رۆژنامەنووس زوبێر برۆادۆستی ئازاد کرا

دوای زیاتر لە چوار مانگ لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس زوبێر برادۆستی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پەدەکەوە، ئازاد کرا.

زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ڕۆژنیوز دوای زیاتر لە چوار مانگ لە دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پەدەکەوە، ئازاد کرا. ناوبراو چەندین تۆمەتی هێزە ئەمنییەکان ڕەتدەکاتەوە، هاوکات ڕەخنە لە ڕێکخراو و سەندیکاکان دەگرێت، کە بەبێ بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی، تۆمەتی پێشمەرگەبوونیان داوەتەپاڵ.

٢١ی مانگی ٧ی ئەمساڵ، رۆژنامەنووس زوبێر برادۆستی، لەلایەن هیزە چەکدارەکانی پارتییەوە دەستگیرکرا، دوای زیاتر لە چوار مانگ، دوێنی ئازاد کرا و دەربارەی تۆمەتەکانی سەری بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد.

هەر دوای دەستگیرکردنی، هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە ڕایانگەیاند، کە زوبێر برادۆستی پێشمەرگەی ئەوانە و دەستگیریان کردووە، ئەوەشیان گەیاندە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕادەربڕین، بەشێک لە سەندیکاو ڕێکخراوەکانیش ئەوەیان وەک بیانوویەک بینی بۆ بێدەنگیان لەسەر دەستگیرکردنەکە، بەڵام برادۆستی بەتوندی ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

زوبێر برادۆستی دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک ڕۆژێک لە ڕۆژان من پێشمەرگە نەبووم، چونکە ئەگەر پێشمەرگایەتیمان بکردایە کاری ڕۆژنامەنووسیم نەدەکرد، بەڵام ئەو تۆمەتەیان داوەتە پاڵم و بە بنەماڵەکەشمیان وتووە، ئێوەش بڵێن زوبێر پێشمەرگەبووە، ئەگینا سزای توندی دەدەین.

زوبێر نیگەرانە لە تۆمەتەکانی سەری و دەشڵێت:"ڕوو لە وەزارەتی پێشمەرگە و تەواویی فەرماندەییەکان دەکەم و دەڵێم، لای کێ پێشمەرگەم با ئاشکرای بکەن! کوا ناسنامە و بەڵگەنامەکانی من ئەگەر پێشمەرگەم؟ بۆیە هەمووی دوورە لە ڕاستییەوە و من تەنها وەک ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکراوم و هیچیتر".

زوبێر دەڵێت: ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنی من بووە، تەنها کارکردنم بووە لەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە سنووری سیدەکان، کە هێرشەکانیان بەردەوام بووەو گوندەکان داگیردەکەن، لەسەر خواستی ئەوانیش من دەستگیرکراوم.

زوبێر ڕەخنەی توند لە سەندیکا و ڕێکخراوەکان دەگرێت و دەڵێت:"بەبێ ئەوەی کەس لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکردنەکەم بکات، وتویانە پێشمەرگەیە و تەنانەت تۆمەتی سیخوڕیشیان خستووەتە پاڵم!، وەک داکۆکیان لێنەکردم، تۆمەتی زۆریشیان بۆ دروستکردم".

ز.ش