تەڤگەری ئازادی ئیرادەی گەنجان و ژنانە

ئەندامانی کۆنفرانسی تەڤگەری ئازادی لە کەرکووک ڕایانگەیاند، بە ئیرادە و پێشەنگایەتیی گەنجان و ژنان لەکەرکووکەوە ئەو پیلانگێڕییە دەرەکییە، کە دژی تەڤگەری ئازادی بەڕێوە دەچێت پوچەڵ دەکەنەوە. 

ئەندامانی کۆنفرانس ڕاشیانگەیاند، بەگوڕوتینێکی زیاترەوە بەردەوام دەبین لە خەبات  ئەم کۆنفرانسە وەڵامێکی دیموکراسییانەیە بۆ ئەو فشار و ئاستەنگانەی لە هەرێمی کوردستان دژی تەڤگەری ئازادی گیراوەتەبەر .

 

بێریڤان مەحەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکات، ئەو تێکۆشانەی کە ئێمە کردومانە لە ئاستی عێراق سەلماندی ئێمە خاوەن فکرێکی نۆی و ئازادین بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا. ئەمەمان سەلماندووە لە پراکتیکدا چ لە عێراق چ لە هەرێمی کوردستان، لە عێراق بڕیاردان یاسایی ترە و وڵاتانی دەرەوە کەمتر دەتوانن دەستێوەردان بکەن لە بڕیارەکانی دا، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان دوو حیزبی دەسەڵاتدار هەیە و هەمیشە بە بڕیاری دەرەکی کار دەکەن، ئەم بڕیارەی بە سەر تەڤگەری ئازادی دا سەپێندراوە بڕیاری تورکیایە لە لایەن حزبەکانی باشورەوە جێبەجێ کراوە".

 ڕاشیگەیاند: "بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەیانهێشتوە هەرێمی کوردستان  ببێتە هەرێمێکی خاوەن ئیرادە. هەمیشە هەوڵیان داوە لە خزمەت داگیرکاردا بێت. داگیرکارانیش بەردەوام هەوڵیان داوە حزبە کوردییەکان دژایەتی یەکتری بکەن. تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی تێکۆشانێک نییە ڕابوەستێت لە هەر شوێنێک ئاستەنگ و فشارمان بکرێتەسەر ئێمە بە گوڕوتینێکی زیاتر بەردەوام دەبین لە خەبات و بە وەڵامێکی دیموکراتییانە وەڵامی ئەو فشارانە دەدەینەوە وەکو وەڵامیک بۆ ئەو فشارانەی ئێستا هەیە بە بەستنی ئەم کۆنفرانسە وەڵام دەدەینەوە".

گیڤارا کەرکووکی گەنجێکی بەشداربوی کۆنفرانسەکەیە و ئەویش بە ئاژانسی فورات هەواڵی (فورات) وتی: "ژنان و گەنجان پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئازادی دەکەن وەکو سەرۆک دەڵێت، بە گەنجی دەستمان پێکرد و بە گەنجیش سەردەکەوین ئەو وتەیە بۆ گەنجی باشوور لە ئێستادا زۆر واتادارە، چونکە هەر دوژمنێک ویستبێتی کوردستان داگیربکات سەرەتا لە گەنجەوە دەستی پێکردوە  و هەوڵی بێکاریگەرکردنی داون".

وتیشی: "لە ئێستادا شەڕێکی گەورەی فکری دژی گەنجان هەیە و هەوڵدەدرێت بێ کاریگەری بکرێن لەڕێی سەرقاڵکردنیان بە کافتریا و یاریە ئەلکترۆنیەکان و ماددە هۆشبەرەکان، هیوادارم گەنجان لەم تەڤگەرە شوێن بگرن خۆیان بە ڕێخستن بکەن، ئێمە وەکو گەنجان پێویستە دژی هەموو ئەو پیلان و فشارانەی دەکرێتە سەر کوردستان بوەستینەوە".

سۆما فەرهاد ژنێکی بەشداربوی کۆنفرانسی تەڤگەری ئازادی لە هەرێمی کەرکووک بوو و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "بەستنی ئەم کۆنفرانسە لەم بارودۆخەدا گەورەییەکی ئەوتۆی خۆی هەیە، چونکە لە ئیستادا لەایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فشارێک دەکرێتە سەر تەڤگەری ئازادی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان. تەڤگەری ئازادی توانیویەتی یەکسانی بۆ ژن دروست بکات".

ڕاشیگەیاند: "ژنان رۆڵیان لە تەڤگەری ئازادی دا زۆر کارایە و دیارە لەم کۆنفراسەشەدا و بۆ نموونە ژمارەی ئەندامانی دیوانی  کۆنفرانس نیوەیان ژنن و ئەمەش یەکسانییەکی دیارە لە تەڤگەری ئازادی دا".

ر.م