دژی داگیرکارییەکانی توركیا گردبوونەوەیەک لە کەرکوک بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەى ئیدانەکردنى داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، چەند لایەنێکی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە باخچەی قەڵای کەرکوک گردبوونەوەییەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
لە چوارچێوەى ئیدانەکردنى داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، چەند لایەنێکی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە باخچەی قەڵای کەرکوک گردبوونەوەییەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
لە گردبوونەوەکەدا تەڤگەری ئازادی، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیالست و ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی وەکو کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بەشدار بوون.
لە گردبوونەوەکەدا داگیرکاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باشووری کوردستان و بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتى عێراق شەرمەزار کرا.
راگەیاندراوی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان لەلایەن نەوزاد بەکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کوردستانەوە خوێندرایەوە و وتى، سیاسەتی دەوڵەتی تورك ئەوەیە دەستکەوتەکانی کورد لە باکوور و باشوور و رۆژئاوا لەناو ببات.
وتیشی، شەرمەزارییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پاڵپشتیی دەوڵەتی داگیرکار دەکات و بێدەنگە بەرامبەر شەهیدکردن و ئاوارە بوونی خەڵک بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە.
باسی ئەوەشیکرد، داوا لە حکومەتی عێراق و سەرۆك کۆمار دەکەین، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و پێشێلکردنى سەروەریی خاکی عێراق ئەنجامى دەدات و داواشى لە هاووڵاتییان کرد، یەكڕیز بن بەرامبەر ئەو لەشکرکێشییانەی دەوڵەتی توركیا.
هاوکات دڵدار محەمەد گەنجێکی کەرکوک و بەشداربووی چالاکییەکە دەڵێت، ئێمە وەکو گەنجانی کەرکوک خۆمان بە خاوەن هەڵوێست دەزانین بە رامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا و هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان ئیدانە دەکەین.
ر.م