".. توڕەیى و ناڕەزایەتیى کۆمەڵگە گەیشتووەتە لوتکە. هەڵبەت رژێم لە توڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە زیاتر دەترسێت و هەست بە مەترسی دەکات. بۆ ئەمریکا گرنگ نییە، ئەو رژێمە گەندەڵ و زاڵمە چی بەسەر کۆمەڵگەکان و گەلاندا دەهێنێت و بەچییان دەگەیەنێت. بۆ ئەوان دەستەمۆکردن و بە چۆکداهێنانی ئەم رژێمە بەپێى سیاسەتە ئابووری و سیاسییەکانیان گرنگە".
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) شیکاریی بۆ دۆخی ئێستای ئێران کرد و رایگەیاند، دەستڕاگەیشتنی کۆمەڵگەکانى ئێران بە داوا ئازادیخوازانە و دیموکراتیکەکانیان پەیوەندیى بە "یەکگرتووی و یەکێتى لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و هەروەها دەستێوەردانە دەرکییەکاندا" هەیە.
دەقی چاوپێکەوتنى زیلان ڤەژین هاوسەرۆکى پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک).
ئاژانسى هەواڵی فورات: دۆخێکى پڕ لە گرژی لە ئارادایە، کە لە کۆتایى ٢٠١٩ و لە سەرەتای ٢٠٢٠دا بینیمان. ١٣ی بەفرانبار / ٣ی کانوونی دووەم، قاسم سولەیمانى لەلایەن هێزەکانى ئەمریکا لە بەغدا کوژرا و گرژیى نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە لوتکە، ئێوە لێکدانەوەتان بۆ ئەو دۆخە چییە؟ کردنە ئامانجی قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمریکاوە بە چ مانایەک بوو و هەڵگری چ پەیامێکە؟
زیلان ڤەژین: دواى دروستبوونی کۆماری ئیسلامى و بەهۆی ململانێ و ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە ناوچەکەدا لە نێوان رژێمى دەسەڵاتداری ئێران و ئەمریکا ناکۆکی دروستبووە، کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە. بەڵام تاوەکو کوشتنى قاسم سولەیمانى بەریەککەوتنى بەرامبەریانە رووی نەدابوو. هەر دوو سیستمەکە لە جەنگ لە دژی یەکتر سوودیان لە هێزە بە وەکالەتەکان وەردەگرت، بەو هۆیەوە زیانەکان بەشێوەى ناڕاستەوخۆ بوو. گرنگ ئەوە بوو ئەو پێکدادانانە لە دەرەوەى سنوورەکانى خۆیان روویان دەدا. بە تایبەت ئێران لەم ساڵانەى دوایدا بەشێوەیەکى بەرچاو لە ناوچە جیاجیاکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا خۆی جێگیرکردووە و لەو ناوچانەدا لە دژی بەرژەوەندی و دەسەڵاتى ئەمریکا دەجەنگێ. ئێران تاوەکو ئێستا پەیڕەوەیى لە ستراتیژییەک کردووە، کە لە روودا نەیاری و دژایەتیى ئەمریکا دەکات، بەڵام لەلایەکى ترەوە هەموو هەوڵی ئەوەیە پێکدادان و جەنگ دزە نەکاتە جوگرافیای ئێرانەوە. دەسەڵاتدارانى ئێران لە دواى دروستبوونی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدا بوون، کە لە ناوچەکەدا دەسەڵاتى زیاتریان هەبێت، بەڵام جەنگی ٨ ساڵەى لەگەڵ عێراق کاریگەریى لەسەر ئەو بەرنامەیە دروستکرد. لەو نێوانەدا ئێران هەوڵی دا ئەو بۆشاییە بە بەئایدۆلۆژیکردنى هێزەکانى خۆی و بەرەی روڵەتییانە لە دژی ئیمپریالیزم زەق بکاتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ بەو شێوەیە درێژەى پێداوە.
