حکومەتی تورک زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی وان سزا دەدات

حکومەتی تورک لە جێگای ئەوەی هاوکاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە بکات، زیاتر زیانیان پێدەگەیەنێت. بە تایبەتی ئەو گوندانە سزا دەدات کە دەنگیان بە هەدەپە داوە.

بوومەلەرزەکەی شاری خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری لەسەر ٤ گوندی ناوچەی ئەلباکی وان دانا. بە هۆی بوومەلەرزەکە کە بە پلەی ٥.٩ لە ئەلباک ڕوویدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٧ کەسیش برینداربوون کە دۆخی ٩ کەسیان سەختە و بە سەدان خانووی هاوڵاتیانیش وێران بوون. حکومەتی تورک کە دوای بوومەلەرزەکە هاوڵاتیانی پشتگوێخستووە، ڕێگری لە هاوکاریەکانی هەدەپە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش دەکات، بۆ ئەوەی هاوکاری پێشکەش نەکەن. موراد سارساچ پەرلەمانتاری هەدەپە ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەت کرد و وتی، "کورد سزا دەدرێت."

لەگەڵ ئەوەی ٤ ڕۆژ بەسەر بوومەرلەزەکەدا تێپەڕێوە، حکومەت تورک هێشتا هەنگاوی پێویستی نەناوە و هاوکاری پێشکەش نەکردووە.

بە ڕادەی پێویست خۆراک، بەتانی، چادر و پەناگە بۆ ئاژەڵەکان دابین نەکراون. ئاوی خواردنەوە نە بۆ هاوڵاتیان و نە بۆ ئاژەڵەکانیان دابین نەکراوە. نیوەی ئاژەڵەکان لەناوچوون، ئەوانەی کە ماون ئەگەری هەیە لەناوبچن. لە هەرێمەکە کە پلەی سەرما ١٠ پلە لە ژێر سفردایە، زەحمەتە هاوڵاتیان لە دەرەوە بژین. مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەفلۆنزاش هەیە. ئەگەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تریش هەیە، لەبەرئەوەی لەژێر داروپەردووکاندا ئاژەڵی مردوو هەیە و دەرنەهێنراون. هاوکاری هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکان ئاستەنگ دەکرێت. بە بیانۆی 'پێویستە هاوکاری لە ڕێگای ئافادەوە دابەشبکرێت' ڕێگری دەکرێت.

موراد سارساچ پەرلەمانتاری هەدەپەی وان لەبارەی ئاستەنگکردنی هاوکاریەکان لە لایەن قەیومەوە وتی، هاوکاریەکان جگە لە ڕیگەی ئافادەوە قبوڵناکرێت کە ئەویش خەمساردی دەکات. سارساچ وتی، "پەرلەمانتارانی هەدەپە، نوێنەرانی دەبەپە، هەدەکە و کەجەدە و هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی، سێرت، ئێلح، پاتنۆس، گیادن، هەوڵیاندا هاوکاری پێشکەش بکەن و خواردن و پەناگە و شیر و خواردنی منداڵان ڕەوانە بکەن، بەڵام ڕێگیران لێکرا. رایانگەیاند پێویستە هاوکاری ڕادەستی ئافاد بکرێت. ئێمەش ئەوەمان قبوڵ نەکرد. لە بوومەلەرزەکانی پێشوودا بینیمان، هاوکاری زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان ناکرێت. هاوکاری لە کۆگاکاندا دەشاردرێتەوە و بە شێوەیەکی نایەکسان دابەش دەکرێت. دۆسیەی ئاکەپە لەم بابەتەدا باش نییە."

لە گوندێک ٨ کەس گیانیان لەدەستدا

سارساچ ڕاشیگەیاند، مافیان هەیە وەک پارتێکی سیاسی هاوکاری دابەش بکەن و وتی، "هاوکاری ئێمەیان گەڕاندەوە، بەڵام ئێمە سەردانی گوندەکانمان کرد. زۆربەیان دەنگدەری هەدەپەن. هەوڵیاندا هەوایەکی وا دروست بکەن کە ڕێکخستنێکی باش کراوە، بەلام ئێەم لە بەرانبەر هاوکاریەکان بووینەتە ڕێگر. ئامانجیان ڕەشکردنی هەدەپە و سزادانی کوردە. وەزیرەکان کە دێن، چەند دەقەیەک دەمێننەوە و دواتر دەڕۆن. لەو گوندەی ٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوڵاتیان باسی هەموو شتێکیان بۆ کردین.

چادری تایبەت بە زستانیان پێنادرێت

سارساچ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو چادرانەی کە لە هاوینیشدا بەکارناهێنرێن بە هاوڵاتیان دراوە و وتی، "حکومەت هەم خۆی هاوکاری ناکات و هەم ڕێگری لە هاوکاریەکان دەکات. هەر جێگایەک وەک هەرێمی ئافاد ڕاگەیەنرا، پێویستە حکومەت بە شێوەیەکی ئەخلاقی بجووڵێتەوە کە ئەویش لای ئاکەپە نییە. دوای بوومەلەرزەکەی وان، ئەو خانووانەی کە بە ٤٢ هەزار لیرە دروست کرا بە ناوی هاوکاری لێقەوماوان بە ١٠٠ هەزار لیرە فرۆشران. دەبێت هەرێمێک کوردی لێنەبێت، ئینجا وەک هەرێمی ئافاد ڕابگەیەنرێت. لە بوومەلەرزەکەی وانیشدا هەرێمی ئافاد ڕانەگەنرا. تۆکی خانووەکان دروست دەکات. بەڵام پارە لە گیرفانی هاوڵاتیان دەردەهێنێت. خۆیان و وەزیرەکانیان بە تەنها شۆو دەکەن. بە ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش و سەربازی دێن و دیمەنەکانیان تۆمار دەکەن و دەگەرێنەوە. ئەوەش شێوەی سزادانی کوردەکانە. ئەم هەرێمە، هەرێمێکە کە دەنگمان تێیایدا زۆر بووە."

پێویستی بە هاوکاری هەیە

موختاری گوندی ئەلبیس جەزمی ئاسڵانیش ڕایگەیاند، تا ئێستاش بوومەلەرزەی بچووک ڕوودەدەن و گوندیەکان لەناو دۆخێکی سەختدان. ئاسڵان وتیشی، "٥٠% ماڵی هاوڵاتیان ڕووخاون، ٥٠% تریش زیانیان بەر کەوتووە. داوا لە هەموو لایەک دەکەین، هاوکاری لێقەوماوان بکەن."

ف.ق