تەمەلی: نەهێشتنى گۆشەگیری ئەرک و بەرپرسیارێتیى ئێمەیە
سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لە جزیر لە کۆبوونەوەى جەماوەریى گەل دا وتى "ئەم کۆمەڵگەیە بە دواى ئاشتیدا دەگەڕێت. رێگاى ئاشتیش لە ئیمراڵییە. وەرن پێکەوە ئەو گۆشەگیرییە تێکبشکێنین".
سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لە جزیر لە کۆبوونەوەى جەماوەریى گەل دا وتى "ئەم کۆمەڵگەیە بە دواى ئاشتیدا دەگەڕێت. رێگاى ئاشتیش لە ئیمراڵییە. وەرن پێکەوە ئەو گۆشەگیرییە تێکبشکێنین".
سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەگەڵ شاندێک لە بەڕێوەبەران و پەرلەمانتاران دا سەردانى ناوچەى جزیری کرد لە شرنەخ. تەمەلی بەشداریى کۆبوونەوەى گەلی کرد، کە لە بینای هەدەپە لە جزیر بەڕێوەچوو.
تەمەلی لەسەرەتاى قسەکانیدا یادی ئاسیە یوکسەل و محەمەد تونچی بەرز راگرت و وتى "ئێمە هەرگیز دەستبەرداری رێگاکەیان نابین. ئەو ریگایە رێگاى ئاشتی، دیموکراسی و ئازادییە".
تەمەلی ئاماژەى بە گەمارۆی سەر شرنەخ کرد و وتیشی، وێنە و دیمەنەکانى ساڵی ١٩٩٥ی کۆماری تورکیا، دۆخی ئێستاى جزیرە. ئەوەشى وت، لە دژی ئەم رژێمە دەسەڵاتخوازە خۆسەپێنە بەپێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەن بۆ خوڵقاندنی کۆمارێکى دیموکراتیک.
"نایانەوێت لە سوریا چارەسەری بەدی بێت"
سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە رایگەیاند، سەرکەوتنیان نەک تەنها لەم خاکەدا، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوە ئاشتی بۆ هەموو گەلانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێت و لەوبارەیەوە وتى:
"ئەو عەقڵییەتەى دژایەتمان دەکات، زوڵم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. شەڕی سوریا دەرەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە. ئێمە وتمان، چارەسەری لە سوریا دەبێت بەپێى ئیرادەى گەلانى سوریا بێت. کاتێک وتمان 'عەفرین هی عەفرینییەکانە' هەندێک هەستان و دەستیان کرد بە تاوانبارکردنمان. با ئێستا ئەو کەسانە بچن بۆ عەفرین و سەیرێکى عەفرین بکەن. لەوێ تاڵانى و ئەشکەنجە هەیە و ژنان دەفرۆشرێن. کێ ئەو کارانە دەکات، چەتەکانى سوپاى ئازادی سوریا (OSO) ئەو کارانە دەکەن. بە پشتیوانیکردن لە سوپاى ئازادی سوریا عەفرینیان تووشی ئەو دۆخە کرد. هەرێمى عەفرین ئارامترین ناوچەی سوریا بوو. سەرباری ئەوەى لە عەفرین کردویانە ئێستا دێن باسی ئیدلب دەکەن. دۆخی گروپە چەکدارەکان دیار نییە، روون نییە دەست لە چەک هەڵدەگرن یان نا. ئەوەى روودەدات بازرگانیکردنە بە ئیدلبەوە. دەسەڵاتدارەکەى بەرامبەر ئێمە سوریاى کردووەتە دۆزەخ. ئێستاش هەڵدەستن لە ئیستەنبول لوتکەى ٤ قۆلی بەڕێوە دەبەن، پێشتریش لوتکەى ٣ قۆڵییان بەڕێوەبردبوو. ئێمە وتمان 'ئەوانە چارەسەرییان لێدروست نابێت. ئەوەى لەو لوتکانە دروست دەبێت، قەیران و مۆتەکەیە'. هەر ئەوەش روویدا. ئێستا ئێران لەسەر مێزەکە نەماوە و فەرەنسا و ئەڵمانیا هاتوونەتە سەر مێزەکە. بە نەبینین و قبوڵ نەکردنی گەلانی سوریا چارەسەری دروست نابێت. ئەوەى کە ئێوە دەیهێنن ناچارەسەرییە. ئەم دەسەڵاتەش خۆی لەسەر چارەسەرنەکردن دەژییەنێت. بۆیە هەموو خەمی ئەوەیە لە سوریا چارەسەری دروست نەبێت. دەیەوێت درێژە بە دۆخی ناچارەسەرکردنى کاتى بدات".
