییە کە پەیوەندیی بە باڵادەستی – کۆیلەدارییەوە هەیە. رێگای کۆتایهێنان بە توندوتیژیی دەوڵەت و پیاو، بونیاتنانی ژیانێکى ئازاد، یەکسان و دیموکراتیکە".

بەسێ هۆزات لەبارەى زۆروبوونی توندوتیژی و گوشار و زۆرداریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ژنانی کورد و بزووتنەوەى ژنانی کورد وتی "دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت قۆناغی پەتای جیهانی بقۆزنەوە بۆ قۆناغی رەگداوکوتان و سیستماتیکردنی زیاتری رژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکەیان. بە ئاشکراش باسی ئەوە دەکەن و قسەشی لەسەر دەکەن. هێرشی سەر ژنان و بە تایبەتی هێرشی سەر بزووتنەوەى ژنانی کورد پەیوەندیی بە وسیستمەوە هەیە، کە دەیانەوێت دایبمەزرێنن. تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی، بۆ سیستم و ئەو ژیانەى کە دەیانەوێت دایبمەزرێنن لە ئاستێکى بەرزدا بە لەمپەر و هەڕەشەى دەزانن بۆ سەر خۆیان. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەش زۆر زۆر لە گەشبونی تێکۆشانی ژنان دەترسێت. تێکۆشانی ژنان کاریگەریی زۆری لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە و دەیگۆڕێت و لەگەڵ کۆمەڵگە یادەوەری و هەستیاریی ئازادی و دیموکراسی دروست دەکەن. بە تێکۆشانی ژنان هۆشمەندیی خۆپاراستنی کۆمەڵگە گەش دەبێت و دەیانەوێت حەق و داد و ئازادی گەش بکەن".

هۆزات باسی ئەوەشیکرد "بزووتنەوەی ژنانی کورد لە کوردستان و تورکیا داینەمۆی رووناککردنەوەى کۆمەڵگەی کوردستان و تورکیان و هێڵی سەرەکیی سیاسەتی دیموکراتیک پێکدەهێنن. جاری یەکەمە لە تورکیا دیموکراسی، کە ئازادیی ژنی کردووە بە چەق و ناوەندی خۆی و هەڵگری هۆشمەندیی یەکسانی لە کولتوری ئازادیپارێزدایە، شکستی ئەو سیاسەتەى بە دوای خۆیدا هێناوە. بەوەش گورزێکى گەورە و قورس لە مۆدێلی ژن و کۆمەڵگەى کۆیلە – سەربەرەوژێر دراوە، کە دیکتاتۆریی ئاکەپە – مەهەپە دەیانەوێت ئەو سیستمە دروست بکەن. یانی بزووتنەوەى ژنانی کورد کۆد و رەمزی بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکى ئازادیپارێزن. کۆمەڵگەیەک کە دەخوازرا لەسەر دوو لایەنەبوونی پیاوی باڵادەست و ژنی کۆیلە بونیات بنرێت هەڵوەشێنرایەوە و شکستیهێنا". 

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر بزووتنەوەى ژنانی کورد ئەوەشی وت "سەدان و هەزاران ژنی کوردی سیاسەتمەدار و چالاکوان لە زیندانەکاندان. وەزیری ناخۆی تورک و دەروونەخۆش کە دوژمنی ژنانە، هەوڵ و تێکۆشانی ژنانی کورد لە دژی رژێمی فاشیزم، کە لەلایەن ژنانی کوردەوە بەڕێوەدەچێت بە هەڕەشە و مەترسی دەزانێت و دەیانکاتە ئامانج، بۆیە پشتیوانی لە کوشتنی ژنان و زیندانیکردنیان و هەموو جۆرەکانى توندوتیژی لە دژی ژنان دەکات و رەوایی بەو تاوانانە دەدات. دەیەوێت بەو هەڕەشانە و بە هێرشی سیاسەتمەدارە لومپەنەکانى دەسەڵاتە فاشیستەکەى، کە گوایە پێیانوایە دەتوانن ژنانی کورد چاوترسێن بکەن، ئەوەش تاکە رێگایانە بۆ ئەوەى بتوانن بەو شێوەیە نیشانی بدەن، کە ئەوەی رێگای رزگاربوونیانە. رزگاربوون بەو زمانە پڕ لە توندوتیژی و هەڕەشە و چاوسورکردنەوەیەى ئەو لومپانانە، تایبەتمەندیی خۆیان و عەقڵیەتەکەیان دەخاتەڕوو".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی هێرشی سەر ژنانی کورد وتی،"لەدژی هێرشەکان پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕێکخستنی و گشتی ژنان هەیە. هێرشی سەر بزوتنەوەی ژنانی کورد، هێرشێکە لەدژی هەموو بزوتنەوە و بەهاکانی ژنان. پێویستە بزوتنەوەکانی ژنان لە تورکیا و جیهان باش تێبگەین. ژنانی کورد بە ئایدۆلۆژیایی رزگاریی ژنان، بە حیزبکردنی ژنان، سیستمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیکى ژنان، بە سوپاکردنی ژنان، بە تیۆریی دابڕان، ژنۆلۆژی، ژیانی یەکسان و ئازاد، بە پارادیگمای سیستمی خۆیان و ستراتیژیی تێکۆشان پێشەنگایەتیی ئایدۆلۆژی، فەلسەفی و رێکخستنی بۆ بزووتنەوەى ژنانی جیهان دەکەن. بزوتنەوەی ژنانی کورد بە ئەندازەی ئەوەی کە لە بزوتنەوەکانی ژنانی تورکیا و جیهان ئەزموون وەردەگرێت، بەڵام لەم کاتەدا بە ئاست و تایبەتمەندیەکانی کە تێریان دەکات، دەبێتە ئیلهامێک بۆ هەموو ژنان."

