"تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ تێکدانی تەبایی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک"

لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک ڕایدەگەیەنن، تورکیا بەردەوامە لە دەستوەردان لە کاروباری عێراق و کەرکووک بەتایبەتی هەوڵی تێکدانی تەبایی نێوان پێکهاتەکان دەدات.

لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک ڕاشیدەگەیەنن، تورکیا هەوڵی بە تورک کردنی شارەکە دەدات. نیگەرانیشن هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێم خاوەندارێتی لەو شارە ناکەن.

 

کۆمەڵ سەمەد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە هەرێمی کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "سەردانەکەی باڵیۆزی تورکیا بۆ کەرکوک دبلۆماسی نییە، بەڵکو ئەجندای سیاسیی لە پشتەوەیە. چەندین جارە باڵیۆزی تورکیا باس لەوە دەکات کە "کەرکوک شارێکی تورکییە"، بەڵام کەرکوک لە چوارچێوەی کوردستانە و شارێکی کوردییە و لە چوارچێوەی عێراقیش یەکێکە لە پارێزگاکانی عێراق. وتارەکەی ئەم باڵیۆزە تایفییە و نەتەوەپەرستییە، چونکە ئەم شارە موڵکی یەک نەتەوە نییە، بەڵکو کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی تێدایە نەک تەنها نەتەوەی تورکمان".

ڕاشیگەیاند: "فاتح یڵدز باڵیۆزی تورکیا پاش سەردانیکردنی قەیسەرییە سووتاوەکەی کەرکووک رایگەیاند، تورکیا نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییە سووتاوەکەی کەرکوک لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام ئێمە ئاگادارین ئەو بڕە پارەییەی کە تەرخان کراوە شتێکی ڕەمزییە و بەشی هیچ ناکات و تورکیا هەوڵ دەدات وا دەری بخات کە تورکیا خاوەنداری لە شاری کەرکوک دەکات، بەڵام ئەمە راست نییە بەو شێوەیە نییە. ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی ئەمجۆرە سەردانانە شەرمەزار دەکەین، چونکە بۆ ئاژاوە نانەوەیە لە شارەکە".

 مامۆستا رەسوڵ رەئوف بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی پارتی سۆسیالستی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "بە هۆی ئەو رووداوە سیاسییانەی کە ناوچەکە پیایدا تێپەر دەبێت و شەڕی داعش و ئەو گۆڕانکارییانەی دوای شەڕی داعش کە عێراق پیایدا تێپەڕ دەبێت، عێراق ئەو سەروەرییەی جارانی نەماوە و وڵاتان بە ئاشکرا دەست لە کارو و باری وەردەدەن بۆ نموونە دەبینین هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا دەستیان هەبوو لە دیاریکردنی پۆستەکانی حکومەتی نوێى عێراق و جێی خۆیان کردووتەوە بە هۆی ئەو لاوازییەی لە حکومەتی عێراق هەیە و دەسەڵاتی ئەم دوو وڵاتە لە سەر حزبەکانی هەرێمی کوردستانیش جێی خۆی کردووەتەوە".

هەروەها وتیشی: "پێویستە سەرۆک کۆمار لێپرسینەوە لەم حاڵەتە بکات، چونکە بابەتی باڵیۆز و باڵیۆزخانەکان لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە نەک سەرۆک وەزیران. لایەنیکەم هۆشیاری بداتە ئەم باڵیۆزە، کە چۆن سەردانی شارێک دەکات و مێژووەکەی دەگەڕێنێتەوە سەر خۆیان. ئەمە کارێکی زۆر خەتەرە، چونکە یەکەم جار نییە. خاوەنداری نەکردنی کەرکوک لەلایەن بەغداد و هەرێمی کوردستان شتێکی زۆر خراپ بوو، کە باڵیۆزی تورکیا هاتوو خۆی وانیشاندا کە خاوەنداری لەم شارە دەکەن پارەی بۆ تەرخان دەکەن هەر چەندە بڕە پارەکە کەمە".

محەمەد نەسرەدین بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەمە چەندین جارە باڵیۆزی تورکیا (فاتح یەڵدز) سەردانی کەرکوک دەکات ئێمەش وەکو بزووتنەوەی گۆڕان تێبینی ئەوەمان کردووە، لە سەرجەم سەردانەکانی نۆێنەرانی تورک بۆ کەرکوک هەمیشە هەوڵیان داوە دوو بەرەکی دروست کەن لە نێوان پێکهاتەکانی کورد لە کەرکوک بەتایبەتی لە نێوان کورد و تورکمان. هەمیشە هەوڵیان داوە مۆرکی تورکمان بوون و بە تورک کردنی کەرکوک بسەپێنن بە سەر شارەکەدا. هەمیشە ئەجیندای تورکیا زۆر مەترسیدار بوو بۆ سەر کەرکوک و هەوڵی سڕینەوەی کوردستانی بوونی ئەم شارەی هەبووە".

ڕاشیگەیاند: "تورکیا بە بیانوی نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییە سوتاوەکەی کەرکوک، دووبارە دەستی لەکاروباری کەرکووک وەردایەوە نۆژەنکردنەوەکەش پەیامێکی سیاسی لە پشتەوەیە و هەوڵێکە بۆ زاڵکردنی دەسەڵاتی تورکی لە شاری کەرکوک ئەو شاری کەرکوکەی کە کورد دەبوو خۆی خاوەنداریی لێ بکات و دەبوو زیاتر خەمخۆری شاری کەرکوک بووایە. ئەو لێدوان و سەردانانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا هەستی بە لاوازی دەسەڵاتی باشووری کوردستان کردووە وە بە ڕوونی دیارە کە ئیرادەی سیاسی باشووری کوردستان تەسلیمی بە ئیرادەی سیاسی تورکیا بووە ئەمەش بە زەقی دەبینین، کە ئەم دوو حزبە هەوڵ دەدەن دڵی تورکیا رازی بکەن ئەمەش رەنگدانەوەیەکی خراپی لە سەر شاری کەرکوک دەبێت".

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی ئامادەیە شەڕی خاوەنداری لە شاری کەرکوک بکات دەبوو رازی نەبێت دەوڵەتێکی داگیرکەر، کە نیازێکی خراپی بەرامبەر کەرکوک هەیە دەست لە کاروباری شاری کەرکوک وەربدات بە بیانوی نۆژەن کردنەوەی قەیسەرییە سوتاوەکەی کەرکوک. ئەگەر دەسەڵاتی کوردی راستگۆیە لەگەڵ خەڵکی کەرکوک دەیتوانی بە پارەی رۆژێکی دزینی نەوتی کەرکوک قەیسەرییە سوتاوەکەی کەرکوک نۆژەن بکاتەوە، بەڵام نەبوونی جورئەتی سیاسی لە دەسەڵاتدارانی کوردستان وایکردووە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بتواننن زاڵ ببن بە سەر شاری کەرکوک دا".

ر.م