بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بە واتای قبوڵکردنی داگیرکردنی پەرلەمانە لە لایەن سوپاوە

ئامەد شاهۆ ڕایگەیاند، ئازادی و یەکسانی بۆ گەل گرنگە. پەرلەمانی ئێران ماڵی گەل نییە. ماڵی هێز و بۆ هێزە. لەم قۆناغەدا هەر کەسێک بچێتە پەرلەمان، بەرلە هەموو شتێک خزمەتی دەسەڵات دەکات.

ئامەد شاهۆ ئەندامی ئەنجومەنی حزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرنامەی هێڵی سێیەمی ئاریەن تی ڤی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ئێران و هەوڵەکانی ڕژێم بۆ بەشداریپێکردنی خەڵکی و زیانەکانی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن پژاکەوە کرد.

ئامەد شاهۆ سەرەتا باسی خولەکانی پێشووی پەرلەمان لە چڵ ساڵی ڕابردوودا کرد و وتی، "خۆی هەڵبژاردن ڕێگایەکی دیموکراسییە لە وڵاتان. بەڵام لە مێژووی ڕژێمی داگیرکەری ئێراندا، پێچەوانەیە. هۆکارەکەشی عەقلیەت و دواکەوتووی ڕژێمی ولایەتی فەقێیە. ٣٦ نمایش کە بە ناوی هەڵبژاردن لە ئێران ئەنجامدراون بە تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی گەل و بەهێزکردنی هەژموونی ڕژێم بووە.

ئامەد شاهۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕاشیگەیاند، واتە هەموو هەڵبژاردنەکان، لە نمایشێکی سەر جادە زیاتر شتێکی تر نەبووە. نەیتوانیوە ڕێگا چارەیەک بۆ گەلان و دیموکراسی لەگەڵ خۆی بهێنێت. لە بناغەدا بۆ بەهێزکردنی ڕژێمی داگیرکەر بووە. بۆ کۆنتڕۆلکردنی کۆمەڵگا و هەژموونی یەک عەقڵیەتی دەسەلاتخواز بووە و بەو هۆیەوە پرسیار لەسەر ڕەوایەتی هەڵبژاردن لە ئێران هەیە. هەندێک پرسیار هەیە کە بە وردی پێویستە وڵامیان بدرێتەوە. بۆچی لە هەڵبژاردنەکاندا دیموکراسی و مافی ژنان و گەنجان و گەلان نادرێت؟ بۆچی بەشداریکردنێکی دیموکراسی ئەنجامنادرێت؟

شاهۆ لە وڵامی پرسیاری بۆچی هەڵبژاردن لە ئێران لە جێگای چارەسەری کێشەکان، کیشەکان قوڵتر دەکاتەوە؟ وتی، "عەقڵیەتی یەکدەستی ڕژێم واتە یەک دەوڵەت، یەك ئاڵا، یەک گەل و دۆخەکەی گەیاندووتە ئەم قۆناغە. چەند لایەنە نیشاندانی دەسەڵاتداران، بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتیە بۆ ئەوەی خۆیان جیاواز پیشان بدەن، بەڵام لە جەوهەردا هەموویان لە یەک جەمسەردان. دۆخی خرابی ڕژێم بە هۆی فشاری گەلان لە ناوخۆ و سزاکانی دەرەوە و قەیڕانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دروست کردووە. ئەمڕۆ دەبینین دۆخی ئێران تێکچووە و دەسەڵاتی ئێرانیش لە قەیڕاندایە.

هەروەها وتی، "ڕژێمی داگیرکەری ئێران لەم هەڵبژاردنەدا خۆی بوو شەڕێکی درێژ و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن ئامادە دەکات. دروشمەکانی هەنگاوی دووەمی شۆرش، بێلایەن بوون و یەکگرتنی نیشتیمانی لەم هەڵبژاردنە نیشانەی ئەوەیە. بینیمان لە هەنگاوی یەکەمی شۆڕشدا ڕژێم دەستکەوتەکانی گەلانی دزی و دەستی بە کوشتنی ئۆپۆزسیۆن کرد. ئەمڕۆ دەبینین هەندێک لە دەسەڵاتپارێزەکانیش لە بەرپرسیاری دوور دەخەنەوە.