هۆزات ڕاشیگەیاند، خاوەنداریکردن لە بزوتنەوەی ژنانی کورد لە لایەن بزوتنەوەی ژنانی تورکیا و جیهان، لە هەمانکاتدا خاوەنداریکردنە لە خۆیان و لە بەها بەرزەکانی خۆیان. لەدژی سیستمی سەروەری پیاوی فاشیست، ژنان پێکەوە بە بەهێزی تێبکۆشن. سەرچاوەی هێزی ژن لە ڕێکخستنبوون و تێکۆشانی هاوبەشیاندایە.

هۆزات دەشڵێت، تێکۆشانی ژنان ڕەگەکانی بەناو قۆڵی زەویدا ڕووکردووە و یادی تێکۆشانی سارا، بێریتان، زیلان، سەما، بێریڤان، دەلال، چیچەک، شیلام، ئەکین، شەڤین، تێکۆشین، شیرین عەلەمهولی، هەڤرین و بە هەزاران ژنی تر کە لە تێکۆشانی ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە، کردەوە و وتی،"ژنانی کورد بڕوایان بە هێزی خۆیان هەیە و بە متمانەیەکی گەورەوە بەردەوامی بە تێکۆشان دەدەن. لە سەرەتاوە بڕیاری خۆیان پیشانداوە. ئاشکرایان کردووە کە هێرشەکان تێکیان ناشکێنێت، بە پێچەوانەوە بەهێزیان دەکات و لەو چوارچێوەیەدا هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە. ئەم هەڵوێستە ئابرۆمەندانەیەی ژنان بە مسۆگەری سەردەکەوێت."

لەبارەی هێرشی بەرانبەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی شارەوانیەکانی هەدەپە هۆزات وتی،"سیستمی هاوسەرۆکایەتی لەدژی سیستمی کۆمەڵایەتی کە دیکتاتۆری فاشیست دەیەوێت جێگیری بکات، مۆدێلی پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی جێگرەوەی ئازاد و دیموکراتە. ئەم دەسەڵاتە بێگۆمان هێرش دەکاتە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی، دۆخێک نییە کە مرۆڤ سەری سووڕ بمێنێت."

لەبارەی بڵاوبوونەوەی بەرخۆدانی ژنان لە هەموو جیهان، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتی،"پێشبینی ڕێبەرتیمان کە ڕایگەیاندبوو، سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ژنان، دەبێتە ڕاستی. لە ڕاستیدا تێکۆشانی ژنان لە هەموو جیهاندا گەش بووە. ڕۆژ بە ڕۆژ بزوتنەوەی ژنان بەهێز دەبن. فشار لەسەر سیستمی سەروەری پیاو و لە مۆدێرنیتە دەکات و وایان لیدەکات کە هەنگاو بەرەوە دواوە بنێن. ڕێبەرتیمان ژنانی وەک، ئەو مرۆڤەی کە لەسەراتدا ڕەنجی خوراوە و وەک چین و نەتەوەی سەرەتا پێناسەی کردووە. لە ئێستادا ئەم ژنە کە ڕەگەزی سەرەتایی و چین و نەتەوەی سەرەتایین، وەک نەتەوەی ژنانی جیهان، لە بەرانبەر سیستمی پیاو وەستاوەتەوە."

هۆزات وتی، ئەگەر ژنان زیاتر ببنە خاوەن هێڵی تێکۆشان، دەتوانێت کۆتایی بە سیستمی کاپیتالیستی پیاوسەروەر بهێنێت و ئەوەی خستەڕوو،"بە ڕاستی ژنان دەتوانن لەسەر بناغەی هێڵی ناوەندبوونی ژن، سەرلەنوێ جیهان بە ئازادی بنیات بنێننەوە. دەتوانن ژیانی یەکسان، هاوژیانی ئازاد بکەنە ڕاستی."

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی،"ڕێبەرمان دەیوت، تا تێکشکاندنێک لە عەقڵیەتی پیاوی سەروەردا لە لایەن ژنەوە و لە دژایەتیکردنی پیاوی سەروەردا دروست نەبێت، ژیانێکی ئازاد دروست نابێت. ئەمە ڕاستیەکەیە. خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات پەیوەندی بەم گەشەدانانەوە هەیە. لە کۆتاییدا سیستمی سەروەر خۆی لەسەر ژنی کۆیلە و کۆمەڵگای کۆیلە بەهێز دەکات. ئەگەر ئێمە بتوانین بە ژنی ئازاد، ئازادی کۆمەڵگا مسۆگەر بکەین، سیستمی پیاوسالار ناتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە. بۆیە پێویستە ژنان لە هەموو ڕووەکانی ژیاندا خۆیان ڕێکبخەنەوە."

ف.ق / ژ.ت