دەوڵەتی تورک پارەی بۆ کۆرۆنا نییە، بەڵام ملیۆنان دۆلار بۆمب دەبارێنێتە سەر کوردستان

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەژێر ناوی "پاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا"ـدا، کەمپەینێکی کۆکردنەوەی پارەی دەستپێکردووە و داوای پارە لە هاوڵاتیان دەکات و لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت، بەڵام هەڕ ڕۆژ و بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆمب بەسەر کۆردستاندا دەبارێنێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان بڵاوبووەتەوە و مرۆڤەکانی کردوووە بە قوربانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەم کاتەشدا دەست لە دوژمنایەتی کورد هەڵناگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڤایرۆسەکە لە تورکیاش بڵاوبووەتەوە و تادێت ژمارەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لەو وڵاتە ڕووی لە زیادبووندایە و لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەت بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئامادەباشییان کردووە، بەڵام بە بیانووی گرتنەبەری ڕێوشوێن، داوای پارە لە هاوڵاتیان دەکات و لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت، هاوکات ڕۆژانە بە ملیۆنان دۆلار سەرف دەکات بۆ بەردەوامیدان بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی کوردستان.

ئەو کەمپەینەی حکومەتی ئاکەپە بۆ کۆکردنەوەی پارە لە خەڵک دەستیپێکردووە، لەلایەن هێزە دیموکراتییەکانی تورکیاوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، هەندێکیش دەڵێن ئاکەپە لە جێی پارە وەرگرتن لە خەڵک، دەبێ لە بودجەی دامەزراوەکانی کاروباری ئایینی ببڕێت.

گوێی لە بانگەوازی نەگرت

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو وڵاتان و گروپە چەکدارەکان کرد کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاگربەست بکەن و شەڕەکان بوەستێنن، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوێی لەو داوایە نەگرت و بە پێچەوانەوە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی دژی باکور، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان زیادکرد، دوایین نموونەشی لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە بوو کە شارەدیی خەلیفانی سەربە هەولێر کە بەهۆی کۆرۆناوە کەرەنتینە کرابوو، بە هێلیکۆپتەرەکانی بۆردوومان کرد.

ناکۆکی گەرورەی حکومەتی ئاکەپە

بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا و باکوری کوردستان، زۆرێک لە لاوازییەکانی حکومەتی ئاکەپە ئاشکرابوون و نیشانیدا کە تەندروستیی گەل لە ئەولەوییەتی دەوڵەت نییە و سەرەڕای هەموو بانگەوازیی و زانیاریی زاناکان لە بەکارهێنانی کرێکار، کارمەند و هتد ... مرۆڤەکان بەرەو مردن دەبات، لەلایەکی دیکەشەوە لە کاتێکدا لەژێر ناوی "پاراستن لە کۆرۆنا"، پارە لە خەڵک وەردەگرێت، بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆمب بەسەر کوردستاندا دەبارێنێت.

ئەو پارەیەی بۆ بۆمبەکان خەرج دەکرێت

لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی کورتمان کرد، ئەو ئەنجامانەی دەرکەوتن جێی تێڕامانە بۆ هەموو کەسێک، لێرەدا ئێمە تەنها ئەنجامەکانی پەیوەست بە هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان دەخەینەڕوو.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە کاتی جیاواز لەسەر تێچووی هێرشە ئاسمانی، تۆپباران و هێرشە زەمینییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کراوە، خەرجییەکانی بە ملیۆنان دۆلار دەخەملێندرێت، لەو لێکۆڵینەوانەی زۆرێک لە میدیاکانیش بڵاویان کردووەتەوە، خەرجی سووتەمەنی فڕینی فڕۆکەیەکی ئێف-١٦ لە کاتژمێرێک ٢٥ هەزار دۆلارە و خەرجی بۆمبەکانیشی ٤٠ هەزار دۆلارە، واتا فڕۆکەیەکی ئیف-١٦ بۆ هەرجارێک بۆردوومانکردن ٦٥ هەزار دۆلار خەرجدەکات، هەروەها خەرجی سووتەمەنی فڕۆکەی ئێف-٤ـیش ٣٠ هەزار دۆلارە.

خەرجی گەڕانی فڕۆکەی سیخوڕی جۆری ANKA بۆ هەر کاتژمێرێک چوار هەزار دۆلار بەراورد کراوە کە بۆ جۆری SÎHA نزیکەی خەرجی فڕۆکەیەکی ئیف-١٦ـەیە.

خەرجی هێلیکۆپتەرەکانی جۆری کۆبرا، بۆ کاتژمێرێک فڕین شەش هەزار دۆلار خەملێندراوە و نرخی گولـلەیەکی تۆپ یان هاوەنیش هەزار بۆ پێنج هەزار دۆلار خەملێندراوە.

