ناوەندى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى تەڤدەم لە راگەیاندراوێکدا ناڕەزایەتیى بەرامبەر قسەکانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان خستووەتەڕوو.
لە راگەیاندراوەکەى ناوەندى دیپلۆماسیى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم)دا هاتووە "تورکیا بۆ ئەوەى رێگرى لە پێشکەوتنى دۆزی کورد بکات بە ئاشکرا هەموو کارێک و دژایەتییەک بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدات. چەندین ساڵە دژایەیتیى هیوای گەلی کورد لە رۆژئاوا- باکووری سوریا دەکات. پشتیوانى لە تیرۆریستا کرد و رەوانەى کردن بۆ ئەوەى هێرش لە دژى هەرێمەکەمان ئەنجام بدەن. لەمدواییانەشدا هێرشیى فاشیستییانەیان بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا. ئەو دوژمنایەتییەیان سەلمێنەری ئەوەیە، دوژمنایەتییەکەیان نەگۆڕە و تورکیا ئامادە نییە هەنگاوێک لە دوژمنایەتییەکە بکشێتەوە. دوژمنایەتیى تورکیا لە دژى رۆژئاوا سنووردار نەبوو، بەڵکو لە دژى هەموو پارچەکانى کوردستان ئەو دوژمنایەتییە بەڕێوەدەبات. هەڵوێستى دوژمنانەیان بەرامبەر بە ریفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەوە دەسەلمێنێت، کە تورکیا هەموو کات دەیەوێت کورد لەو چوارچێوە و ئاستەدا بێت کە خۆی دەیەوێت، بەڵام هەوڵدان و گەڕان بە دواى چارەسەرکردنى دۆزی کورد و بوونى دەستکەوتەکانى کورد بۆ ناسنامەى نیشتمانیى کورد لەلایەن تورکیاوە قبوڵ ناکرێت. لەبەر ئەوەش دوژمنایەتیى بەرژەوەندییەکانى گەلی کورد دەکات".
لە راگەیاندراوەکەى تەڤدەمدا ئەوەش هاتووە "لە چوارچێوەى ئەو دوژمنایەتییەدا و لەبەر پێشکەوتنى دوزی کورد، پێویستمان بە یەکێتیى کوردان و هەڵوێستى نیشتمانى و یەکبوون هەیە. بۆ تێکۆشان لە دژى ئەو پلانانە، کە ناسنامە و هەبوونى ئێمەى کردووەتە ئامانج، پێویستمان بە یەکبوون و یەکگرتوویى هەیە، بەڵام بە بەپێچەوانەى ئەوە هەڵوێستى نابەجێ لە هەندێک لایەنەوە دەردەکەوێت. ئێمە دەبینین و دەزانیین، کە پێویستە لەم کاتەدا هەموو لایەنەکان سەرنج بخەنە سەر لە یەک نزیکبوونەوەى کورد و پێکەوە هەنگاوى جدی و مسۆگەر بنرێت بۆ پێکهێنانى یەکێتیى، کە ئەمڕۆ گەلەکەمان پێویستى پێیەتى".
تەڤدەم ئەوەشى راگەیاندووە "راگەیاندراو و لێدوانەکەى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى باشوورى کوردستان لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان و هەروەها پێناسەى "داگیرکار" بۆ گرنگترین بزووتنەوەى نیشتمانیى کوردستان، لە خزمەتى گەلی کورد دا نییە و هاوکات پەیامێکیشە بۆ دەوڵەتى تورکیا کە درێژە بە شەڕەکەى بدا لە دژى گەلەکەمان. دەوڵەتى تورک لە ناو هەرێمى باشوورى کوردستاندایە، بەرامبەر بە گەلی باشوورى کوردستان کردەوەى کوشتن ئەنجام دەدات. زیاتر لە ٢٠ بنکەى سەربازیى تورکیا لە باشوورى کوردستاندایە، ئەو کردەوە و پێشێلکارییانەى دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان ئەنجامى دەدات نەک هیچی کەمتر نییە لەوەى لە عەفرین و هەرێمەکانى تری ئێمە ئەنجامى دەدات، بەڵکو ئەو هێرشانە و ئەو بابەتە لە چوارچێوەی تەواوکردنى پلانەکانى تورکیادایە لە ناوچەکەدا. هەوروەها ئەوە یەکێکە لە رێباز و شێوازەکانى دژایەتیى ئومێد و هیواى گەلەکەمان".
تەڤدەم راشیگەیاندووە "داگیرکەریى تورکیا لە خاکى باشوورى کوردستان روون و ئاشکرایە و پێویستە بەرپرسانى باشووری بە ئەرکى خۆیان هەستن بۆ ئەوەى رێگرى لەو خواست و هیوایەى دەوڵەتى تورک بکەن، کە دەیەوێت داگیرکەرییەکەى لە هەرێمەکەدا بەرفراوان بکات. هەروەها پێویستە بڕوا بکەن، کە ئەستەمە دەوڵەتى تورکیا ببێت بە دۆستیان. ئەرکی هەموو بزووتنەوە و رێکخستنێکى سیاسی، کۆمەڵایەتى و رۆشنبیریى باشوورى کوردستانە، کە هەڵوێستى روون لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشوورى کوردستان بخەنەڕوو، چونکە ئەو داگیرکەرییە مەترسییە بۆ سەر هەموو کوردان".
بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا نووسیویەتى "ئێمە ئەوە دەزانین و دەبینین، ئەگەر ناکۆکى لە ناو کورد دا هەبێت، ئەوا دەتوانن بە رێبازى دانوستان لەسەر بنەماى برایەتى چارەسەرى بکەن، بەڵام پێویستە چاو بخشێنرێتەوە بە هەڵوێستى دەوڵەتى تورک و پشتگیریکردنی خەونەکانی، کە بۆ دژایەتیکردنى گەلی کوردە. دەبێت هیچ کەسێک چاوپۆشی لەو کردەوانەی دەوڵەتى تورک نەکات، کە لە دژى هاووڵاتییانى مەدەنیى بێتاوان ئەنجام دەدرێن. پێویستمان بە هەڵوێست و رەفتارێک هەیە، کە خزمەتی یەکێتی و ئەنجامدانى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان بکات. ئەوەش باشترین و دروستترین رێگای ژیرانەیە".
ر.م