ناکۆکی و دژبەیەکبوونی نێوان ئێران و ئەمریکا هۆکارێکە بۆ قوڵبوونەوەى قەیران و چڕبوونەوەى گوشارەکان بۆ سەر ناوچەکە. ئەو ناکۆکییە لە بنەڕەتدا ناکۆکیى نێوان هێزێکى ناوچەیی (خۆجێییە) لە دژی هێزێکى دەرەکییە. ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانى خۆی لە ناوچەکە زیاد بکات و کاریگەریى سیاسیى خۆیشی زیاتر بکات. دەکرێت بڵێین، لە هەموو وڵاتانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا خۆی جێگیرکردووە، ئەو وڵاتانە کە نەچوونەتە ژێر باری ئەو گوشارانە رووبەڕووی گەمارۆ و سزادان بوونەتەوە. نمونەى بەرچاویشی ئێران و عێراقە. لە هێرشکردنە سەر عێراقدا توانیى سیاسەت و بەرنامەکانى بونیات بنێت. بەو شێوەیەش دەسەڵاتى سەدام لێکهەڵوەشا و سەدام حوسێنیان بردە ژێر پەتى لەسێدارەدان. ئێستا دواى چەند ساڵ لە جەنگ و پێکدادان و توندوتیژی و قەیران، خەڵکی عێراق و پەرلەمان داواى چوونەدەرەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکەن. ئەمە بابەتێکى زۆر گرنگە. کاردانەوەى گەل لە دژی ئەمریکا زۆر توندە، چونکە ئەمریکا چووەتە کام یەک لە وڵاتانى ناوچەکەوە لەو وڵاتەدا جەنگ و کێشمەکێشی توند زۆر بڵاوبووەتەوە. بابەتى چاەسەرنەکراو و رێگای دەرچوون لە ناو دەچێت. نمونەى زەقی ئەو راستییە عێراق، ئەفغانستان و سوریایە.
کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدی موهەندیس گورزێکى قورس بوو بۆ ئێران. لە راستیدا تاوەکو پێش ئەو رووداوە کێشمەکێشی نێوان ئەو دو هێزە تاوەکو ئاستێک بە بنەست گەیشتبوو. یان دەبوایە ئەو ناکۆکییانە کۆتاییان پێبهاتایە یان بچێتە قۆناغێکى ترەوە. هەر دوکیان لە گۆڕەپانەکانى سیاسەت، ئابووری و دیپلۆماسیدا جەنگی درێژخایەنیان هەبوو. گەرچی گەمارۆکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئێرانی خستە دۆخێکى دژوارەوە، بەڵام دۆخەکە نەگۆڕا و هاوسەنگیی پاراست. ئەو دوو هێزە لەو دۆخەدا بە ئەنجام نەگەیشتن. لە راستیدا ئەمریکا نایەوێت رژێمى کۆماری ئیسلامیى ئێران بگۆڕێت و لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو رژێمە راکێشێتە ناو سیاسەت و سیستمەکەى خۆی. ئەوە بەو مانایە نییە کوژرانى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپای قودسی سوپای پاسداران کۆتایى بەو بنبەست و ناکۆکییانە دەهێنێت، بە پێچەوانەوە جگە لە زۆرترکردنى کێشەکان و قەیران بە هیچ شوێنێک ناگات. لەو دۆخەشەدا گەلانى ئێران بە تایبەت گەلی کورد زیانى سەرەکییان بەردەکەوێت. گەلانى چەوساوە، ژنان، گەنجان و کۆمەڵگە زەحمەتکێشەکان تووشی زۆرترین زیانە قورسییەکانى جەنگ دەبن. لەگەڵ بەرزبوونەوەى قەیران، جەنگ و پێکدادانەکان، گوشار، توندوتیژی، دادۆشین و داگیرکردن و دەستدرێژیکردن زیاد دەکەن. لەم رووەوە هەرگیز جەنگ و بە تایبەت دەستێوەردانى دەرەکی چارەسەر نییە، بەڵکو کێشەکان قورستر دەکاتەوە. پارادایمی نەتەوەى دیموکراتیک و لەو چوارچێوەیەدا هێڵی سێیەم لە بەرژەوەندیى گەلان و گەلی کورددا دەبێت. ئەنجام و شێوەى ئەنجامدانى کارەکە یەکێتیى دیموکراتیک و سیاسەتى دیموکراتیکە. ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین، کە دەستێوەردانى دەرەکی بۆ ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان جگە لە قوڵکردنەوەى کێشەکانى ئێستا، هیچ بەر و ئەنجامێکى نابێت. تەنها لە رێگەى نەتەوەى دیموکراتیکەوە دەکرێت کێشەکان بەشێوەى دیموکراتیک و بنەڕەتى چارەسەر بکرێن.