ئاماری یەکساڵ

بەپیی ئەو تێچووانە، ئاماری ساڵێکمان تەنها بەپیی زانیارییەکانی هەپەگە کە بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای کردووە، بەراورد کردووە کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ بەم شێوەیە:

هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٦٢٠

هێرشی هێلیکۆپتەری جەنگی: ٤٩

هێرش بە تانک، تۆپ و هاوەن: ٣٢١

هێرشی زەمینی: ١١٧

بەپێی ئەو ئامارە، ئەگەر لە هەر هێرشێکدا، تەنها یەک فڕۆکە بەکار هاتبێت و تەنها یەک کاتژمێر سووڕابێتەوە، لە ساڵێکدا ٤٠ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار خەرجکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورک لە هەر هێرشێکدا چەندین فڕۆکە بەکار هاتووە، کە بەوپییە خەرجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان دەگاتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

هەر فڕۆکەیەک لە هەر جار فڕیندا دەتوانێت حەوت تۆن بۆمب هەڵگرێت و دەوترێت بە لانیکەمەوە پێنج تۆن هەڵدەگرێت، تەنها نرخی هەر بۆمبێکی جۆری MK-82، ٢٦ هەزار دۆلارە، لە ٤٩ هێرشی هێلیکۆپتەرە کۆبراکانیشدا، بەپیی ئەو باسانەی کراوە، بۆ هەر هێلیکۆپتەرێک ٢٤٩ هەزار دۆلار خەرجکراوە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شەڕ و سیخۆڕی جۆری İHA-SİHA

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شەڕ و سیخوڕی جیاوازن، هەندێک جۆرەشیان هاوکات هی سیخوڕیی و هی شەڕن، ئەگەر فڕۆکەکانی جۆری ANKA بە بنەما بگرین، بۆ مانەوە لە ئاسماندا لە کاتژمێرێک چوار هەزار دۆلار تێچوویان هەیە، کە بە لانیکەمەوە چوار کاتژمیر لە ئاسمان دەمێننەوە، ئەمەش واتای ئەمەیە هەر جارێک و ١٦ هەزار دۆلار خەرجدەکەن.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری İHA-SİHA بە بەپێی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەسەر ئاسمان دەمێننەوە، دەوترێت تێچووی هەرجار فڕینیان بەرانبەرە لەگەڵ فڕینی فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری ئێف-١٦، ئەمە لەکاتێکدایە کە فڕۆکە سیخوڕییەکان لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تا ئیستا ڕۆژ نییە بەسەر ئاسمانی هەرێمەکانی گەریلادا نەسووڕینەوە و بە لانیکەمەوە هەر کامەیان و شەش کاتژمێر لە ئاسمان دەمێننەوە، هەروەها دەوترێت فڕۆکە سیخوڕییەکانی جۆری بەیرەقدار ٢٧ کاتژمێر و سێ خولەک لە ئاسمان دەمێننەوە.

تۆپ و هاوەن

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، ٣٢١ جار بە بە تۆپ و هاوەن هێرش کراوە، بەڵام ژمارەی ئەو تۆپ و هاوەنانەی هاوێژراون نەزانراوە، کە خەرجییان لە بواری کات و ژمارەدا جیاوازە، بەپیی زانیارییەکان تۆپێکی جۆری ئۆبوس لە کاتژمێرێکدا ٢٥٠ گولـلە ئاراستە دەکات، کە ئەگەر دوو کاتژمێر بەکاربێت، ٥٠٠ گولـلە دەهاوێت، نرخی هەندێک لە گولـلەکان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دۆلار و هەندێکیشیان لە سێ هەزار بۆ پێنج هەزار دۆلار جیاوازە، ئەگەر ئێمە نرخی هەر گولـلەیەک هەزار دۆلار حەساب بکەین، تەنها لە یەک کاتژمێردا بۆ هاویشتنی ٥٠٠ گولـلە هاوەن، ٥٠٠ هەزار دۆلار خەرجدەکرێت.

هەروەها لە دەستپیکی ساڵی نوێی زاینییەوە تا ١ی ئەم مانگە، ٦٦ هێرشی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە جەنگییەکان پێکهاتووە، کە ئەگەر لە هەر هێرشێکدا تەنها یەک فڕۆکە یان هێلیکۆپتەر بەکارهاتبێت، لە سەری ساڵەوە تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٤ ملیۆن و ٣٠ هەزار دۆلاری بۆ هێرشەکانی بۆسەر باشوری کوردستان خەرجکردووە، بەپێی زانیارییەکان، تێچووی هێرشە زەمینییەکان کەمتر لە تێچووی هێرشە ئاسمانییەکان نییە.

سەرچاوە:رۆژ نیۆز

ز.ش