"چارەسەری لە سوریا بە بێ گەلانى سوریا نابێت و رێگایەکی تری چارەسەری بوونی نییە"
تەمەلی سەرنجی خستەسەر هەڕەشەکانى ئەردۆغان بەرامبەر بە رۆژهەڵاتى فورات و وتى "هەوڵ دەدەن رۆژهەڵاتى فورات بخەنە ناو بازنەیەکى ئاگرین. ئەوە لە کاتێکدایە ئاشتى و ئارامی لە رۆژهەڵاتى فوراتدا هەیە. گەلانى سوریا لە رۆژهەڵاتى فوراتدا بە ئاشتییانە دەژین. بۆ ئەوەى رێگری لە چارەسەریى سوریا بگرن هەموو کات رۆژهەڵاتى فورات دەکەنە ئامانج و هێرشی دەکەنە سەر. چارەسەری لە سوریا بەبێ گەلانى سوریا نابێت و رێگایەکى تری چارەسەری بوونی نییە".
تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری
تەمەلی لە بەردەوامیى قسەکانیدا زیندانیکردنى هاوسەرۆکانى پێشووی هەدەپە، پەرلەمانتاران، هاوسەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانى حیزبەکەى بە یاد هێنایەوە و وتى "هەموویان ئێستا دیلکراون. نەک لەبەر ئەوەى تاوانێکیان ئەنجامداوە و زیندانیکراون، بەڵکو لەبەر ئەوەیە بەشدارن لە تێکۆشانی دیموکراسیدا زیندانیکراون. ئەو هەڤاڵانەمان بەهۆی تێکۆشانەکەى ئێمەوە لە ماوەیەکى کەمدا ئازاد دەبن".
تەمەلی باسی ئەوەشیکرد "ئێمە باسی ئیرادەى پێکەوە ژیان دەکەین. ئەوانەى ئەو ئیرادەیە بە نەبوو دەزانن و ئەو کەسانەن کە خۆیان لەسەر شەڕ دەژیەنن. ئەوانەى قۆناغی چارەسەرییان بە بنبەست گەیاند، ئەو کەسانەن پلانى تێکشکاندنیان ئامادە کردبوو. لەبەر ئەوەشە لەم وڵاتەدا لە ئیمراڵی گۆشەگیری هەیە. لەبەر ئەوەیە بەڕێز ئۆجالان گۆشەگیر کراوە. مادام ئێمە بۆ دیموکراسی تێدەکۆشین، کەواتە نەهێشتنى گۆشەگیری ئەرک و بەرپرسیارێتیى ئێمەیە. ئەو گۆشەگیرییە تەنها گۆشەگیریى رەها نییە لە ئیمراڵی، بەڵکو بەردەوامیدان بەو گۆشەگیرییە بە مانای بوونی زوڵمە لە وڵاتەکەماندا. ئەم کۆمەڵگەیە لەم وڵاتەدا بە دواى ئاشتیدا دەگەڕێت. رێگاى ئاشتیش لە ئیمراڵییە. وەرن پێکەوە گۆشەگیری تێکبشکێنین. ئەم وڵاتە بە دوای دیموکراسیدا دەگەڕێت. بۆ خوڵقاندنی سیاسەتى دیموکراتیک هەڤاڵانمان فیگەن یوکسەکداغ، سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوڵتان کشاناک و هەموو هەڤاڵانمان ئازاد بکەن".
بانگەوازی بۆ گەلانى تورکیا
تەمەلی داواى لە گەلانى تورکیا کرد، ئەو عەقڵییەتەى قەیوم دەسەپێنێت و قەیوم دەخاتە سەر کار بسڕنەوە. وتیشی "دەبێت ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا (هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا) ببێتە خاڵی سەرەتاى تێکشکاندن و داڕوخانی ئەم دەسەڵاتە. بۆیە ئێمە کۆماری دیموکراتیک کە خەونی ئەم وڵاتەیە بەدی دەهێنین. ئێمە لە هەموو شوێنێکدا شانبەشانی گەلەکەمان دەجوڵێینەوە. ئێمە لە هەموو شوێنێکدا شانبەشانى گەلەکەمان تێدەکۆشین و تێکۆشان بەهێزتر و گەشتر دەکەین. ئێمە بە گەڕەکەکاندا و بە گوندەکاندا دەگەڕێین. هەر کەسێک خاوەنى هەر بیروڕایەک بێت و بە بیروڕای خۆیەوە کاتێک بێت و ئێمە پێکەوە کۆبینەوە، ئەوا ئێمە بەهێزتر دەبین. ئێمە رێگاى ئاشتی و ئازادی دەکەینەوە. ئێمە پێکەوە کۆتایى بە گۆشەگیری و توندوتیژی دەهێنین".
ر.م