ئاژانسی هەواڵی فورات: لە دواى هێرشی موشەکی سوپای پاسداران و خستنەخوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانییەکە، ناڕەزایەتییەکانى دژ بە حکومەت دەستیان پێکردەوە. هێشتا ژمارەى کوژراوانى ناڕەزایەتییەکانى گەڵاڕێزان رانەگەیەندراوە و پێدەچێت کۆماری ئیسلامى پێداگری لەسەر شاردنەوەی ژمارەى قوربانیانى ئەو کوشتارە دەکات، لە بەرامبەریشدا خەڵکى ئێران لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆیان دەڕەخسێت دەچنە سەر شەقامەکان و لە دژی رژێم دروشم بەرز دەکەنەوە، لێکدانەوەى ئێوە لەبارەیەوە چییە؟
زیلان ڤەژین: ئەگەر کۆمەڵگەکانى وڵاتێک لە هەر دەرفەتێکدا بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییەکانیان بەو پەڕی توڕییەوە بخەنەڕوو، ئەوە نیشانەى ئەوەیە لەو وڵاتەدا کۆمەڵگە لە دۆخێکى زۆر دژوار و قورس و لە ژێر گوشاری زۆردایە. سیستمى ئێران پەیڕەوی لە سیاسەتێک دەکات، کە رۆژانە گەلان گیرۆدەی قەیرانە کۆمەڵایەتى، سیاسی، ئابووری و کولتورییەکان بکات. دۆخی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆی دەستێوەردانى هێزە دەرەکییەکان و ملهوڕی و دەسەڵاتخوازیى رژێمە حاکمەکانى ناوچەکە بە بەردەوامى لە قەیراندایە. ئێرانیش لە دۆخێکى لەو شێوەیەدایە. کۆمەڵگەکان زیاتر لە هەموان لەو دۆخەدا زیانیان بەردەکەوێت. رۆژانە چەندین کەس بەهۆی سیاسەتە نا دیموکراتیکەکانى رژێمى حاکمەوە دەستگیردەکرێن و سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، کوشتار و بێسەروشوێنکردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت. سەرباری توندوتیژییە زۆر قورسەکان و دۆخی داسەپێنراوی لەرادەبەر، کە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە، خەڵکی ئێران بە ئازاییەکى گەورەوە لە دژی ئەو رژێمە رادەپەڕن. ئەوە جێگاى تێڕامانە، کە لە ناوەندە ئایدۆلۆژییەکان و ئەو ناوچانە کە لە رووی سیستمەوە پێگەى گرنگی ستراتیژییان هەیە، ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە تیاندا رووی لە زیادبوون کردووە. ئەوەش نیشانەى لاوازی و لەرزۆکی زۆر قورسی دەسەڵاتە.
