تەرمی چوار گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە - HPG) کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ڕۆژی ٣ی حوزەیران لە دەشتایی لیجە شەهید بوون، ٤ مانگە دەستیان بەسەردا گیراوە و نایاندەنەوە بە بنەماڵەکانیان. تەرمەکەنیان دوێنێ لە ئەستەنبۆڵەوە هێنایەوە ساردخانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی یاشارگیل-ی ئامەد و ماوەی ٢٤ کاتژمێریشە لەوێ ڕادەگیرێن.
لە دەشتایی ناوچەى بایرل-ی لیجەی ئامەد لە ٢ی حوزەیراندا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستپێکردبوو. لە ٣ی حوزەیراندا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ناوچەکەیان بۆردومان کردبوو. تەرمی ٤ گەریلای هەپەگە کە لەو هێرشە ئاسمانییەدا شەهید بوون، ماوەی چوار مانگە ڕادەستی کەسوکارەکەیان ناکرێتەوە.
تەرمی شەهیدان ئیراهیم چەلیک (ماهیر ئاندۆک)، عەبدوڵا تورهان (رەبەر ئامەد)، عومەر دەمیر (سەرهەڵدان مازی) و یوسف کایران (زنار ئاکرۆ)٤٤ ڕۆژ لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە هێڵرایەوە. بنەماڵەکان و خەڵک دوای ٤٤ ڕۆژ چوون تەرمەکانیان لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە وەرگرتەوە. دوای ٤٤ ڕۆژ تەرمەکانیان بۆ توێکاریى پزیشکی برد بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی و پەروەردەیی فریاکەوتنی یاشارگیل-ی ئامەد. دواتر بنەماڵەکان پشکنینی خوێنیان ئەنجام دا و دواى ئەوەش تەرمەکانیان ناردبووە پزیشکیی دادى ئەستەنبۆڵ. داواکاریی گشتی لە ٢٧ی ئەیلول / ٥ی ڕەزبەر پەیوەندیی بە بنەماڵەکانەوە کرد و ڕایانگەیاند، دەرەنجامی پشکنینی خوێنەکەیان دەرچووە. دواى ئەوە هەر لە ٢٧ی ئەیلول لە ڕێگەی کارگۆی فڕۆکەخانەوە تەرمەکانیان ڕەوانەی ئامەد کردەوە و تەرمەکان لە ٢٨ی ئەیلول / ٦ی رەزبەر گەیشتنەوە ئامەد. لە جیاتی ئەوەی تەرمەکان ڕادەستی کەسوکاریان بکەنەوە، یەکسەر ڕەوانەی ساردخانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی یاشار گیل کران. کەسوکاری شەهیدەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان کرد و داوای تەرمەکانیان کردەوە، داواکاری گشتیش ڕەوانەی فەرماندەیی جەندرمەی پەیاسی کردن. ئەو بنەماڵانەی، کە چونە فەرماندەیی پەیاس، جەندرمە سەرەتا وتیان جەنازەکان دوای نیوەڕۆ ڕادەست دەکەین. دوای ئەوەی بنەماڵەکان بە پشتبەىستن بەو قسەیە دەچنە بەردەم نەخۆشخانەکە، هەتا ئێوارە لەبەردەم نەخۆشخانە دەوەستن، ئەمجارە بەرپرسە سەربازییەکانی بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاند "لە ماوەی هەفتەیەکدا تەرمەکانتان دەدەینەوە".
چوار مانگە تەرمەکان نادەنەوە
مەلیحە کایران دایکی یوسف کایران (زنار ئاکرۆ)، لەبارەی ئەوەی کە ئەو ٤ تەرمە ماوەی چوار مانگە زەوت کراون قسەی کرد و وتی: "ئێمە ٨ی حوزەیران / ١٨ی جۆزەردان زانیمان کوڕەکەم شەهید بووە. ١٠ی حوزەیران / ٢٠ی جۆزەردان سەردانی جەندرمەی ئامەدمان کرد و داوای پشکنینی خوێنیان لێ کردین. چووین لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دیجلەی ئامەد خوێنمان دا بۆ پشکنین. ٢٣ ڕۆژ تێپەڕین ئەنجام دەرنەچوو. بۆ پشکنین دیسان سەردانمان کرد".
هەتا ٢٥ ڕۆژ نەیانزانیبوو تەرمەکان لە کوێن
کایران ئاماژەی بەوە کرد، دوای ٢٥ ڕۆژ زانیمان تەرمەکان لە چیا ماونەتەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "زانیاریمان دایە جەندرمەکان، ئەوانیش وتیان 'ئێمە ناتوانین بچینە شوێنەکە' لانیکەم ئێمە ٣ جار سەردانمان کردن بۆ ئەوەی بچنە شوێنی تەرمەکان. بەڵام ئەوان نەچوون و نەشیانهێشت ئێمە بچین. لەسەر ئەوەش هەڕەشەیان لێ کردین. وتیان 'ئەگەر ئێوە بچن، بە مادەی ٣٠٢ دادگایی دەکرێن'. دواتر ئێمە چووین سەردانی نووسینگەى کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) لە ئامەد کرد. لە ١٦ی تەمووز / ٢٥ی پووشپەڕ ئێمە بنەماڵە و خەڵک چوینە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکانمان هێنایەوە و ڕادەستی داواکاری گشتیمان کرد. پەرلەمانتارانی هەدەپەش لەوێ بوون".
دایە مەلیحە ٤ جار بۆ پشکنینی خوێن لە ئیزمیرەوە هاتە ئامەد
کایران ڕایگەیاند، لانیکەم ١٠ جار بۆ پشکنینی خوێن سەردانمان کردووە و وتی: "٢٧ ڕۆژ لەمەوبەر بۆ جاری دووەم من پشکنینی خوێنم دا. لە ئیزمیرەوە ٤ جار هاتمە ئامەد. جارێک ٥٣ ڕۆژ لێرە مامەوە. دوێنێ تەلەفۆنیان بۆ کردم و وتیان 'ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە و تەرمەکان هی ئێوەن'. دوو تەرم پارچە پارچە بوون و دوو تەرمیش ساغن. لە ڕێگەی کارگۆوە لە ئەستەنبۆلەوە ڕەوانەی ئامەد کران، دەڵێن 'لەماوەی هەفتەیەک دا دەتاندەینەوە' ".
لەگەڵ ئەوەی لە ڕێگەی پشکنینەوە زانراوە، کە ئەو تەرمانە هی کێن و ڕەوانەی ئامەد کراون، بەڵام ئەمجارەیان دەیانەوێت تەرمەکان ٢٤ کاتژمێر لە ساردخانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی یاشارگیل-ی ئامەد زەوت بکەن و نەیدەنەوە بنەماڵەکان.
ژ.ت