دەوڵەتى تورکیا مزگەوت و ماڵەکانى گوندی چەمانکێى بۆردومانکرد

فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکیا رۆژی ٣٠ی تشرینى یەکەم / ٨ی خەزەڵوەر گوندی بیدادێ-یان لە ناوچەى چەمانکێ لە پارێزگاى دهۆک بۆردومانکرد و مزگەوتى گوندەکە و ماڵی هاووڵاتییانیان کردە ئامانجی بۆردومانەکەیان.

مام ئەحمەد یەکێک لە دانیشتوانى گوندی بێدادێ ناڕەزایەتیى لە دژی بۆردومانکردنى مزگەوتى گوندەکەیان و ماڵی هاووڵاتییان نیشادا و رایگەیاند، ئەو شوێنانەى کە دەوڵەتی تورک بۆردومانیان دەکات نە لەگەڵ ئایینى ئیسلام دا دێتەوە نە لەگەڵ هیچ بڕوا و ئایینێکی تردا دێتەوە.

راشیگەیاند، مام ئەحمەد هێرشەکان راستەوخۆ بۆ سەر باوەڕی و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجام دەدرێن و لە گوندەکەى ئێمەشدا مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانیان بۆردومانکرد.

مام ئەحمەد ئەوەشی وت "دەوڵەتى تورک لە رێگەى ئەو هێرشە داگیرکەرییانەوە دەیەوێت ئێمە بترسێنێت بۆ ئەوەى گوندەکەمن چۆڵ بکەین، بەڵام ئێمە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەنگاو بۆ  دواوەوە نانێنین و درێژە بە ژیان لە گوندەکەى خۆماندا دەدەین".

مام ئەحمەد داوای لە هەموو کەس و گەلان و ئەو کەسایەتییانە کرد، کە رێز لە باوەڕ و ئایین دەگرن و خۆیان بە پارێزەری ئایین و شوێنی پەرستشی خوداوەند دەزانن، لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بوەستنەوە و پشتیوانى لە شۆڕش و تێکۆشانى ئازادیى کوردستان بکەن.

ر.م