ئێران سیاسەتى کوشتار و کوشتاری کولتوری و جەستەیى بەشێوەیەکى شاراوە بەسەر کۆمەڵگەدا بەڕێوە دەبات. گەلانى دانیشتوی ئێران ئیدی بە هیچ شێوەیەک ئەو رژێمە قبوڵ ناکەن. داواى سەرەکیى کۆمەڵگە گۆڕینى ئەو رژێمە زاڵم و نادیموکراتیک و بە تایبەتى یاسایا سەپێنراوەکانی بەسەر ئێراندا دەکەن. لە ناڕەزایەتییەکانى ساڵی ٢٠١٧، کە لە مانگی بەفرانباردا روویاندا، گەل دروشمی دژ بە رژێمیان بەرزکردەوە. ئەو خۆپیشاندانانە هێشتا بەردەوامییان هەیە. هەڵبەت لە دواى هەر شەپۆلێک لە ناڕەزایەتییەکان بەشێک لە هێزەکان خواستیان دەست بەسەر ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی کۆمەڵگەدا بگرن و خۆیان بە رێکخەری ئەو خۆپیشاندانانە نیشان بدەن. بەڵام راستییەکە ئەوەیە، کە گەلانی دانیشتوی ئێران و هەموو چین و توێژەکان لە ناوچە جیاجیاکان بەشدارییان لەو خۆپیشاندانە سەرتاسەریانەدا کرد و بەشێوەیەکى زۆر روون ناڕەزایەتیى خۆیان و داواکانیان خستەڕوو. لە کوشتارەکەى مانگی گەڵاڕێزاندا، کە رژێمى داگیرکەر و ملهوڕی ئێرانی ئەنجامی دا، ئەوە بینرایەوە، کە ئەو توڕەیى و توندوتیژییەی لەلایەن ئەو رژێمەوە لە دژی خەڵکی ئەو وڵاتە ئەنجامیداوە، هەرگیز لە دژی هێزە دەرەکییەکان ئەنجامی نادات. ئەوەش نیشانەى خاڵی لاوازیى رژێمى ئێرانە. خامنەیى هەوڵیدا کوژرانى قاسم سولەیمانى (گوایە) بکاتە ئامڕازێک بۆ یەکگرتوویى لە نێوان گەل و حکومەتدا، بەڵام لەو کارەدا سەرنەکەوت، چونکە بەهۆی ئەو بۆشاییانەى لەو سیستمەدا دروستبووە، ئیدی ئەو سیستمە ناتوانێت بەمزوانە وەڵامێک بدۆزێتەوە بۆ قەیرانە ناوخۆییەکان.
رژێمى ئێران لەم ماوەیەدا لە هەوڵدایە گەمارۆکانى ئەمریکا سست بکات و لە گوشارە زۆرەکانى ناڕەزایەتیى ناوخۆیى رزگاری ببێت، بەڵام ئەوە روونە ئەوەى بەسەر گەلانیدا هێناوە دەبێتە هۆی ئەوە گەلان هەرگیز رێگا بەو رژێمە نەدەن، کە بە ئاسانی درێژە بە دەسەڵات و حوکمڕانیى خۆی بدات. توڕەیى و ناڕەزایەتی کۆمەڵگە گەیشتووەتە لوتکە. هەڵبەت رژێم لە توڕەیى و ناڕەزایەتى کۆمەڵگە زیاتر دەترسێت و هەست بە مەترسی دەکات. بۆ ئەمریکا گرنگ نییە ئەو رژێمە گەندەڵ و زاڵمە چی بەسەر کۆمەڵگەکاندا دەهێنێت و گەلان دەخاتە چ دۆخ و رۆژگارێکەوە. بۆ ئەوان دەستەمۆکردن و بە چۆکداهێنانی ئەو رژێمە بەپێى سیاسەتە ئابووری و سیاسییەکانیان گرنگە. گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران تەنها بۆ ئەو ئامانج و نیازەیە. ژنان، گەنجان، مامۆستایان، خوێندکاران، فەرمانبەران، کرێکاران و بە تایبەت هونەرمەندان بە خستنەڕووی کاردانەوەى شیاو و گونجاو بۆ مافەکانیان توڕەیى و ناڕەزایەتییان لە دژی ئەو رژێمە نیشاندا. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت، کە رژێمى دەسەڵاتدار بە کوژرانى قاسم سولەیمانى و چڕبوونەوەى دژبەیەکییەکان و ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا، هەوڵ دەدات بابەتى کوشتار و کوشتارەکانى گەڵاڕێزان بە فرت و فێڵ و تەڵەکەبازی پاساوی بۆ بهێنێتەوە و بشارێتەوە.
