دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: بە خاوەنداریی لە یەکتر ئەتوانین برینەکانمان ساڕێژ بکەین

دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا خۆی هاوکاری گەلی لێقەوماوی شاری خارپێت نادات و پێویستە چاوەڕوانی دەوڵەت نەبین و خۆمان هاوکاری گەلە لێقەوماوەکەمان لە خارپێت بکەین.

دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی بوومەلەرزەکەی ٢٤ی کانونی دووەم لە خارپێتی باکووری کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. دایکان هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەی قوڕبانیان دەربڕی و بانگیان لە گەلی کورد و ڕای گشتی کرد، چاوەڕێی دەوڵەتی تورک نەبن و هاوکاری گەلە لیقەوماوەکی خارپێت بکەن.

ڕاگەیەنراوەکەی دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیەیە:

"سەرەتا وەکو دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی شاری خارپێت لە باکووری کوردستان دەکەین و هیوای هەر چی زوتر چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین .

بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا گەلی کورد ڕووبەرووی زۆر کۆمەڵکوژی، ماڵ وێرانی و ئاوارەیی بوویەوە چ لە لایەن داگیرکەران و زلهێزەکان و چ لە بواری ڕووداوی سروشتی بووبێت ، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەوەی کە جێگای دڵخۆشییە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە کە لە هەر بەشێکی کوردستان نەهامەتی بە سەرمان دا هاتبێت گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە هانای یەکترییەوە چووە و بە هاودەنگی و یارمەتییەکانییەوە هێشتوویەتی کە برینەکانمان ئاسانتر ساڕێژ ببێت. نموونەی هەرە بەر چاویش بوومەلەرزەکەی ساڵی ۲۰۱۷ کە لە کرماشان و دەورووبەری روویدا و بە هەزاران کەس بوونە قوربانی و ماڵوێران بوون. بەداخەوە تا ئێستا جگە لە یارمەتییەکانی گەلەکەمان لە هەر چوار بەش و دەرەوەی وڵات ، وەکو دەوڵەت هیچ کارێکیان بۆ نەکراوە و بە هانای گەلی لێقەوماوە نەچوو و سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت خۆی یارمەتی نەدەدا نەیدەهێشت یارمەتیەکانی دیکە بە دەستی لێقەوماوان بگات ، بە هەمان شێوەی ئێستا کە دەوڵەتی تورکیا خۆی یارەتی گەلی لێقەوماوی شاری خارپێت نادات و ناهێڵێت کە یارمەتییەکانیش بگات بە دەستی زیانلێکەوتووان ، هەر بۆیەش ئێمە وەکو گەلی کورد پێویستە کە چاوەڕوانی دەوڵەت نەبین کە برینەکانمان ساڕێژ بکات ، ئێمە وەکو دایکان بانگ لە تەواوی گەلی کورد لە هەر کوێکی ئەم جیهانە و گەلانی خاوەن ویژدان دەکەین کە بە هەر شێوازێک دەتوانن یارمەتیدەر و پاڵپشتی گەلە لێقەوماوەکەمان لە خارپێت ببن.

جارێکی دیکە هاوخەمی و پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەلەکەمان لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان."

ف.ق