بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پارێزگاری کەرکوک دەوامی فەرمانگەکانی ڕاگرت

بە بڕیاری پارێزگاری کەرکوک دەوامی فەرمانگە و خویندنگاکان بە فەرمی بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیرا.

پاش ئەوەی ئەمرۆ لەلایەن بەرێوبەرایەتی تەندروستی کەرکوکەوە هەواڵی توشبوونی خێزانێکی چوار کەسی ڕاگەیاند کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، پاش کۆبوونەوەی پارێزگاری کەرکوک لەگەل فەرماندە سەربازیەکانی شارەکە و بەرپرسانی بەرێوبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەپەلەیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی پارێزگای کەرکوک بڕیاردرا کە فەرمانگە حکومیەکانی شاری کەرکوک جگە لە تەندروستی و خزمەتگوزاری هەموو دابخرێن تا کاتێکی نادیار و هەموو زانکۆ و قوتابخانەکان تا ١٥ رۆژی دیکە دادەخرێن، هاوکات نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەیوان لە دەرەوەی کەرکوک تا نەخۆشیەکە زیاتر بڵاونەبێتەوە.

هەروەها پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، بۆ زیاتر ریگری کردن لە نەخۆشیەکە تیمە پزیشكیەکان لەگەڵ ئەفسەرانی بازگەكانی کەرکوک بە بەردەوامی پشکنین بۆ ئەوانە دەکەن کە دێنە ناو پارێزگای کەرکوکەوە.

لەلای خۆیەوە دکتۆر کەریم وەلی بەرێوبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاند: ''لە ئیستادا هیچ چارەسەرێک نیە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام ئەو کەسانەی کە تووشبوونە جیادەکرێنەوە و دادەبرێن لەگەل نەخۆشی دیکە هەروەها پەیوەندیمان بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە تا هاوکاریمان بکەن لە دابین کردنی کەرەستەی خۆپاراستن و چاودێریی دەرمانخانەکان دەکەین تا نەتوانن نرخی پێداویستی خۆپاراستن و دەرمان بەرز بکەنەوە."

هەروەها دکتۆر کەریم وەلی دەربارەی ئەو خیزانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون ڕایگەیاند: "ئەو خێزانە لەکاتی سەردانی کردنی شاری قوم لە ئێران توشی ئەو نەخۆشیە بوون، لەکاتی هاتنەوەیان دوو کەسی ئەو خێزانە سەردانی نەخۆشخانەی کەرکوکیان کردووە پاش پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە کە نەخۆشێکیان تووشبووە، پاشان بەهاوکاری هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک ئەندامانی دیکەی خێزانەکە کە ژمارەیان ٧ کەسن هێنراونەتە نەخۆشخانە بۆ پشکنین کە دەرکەوتوو دووکەسی دیکەی ئەو خێزانە نەخۆشیەکەیان هەیە."

ز.ش