ئاژانسى هەواڵی فورات: ڕژێمی ئێران چ هەڵبژاردەیەکی لەبەردەستدایە؟
زیلان ڤەژین: ڕژێمی دەسەڵاتدار و زۆردار خاوەنی هیچ جێگرەوەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان نییە. ئەگەر خاوەنی جێگرەوەیەک و چارەسەریەک بووایا، نەدەکەوتە ئەم دۆخەوە و ڕێگای نەدەدا بەم شێوەیە بێمتمانە و بێنرخ ببێت. ڕژێم بۆ بەردەوامیدان بە تەمەنی تەنها ڕێگای گەندەڵی و سەرکوتکردنی هەڵبژاردووە. بێگۆمان ئەوە ڕێگای چارەسەری نییە. دەوڵەت تەئکید لەسەر سیاسەتی سەرکوتکردن لەدژی کۆمەڵگا دەکاتەوە. دۆخی ڕژێم ناڵەبار و خرابە. هەرچەندە دەیەوێت وا خۆی پیشانبدات کە پارچە نەبووە و هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام ڕژێم بەسەر گروپی جیاوازدا دابەش بووە و لەنێوان ئەو گروپە دەسەڵاتخوازانەدا بۆ زیادکردنی نفوز و هێز ناکۆکی زیاتر دروست بووە. ئەو هێزانەی زیاتر دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، دەستیان بە پاکسازی ناوخۆیی کردووە و ئەو کەسانەی گۆمانیان لێدەکرێت، دەستگیریان دەکات. کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکدایە کە لە سێبەرەکەشی دەترسێت.
گەلانی ناوچەکە نە لایەنگری دەستوەردانی دەرەکی و نە لایەنگری نەتەوە – دەوڵەتن. گەل لە خۆپیشاندانەکانی عێراق دروشمی دژی ڕژێمی ئێران دەڵێتەوە. لەبەرئەوەی حکومەتی ئێران عێراقی داگیرکردووە. بەڵام بە هۆی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە خاکی عێراقدا، ئەمجارە گەلان داوار کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن. ئەوانەی بەشداریان لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی قاسم سولەیمانیان کرد، پشتگیری خۆیان بۆ دەوڵەتی عێراق و سوپاکەی دەربڕی. چەند رۆژ دوای ئەوە وێنەی ئەوەیان سوتاند و لەدژی خامنەیی دیکتاتۆر دروشمیان وتەوە. ئەمەش پیشان دەدات ئەو هێزانە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەدژی کۆمەڵگا کار دەکەن و هیچ ڕێگایەکی چارەسەری دیموکراتیان پێنیە و هیچ کاتێکیش قبوڵناکرێن. لە ئێستادا دۆخی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە لەبار نییە. واتە لە ناوەوە تووشی قەیران بووە و بە بەردەوامی گەل خۆپیشاندان ئەنجامدەدات و ناڕازیە و لە دەرەوەش سیاسەتەکانی لەگەڵ زلهێزەکان ناگونجێت و بەردەوامی بە شەڕی دەسەڵات دەدات. لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هێزە بیانیەکان لەناو شەڕدایە. بۆیە ڕژێمی ئێران هەوڵدەدات خۆی لەم دۆخە ڕزگار بکات.
