دەنگەکانى هەدەپە بۆ حیزبى وەتەن ئەژمار کراون
لە ٤ سندوقى دەنگدان لە شارى ئامەد ٥٥٢ دەنگى هەدەپە بۆ حیزبى وەتەن ئەژمار کراون.
لە ٤ سندوقى دەنگدان لە شارى ئامەد ٥٥٢ دەنگى هەدەپە بۆ حیزبى وەتەن ئەژمار کراون.
لە دواى لێکۆڵینەوەى ناوەندى کۆکردنەوە و زانیاریى دەنگەکانى هەدەپە، دەرکەوت دەنگەکانى هەدەپە بۆ حیزبى وەتەنى تورکیا ئەژمارکراون.
بەپێى لێکۆڵینەوەى ناوەندى کۆکردنەوەى و زانیاریى دەنگەکانى هەدەپە، لە ٤ سندوقى ناوچەکانى پیاس، سوور و چەرموگى ئامەد، ژمارەى ئەو دەنگانەى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا بۆ هەدەپە ئەژمار کردووە لەگەڵ ژمارەى ئەو دەنگانە، کە چاودێرانى هەدەپە تۆماریان کردووە یەک ناگرێتەوە.
بەپێى زانیارییەکانى ناوەندى کۆکردنەوە و زانیاریى دەنگەکانى هەدەپە، لە ناوچەى پیاسی ئامەد و لە سندوقى ژمارە ١١٣٤دا ٢٣٥ دەنگ و لە سندوقى ژمارە ١٢٨٨ى هەمان ناوچەدا ٧٥ دەنگ و لە سندوقى ژمارە ١١٢٦ لە ناوچەى سوورى ئامەد ١٨٨ دەنگ و لە سندوقى ژمارە ١٠٨٤ى ناوچەى چەرموگ ٢٤ دەنگى هەدەپە بۆ حیزبى وەتەنى تورکیا (VP) ئەژمار کراون.
بەرپرسانى هەدەپە رایانگەیاند، لەسەر ئەو پێشێلکاری و ساختەکارییە سکاڵایان لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى ئامەد دا تۆمار کردووە.
حیزبى وەتەن بە سەرۆکایەتیى دۆغوو پەرینچەک، یەکێکە لەو حیزبانەی تورکیا، کە بەوە ناسراون حیزبەکە و سەرکردەکەى لەگەڵ هەموو دەسەڵاتێکى تورکیادا لە پەیوەندیى بەردەوامدا بوون و لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکاندا کاریان کردووە. سەرکردەى ئەو حیزبە لە چەندین دۆسیەى تاوانکارییەوە گلاوە، کە دیارتریان دۆسیەى ئەرگەنەکۆنە. لە دۆسیەى ئەرگەنەکۆندا بە لانیکەمەوە ١٨ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیى کوردستان و چالاکوان و وڵاتپارێز بێسەروشوێنکراون.
ر.م