ئامەد شاهۆ ئاشکرای کرد، ژمارەیەکی زۆری کاندید بۆ ژمارەیەکی کەم لە کورسیەکانی پەرلەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکەوت نییە. ئامانجی ڕژێم ئەوەیە وەک هەڵبژاردنێکی بە جۆش و خڕوش پیشانی بدەن. بۆ نمونە لە پارێزگای لۆڕستان بۆ ٩ کورسی پەرلەمانی ٢١٨ کەس، لە سنە بۆ ٥ کورسی ١٢٦ کەس، لە ورمێ بۆ ١٢ کورسی ١٩٧ کەس، لە ئیلام بۆ ٣ کورسی ٦١ کەس و لە کرمانشان بۆ ٨ کورسی ١٥١ کەس بە حساب کێبڕکێ دەکەن. ڕژێم دەزانێت لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕێژەی بەشداریکردن زۆر کەم دەبێت، بۆیە دەستی بەم سیاسەتە کردووە. بەڵام سەرناکەوێت. بۆچی؟ لە بەرئەوەی گەل لە کردەوەکانی ڕژێم بیزارە و ڕەوایەتی ڕژێم لە ناو کۆمەڵگای کوردستان نەماوە. هەموو ڕۆژێک کۆڵبەران دەبنە ئامانجی هێزەکانی داگیرکەری ڕژێم. کەسانی وەک فەرهاد و ئازاد لە سەرمادا ڕەق دەبنەوە. لە ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵ دێرسم تۆڵهەڵدان رژێم هێرشی کردە سەر خانەوادەکەی بۆ ئەوەی لە ماڵەوە پرسەی بۆ دانەنێن و وێنەی شەهیدیان دڕاند. ئەوانەی کە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد دەستگیرکران و چارەنووسی هەندێکیان نادیارە و تەرمی هەندێکیان لە ڕووبار و بەنداوەکاندا دەدۆزرێتەوە.

شاهۆ وتی،"بۆ گەل ئازادی و یەکسانی گرنگە. لە ڕاستیدا پەرلەمان لە ئێران وەک کوشتارگەیە. واتە سندوقی هەڵبژاردن وەک قەسابخانە وایە. قەسابخانەی، فڕۆشتنی ئیرادە، ناسنامە، زمان و باوەڕیەکانە بە دەوڵەت. ڕژێم فشار لە خەڵکی دەکات کە بچنە سەر سندوقەکان و سوود وەردەگرێت.

ئامەد شاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، خامنەیی لە نویژی ڕۆژی هەینی لە تاران وتی، "ئەگەر خەڵک لەمن ناڕازین کێشە نییە، بەڵام لەبەر خاتری ئێرانی عەزیز، ئاسایشی وڵات و ئابڕۆی وڵات، هاوڵاتیان ناچار بکەن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن." باشە کێ ئاسایشی وڵاتی خستووەتە مەترسیەوە؟ ئەم حکومەتەیە کە خەو و خواردنی لە خەڵک حەرام کردووە. سوپای پاسداران پەرلەمانی بە تەواوی داگیرکردووە.

ئامەد شاهۆ ئەندامی ئەنجومەنی پژاک هەروەها باسی ئەوەشی کرد، گەل لەم هەڵبژاردنەدا هێڵی سێیەمی هەڵبژاردووە. بێلایەن دەبێت و ناچێتە سەر سندوقی دەنگدان. بێلایەنی هەمان بایکۆتە. نە لەگەڵ ڕۆژئاوایە و نە لەگەڵ ڕژێمە و ناچێتە سەر سندوقی دەنگدان. ئەم جارە خەڵک بەلێ بۆ ڕژێم ناکات کە بەهێز ببێتەوە. گەل ئەم بریارەی وەرگرتووە. با ئەو کاتە ڕژێم باسی ئابڕۆی وڵات بکات. خەڵک برسی و تینوویە، مرۆڤەکان دەکوژن. ئایا ئەمە ئابڕۆچوون نییە، بەڵام ئەگەر گەل نەهاتە سەر سندەقەکانی دەنگدان، چ ئابڕۆچوونێکە؟

شاهۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی، بۆچی ڕژێم ئەم شتانە دەڵێت؟ ڕژێم وەک میزڵدانێکە، ئەگەر گەل نەچێتە سەر سندوق، وەک ئەوەیە دەرزیەک بکەی بە میزڵدانەکەدا. هەڵبژاردن ڕۆژی دادگاییکردنی دەسەڵاتە و نەڕویشتنی گەل بۆ سەر سندوقەکان گەورەترین سزایە بۆ ڕژێم. سەیری کەن ڕۆژانە کەسانی سیاسی لەسێدارەدەرێن و ئەو کەسانەی بەدوای تیکەیەک نانی حەڵالدا دەگەڕێن دەکوژن. ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە، بە ئەنقەست یان بە نەزانی، بوونەتە قوڕبانی ئەم دەسەڵاتە. لەبەرئەوە هێشتا کات ماوە و دەتوانن پاشەکشێ بکەن و بەشداری نەکەن.

ئامەد شاهۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە ڕاگەیەنراوێکمان بڵاوکردەوە و ئاشکرامان کرد، ئەو ڕژێمەی دەیەوێت بێتە سەر کار، هاوشێوەی ڕژێمی پێشوویە. لەبەرئەوە بچنە سەر سندوق و نەچن، هیچ جیاوازیەکی نییە. لەبەرئەوەی ئەوان کەسانێکن کە هێزیان بەدەستەوە و دەتوانن هەموو کارێک بکەن. ئێمە وابەستەی شۆڕشی ئازادین لە ناو جۆگرافیای ئێراندا، نابێت دەنگ بدەین و بچینە ناوەندەکانی دەنگدان.

ف.ق