ئاژانسى هەواڵی فورات: بە پێی زانیاریەکان قەیرانەکە لە لایەک لەنێوان خامنەیی و سوپای پاسدارانە و لە لایەکی ترەوە لەنێوان ڕیفۆرمخوازەکان و ڕوحانی دایە. بۆ نمونە لە ئێستاوە باس لە دوورخستنەوەی رێفۆرمخوازەکان لە ئیدارەی کاروباری سیاسی و لە ساڵی تازەدا باسی ئەو ڕێکارانە دەکرێت. ئایا ئەم حکومەتە ڕادەستی سوپای پاسداران دەکرێت؟ سوپای پاسداران دەتوانیت ئێران بەڕێوەببات؟
زیلان ڤەژین: لە مەیدانی سیاسەتی ئێراندا سێ هێزی توندڕەو، ڕیفۆرمخواز و میانڕەو بوونیان هەیە. پێکهاتەی دەوڵەتی ئێران لەم هێزانە پێک دێت. بەڵام دەبێت بزانرێت لەو ڕۆژەوەی ڕژێم دامەزراوە و تا ئێستا ئیران لە لایەن توندڕەوەکانەوە بەرێوەدەبرێت. ڕژێم بە گوێرەی خواستی خومەینی و دوای ئەوە خامنەیی دروست بووە. توندرەوەکان و ڕیفۆرمخوازەکان دوودیوی سکەیەکن. ئەو دوو هێزە بە پیی یەک ئایدۆلۆژی و یەک دەستووری بنەڕەتی و یەک ڕژێمدا کار دەکەن. لە ڕاستیدا هەردوو هێزەکە دەسەڵاتخوازن و سەرمایەدارن. ئەمەش داواکاری کۆمەڵگا لە دەوڵەتێک نییە. لە ڕژێمی دیکتاتۆری ئیراندا لەدەرەوەی ئەو پیوانانەی لە لایەن دەسەلاتەوە ناتوانرت هیچ چالاکیەکی سیاسی ئەنجامبدرێت. دەسەڵات بە تەواوی لە کۆنتڕۆلی ولایەتی فەقێ و خامنەیی خۆیدایە. هیزەکانی سوپاش خاوەن ڕۆڵێکی گاریگەرن و سەر بە سەرۆکایەتین. دەوڵەت سیاسەتی سوپا دیاریناکات و هیچ ڕۆلیکی لە سوپای پاسداراندا نییە.
لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەدا بینیمان هێزەکان دەوڵەت و دەسەڵات، سوپا و دەوڵەت، رووبەڕووی ناکۆکی و لەتبوونەوە بوونەوە. سوپا هێزی ولایەتی فەقێیە. قاسم سولەیمانی پێشەنگیان بوو. سوپا هێزێکی ئایدۆلۆژی و سیاسیە. لە ناوچەکە و دەرەوە ڕێکخستنەکانی بەهێز کردووە. سوپا کە خاوەن هێزێکی بەم شیوەیەیە، دەسەڵاتی بەسەر دەوڵەتیشدا هەیە، نەک دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت. خامنەیی سیاسەتی ناوخۆ بە پێی سوپا دادەڕێژێت. لە ناوچەکەش فەیلەقی قودسی سەر بە سوپا ئەو ڕۆلە دەبینێت. قاسم سولەیمانی نزیکترین کەسی خامنەیی بوو. بەم پێیە، زیاتر لە دەوڵەت ، سوپای پاسداران لە ناوخۆ و دەرەوە و لەبەرامبەر کۆمەڵگا و سیاسەتی دەرەوە کاروبارەکان بەڕێوەدەبات و سیاسەتی خامنەیی پەیڕەو دەکات.
