حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک بۆ تاوتوێکردنی دۆخی شارەکە کۆبوونەوە

لە شاری کەرکوک حزبە کوردستانیەکان لەسەر ئاستی کەسی یەکەم کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی شارەکە.

ئەمرۆ حزبە کوردیەکانی شاری کەرکووک لە سەر ئاستی کەسی یەکەم لە مەکتەب سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری کەرکوک کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ئەم بارودۆخەی ئیستای کەرکوک و ئەو ئاڵۆزیانەی کە روویانداوە بەهۆی پێشێلکردنی مافی کوردانی شارەکە.

دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە حزبە کوردستانیەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد، بەیاننامەی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک لەلایەن ڕەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک خوێندرایەوە، کە تیدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا هەموو حزبەکان هاوڕابوون لەسەر رێگریکردن لە پێشێڵکردنی مافی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە شاری کەرکوک، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێکەوەژیان کرایەوە و لەسەر زەوتکردنی زەوی جوتیارانی کورد بێ دەنگ نابین و قەبوول ناکەین دادگای کەرکوک بە ئارەزوی خۆی بڕیار بدات."

هەروەها ڕەوەند مەڵا مەحمود ڕایگەیاند: ئێمە وەکو حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتین:

یەکەم/ پێویستە کۆبوونەوە لەگەل ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بکرێت سەبارەت بەو بڕیارانەی دادگای کەرکوک بە ئارەزوی خۆی دەریدەکات.

دووەم/ لەسەر دامەزراندنی هاوڵاتیانی کەرکوک رێگە لە قۆرخکاری دەگرین، ناهێلین کورد بێ بەش بکرێت.

سێ-یەم/ پێویستە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر کەرکوک بێ دەنگ نەبن و ناوچە دابرێنراوەکان لەبیر نەکەن.

چوارەم/ یاداشنامەیەک دەدەینە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پێشەلکاریانەی لە شاری کەرکوک ئەنجام دەدرێت.

پێنجەم/ جەختکرنەوە لەسەر مادەی ١٤٠ و تەرخانکردنی بودجە بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتووانی کورد لە کەرکوک.

شەشەم/ لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ خۆئامادە کردن بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن لە حاڵەتی پێشێڵکردنی مافی میڵەتەکەمان، کە ئێمە هەموومان بڕیارماندا لە مافی گەلەکەمان بێ دەنگ نەبین.

ز.ش