زیندانیانى ئاسایى بە هاندانی بەرپرسان هێرشیان کردە سەر زیندانیانی سیاسیى کورد

بەهۆی هاندانی بەرپرسی بەشی گەنجانی زیندانی ورمێ، تۆمەتبارانی ئاسایى ئەو زیندانە هێرشیان کردە سەر ٧ زیندانى سیاسیی کورد لەو بەشدا و پێکدادان روویدا.

رۆژی یەکشەممە ٤ی رەشەمە / ٢٣ی شوبات و بەهۆی هاندانی بەرپرسی بەشی ٤ی زیندانی ورمێ "سەید فاتمی" لە نێوان زیندانیانى ئەو بەشە و ٧ زیندانی سیاسیی کورد، کە لە مانگرتن لە خواردندان شەڕ و پێکهەڵپژان روویدا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، زیندانیانى تورکی بەشی گەنجان لە زیندانی ورمێ بە هاندانی بەرپرسی ئەو زیندانە هێرشیان کردووەتە سەر ٧ زیندانیى سیاسیی کوردی مانگرتوو و بۆ ماوەى نیو سعات شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە.

حەوت زیندانی سیاسیی کورد لە بەشی گەنجانی زیندانى ورمێ بە ناوەکانى کامەران دەروێشی، سیامەک ئەشرەفی، رەزا ئیسماعیلی، کەیوان رەشۆزادە، کەیوان زارع، ئومێد سەعیدی و کامەران قاسمی لە رۆژی شەممە ٣ی رەشە / ٢٢ی شوبات بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر جیانەکردنەوەیان لە زیندانیانى ئاسایی و تەرخان نەکردنى ژووری تایبەت بۆیان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

دوێنێ دوشەممە ٦ی رەشەمە / ٢٣ی شوبات لە ئەنجامی پێکدادان لە بەشی گەنجان ٤ کەس برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە. دواى ئەو رووداوە پاسەوانەکانى زیندان هێرشیان کردە سەر بەشی گەنجان و ٤ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی کامەران دەروێشی، کامەران قاسمی، کەیوان رەشۆزادە و کەسێکى تریان بردووە بۆ ژووری تاکە کەسیی بەشی چاوەڕوانیى زیندان.

سیامەک ئەشرەفی لە رۆژی ١ی رێبەندان / ٢١ی کانوونی دووەم و بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر داواى ئازادیى مەرجدار و بێڕێزیی کارمەندان و فەرمانبەرانى لقی ٩ی جێەجێکردنى سزاکانى دادگای ورمێ بە بنەماڵەکەى، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردبوو و لە رۆژی ٢٦ی رێبەندان / ١٥ی شوباتەوە و لە بەردەوامیى پشتگوێخستنى داواکانى لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە مانگرتنەکەى گۆڕی بۆ مانگرتنى وشک.

سیامەک ئەشرەفی هاووڵاتیی خەڵکى ورمێ لە ٢٣ی جۆزەردانى ١٣٩٥ /  ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و دواى چەند مانگ لە لێکۆڵینەوە لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا" سزای ٥ ساڵ زیندانیى بەسەردا سەپێنرا و هەروەها بەهۆی "هەڵهاتن لە خزمەتى سەربازی" سزای ٨ مانگ زیندانیی تری بۆ بڕایەوە. ئەو زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٦ / تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دا و لە دژی نەگواستنەوەى بۆ بەشی زیندانیانى سیاسی بۆ ماوەى هەفتەیەک دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردبوو.

کامەران دەرویشی هاووڵاتیى کوردی خەڵکی ورمێ ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥ / ٨ی ئایاری ٢٠١٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ورمێ دەستگیرکراو و بۆ ماوەى ٢ مانگ لە زیندانی ئیتاڵاعاتی شاری ورمێ دا لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوو.

کامەران دەروێشی لە مانگی گەڵاڕێزان (تشرینی یەکەم)ی رابردوودا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ورمێ بە سەرۆکایەتى دادوەر شێخلو و بە تۆمەتى "هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان" سزای ٥ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئەو زیندانییە سیاسییە  پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٠ و ٩ ساڵ لەوە پێش بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانى کوردستان – پەکەکە" دەستگیرکرابوو و سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرابوو و دوای ٣ ساڵ و بە مەرج ئازاد کرابوو.

کەیوان زارع و رەزا ئیسماعیلی ٢ کەس لە دەستگیرکراوانى کۆبوونەوەى ناڕەزایەتیى خەڵکی ورمێ بوون لە دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوور و باکووری رۆژهەڵاتى سوریا (رۆژئاوا) و لە ٢٠ی رەزبەر / ١٢ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون.

ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردە ماوەیەک پێش دەستگیرکردنیان لەلایەن لقی دادگای شوڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیى دادوەر چابوک و بە تۆمەتى "پڕوپاگەندە لە دژی رژێم" سزای ساڵێک زیندانی بۆ هەر یەکێکیان بڕابوویەوە. ئێستاش بۆ تەواوکردنى سزاکەیان گواستراونەتەوە بۆ زیندانى ورمێ.

کامەران قاسمی، کەیوان رەشۆزادە و ئومێد سەعیدی ٣ هاووڵاتیى تری خەڵکی ورمێن، کە نزیکەى ٥ مانگ لەوە پێش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و رەوانەى زیندانى ئیتڵاعاتی ورمێ کرابوون و دواى چەند هەفتە لە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیان گواسترانەوە بۆ زیندانى ناوەندیى ورمێ.

ژ.ت