هێزی ڕیفۆرمخواز نەیانتوانی نفوزی خۆیان لە کایەی دەسەڵاتدا جێگیر بکات. بە درێژایی کات، لە ژێر سیاسەتی دەسەڵات بێدەنگیان هەڵبژارد. لە ئێستادا دەسەڵات لەدەست هێزی توندڕەوە. هێزە توندڕەوەکەش لە ئەندامانی سوپا پێک دێت. ئیدارەی وڵاتیش لەدەست سوپادایە. دەوڵەت ناتوانێت لەدەرەوەی خواستی سوپا، هیچ بڕیارێک بدات. وەک هێزێکی مەدەنی لە ناو کۆمەڵگادا کار دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە ڕێگەی هێزەکانی وابەستەی خۆی، کارەکانی ئەنجامدەدات.
ئاژانسى هەواڵی فورات: مانگێکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئێران بەرێوەدەچێت. ئایا ئەم هەڵبژاردنە شتێکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆی دینێت؟
زیلان ڤەژین: هەڵبژاردن شتێکی نوێ بۆ ئێران لەگەڵ خۆی ناهێنیت. کاندیدەکان کە بەشداری لە هەلبژاردندا دەکەن، پێویستە لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دیاریبکرێن. ئەو کاندیدانەی لە لایەن دەسەڵاتەوە پەسەند نەکرێن، لە لیستی کاندیدەکان دەردەکرێن. ئەوەش دەرگای پەرلەمان لە ڕووی ئازادی هەڵبژاردنی گەلان دادەخات. ئەوانەی کە دەبنە پەرلەمانتاریش پێویستە بە پێی پێوانەکانی دەسەڵات بجولێنەوە. لە ڕاستیدا هەڵبژاردن لە ئێران بە پێچەوانەی پێوانەکانی دیموکراسیە. لە ئێران پەرلەمان و هەڵبژاردن ناتوانن کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن. پەرلەمان جگە لە نمایشێکی دەسەڵات شتێکی تر نییە. هەلبژاردن بە شێوەیەکی دیموکراتیک بەڕێوەناچێت. کەسانی سەر بە ڕژێم کاندید دەکرێن. گەلانی ئێران چەندین ساڵە بە هیوای گۆڕینی ڕژێم بەرەو ناوەندەکانی دەنگدان دەڕۆن. بەلام جگە لە بێهیوایی و دەسەڵاتی زیاتری دەوڵەتمەداران هیچی تریان دەستناکەوێت. هەر هەلبژاردنێک بە پێی هەلبژاردنی پێشوو دۆخەکە خرابتر دەکات.
ئاژانسى هەواڵی فورات: کورد و گەلان تری ئیران چۆن دەتوانن لەم دۆخەدا داواکاریەکانیان بەدەست بینن و لە کێشەکانی ناوخۆیی و دەرەکی خۆیان بەدووربگرن؟
زیلان ڤەژین: ڕژێمی ئێران لە ئێستادا لەنێوان دوو بەرداشدایە و فشارێکی زۆری لەسەرە، یەکەم فشاری کۆمەڵگایە کە ڕژێم ناچار بە گۆڕانکاری دەکات. لە لایەکی تر فشاری هیزە دەرەکیەکان بە تایبەتی ئەمریکایە کە دەیەوێت بەرەو هێڵی خۆی ڕاکێشێت. لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا یەکێتی نێوان گەلی کورد و گەلانی تر لە ئیران و تێکۆشانی هاوبەش، ڕژێم ناچار دەکات هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری بنێت. هێزەکانی دەرەوە دەیانەوێت ڕژێم بگۆڕن و بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیانن و ئامانجییان دیموکراسی نییە. ئەوانیش دەزانن کێشەی سەرەکی، ڕژیمی دیکتاتۆر و نادیموکراسیە کە لەدژی مافی کۆمەڵگا و گەلانە. بەڵام بۆ ئەوان ئەو پرسانە گرنگ نین. لەبەرئەوە فشار و سزاکانی سەر ئێران دۆخەکە خرابتر دەکات. گەل لە ئێران دەتوانێت بۆ هێزێکی سەرەکی و پیشەنگ لە چوارچیوەی یەکگرتنی دیموکراتیکی گەلان بگۆڕێت. لەبەرئەوەی گەلی کورد زیاتر ئیش و ئازار و ناخۆشی بەدەست ئەم ڕژێمە بینیوە. کۆمەڵگایەک کە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە فشارێک بووەتەوە، هیچ هیوایەکی بە ڕژێمی نەماوە و دەتوانێت فراوانکردنی تیکۆشان لە ئاستیکی باڵا بە ئازادی بگات. گەلانی ستەملێکراو نرخی تیکۆشان دەزانن و بە شێوەیەکی بێباکانە لەدژی رژێمی دیکتاتۆر خەبات دەکەن. لەگەل ئەم دۆخە خرابە، گەلی کورد دەتوانیت بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی خۆی لە تێکۆشان لەدژی هێزی دەسەڵات و بۆ دیموکراتکردنی کۆمەڵگا ڕۆڵی سەرەکی ببینێت.
ئەگەر گەلی کورد بە شێوەیەکی ئاگایانە ڕۆلی خۆی بەرامبەر یەکیتی گەلانی فارس، ئازەری، بەلوچ و عەرەب ببینێت، دەتوانێت ئازادی و دیموکراسی جیگیر بکات. عەقلیەت و لۆژیکی دەسەڵات و دەولەت ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. ئەمرۆ لە ئێران گەنجان، ژنان، کرێکاران و گەلانی ستەملیکراو بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا دەتوانن ڕۆڵیکی گەورە ببینن. ئەمەش دیموکراسی بۆ ئێران فەراهەم دەکات. لە لایەکی ترەوە ڕژێمی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکان و هێرشە دەرەکیەکان پێویستە گۆرانکاری لە دەستووری بنەڕەتی و سیستمدا بکات. پڕۆژەی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە هەموو شوێنێکی تر لە ئێران دەتوانیت جێگیر بکرێت و ئەنجام بەدەست بێنێت. دەوڵەت و حکومەت پێویستە داواکاریەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بخوێننەوە و ڕێز لە ئیرادەی گەلان بگرن. ڕژێم داوا لە خەلک دەکات بەرگری لێبکەن و لەدژی هێزە دەرەکیەکان یەکگرتوو بن و لەبەرئەوە پێویستە لەم دۆخەدا ڕژێم داواکاری گەلان بە باشی ببینێت و جێبەجییان بکات. جگە لە دیموکراسی راستەقینە، ئێران هیچ جێگرەوەیەکی تری نییە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیران و کێشەکان. ئەگەر ڕژێم درک بەمەوە بکات، هەنگاوێکی زۆر عاقلانە دەبێت. هەموو ڕژێمەکانی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە یەک جۆر سیستم بۆ کۆمەڵگا دادەنێن و بێگۆمان هیچ ئەنجامێکیشیان بەدەست نەهێناوە و ناتوانن ئیرادەی گەلان بشکێنن و بێدەنگیان بکەن. ٤٠ ساڵە دەسەلاتی ئێران سیاسەتی دژی دیموکراسی لەبەرامبەر گەلان ژێردەستە پەیڕەو دەکات و بە تایبەتی لەدژی گەلی کورد ئەم سیاسەتە پەیرەودەکات. ئەم گەلانە لە توندترین شێوەی فشار، بە کۆمەڵکوژی زیندان، سێدارە خۆیان ڕادەست نەکرد و دەوڵەتی ئێران ڕووبەرووی ناڕەزایی زیاتر بووەوە. سیاسەتی دیموکراتیک گۆرانکاریەکی گەورە لە ئیران، ناوچەکە و جیهان لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بە پێچەوانەوە کۆتایی بە ڕژیم دێت. پێویستە فەراموش نەکرێت، هێزی گەلان، گەورەترین هێزە.
ف.ق