لەگەڵ دەستپێکردنى شەڕ لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ دا پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لە زیندانەکانى تورکیادا زۆر زیادیان کردووە. ئەشکەنجەکردن و هەڵسوکەوتى خراپ و توندوتیژانە لە زیندانەکاندا لە دژی زیندانییەکان ئەنجام دەدرێت. داواى زیندانییەکان بۆ گواستنەوەیان لە زیندانە دوورەکانەوە بۆ زیندانە نزیکەکان لە زێدی خۆیان پشتگوێ دەخرێن. نامە ناردن و هێنان گرفتى زۆری بۆ دروست دەکرێت. دەستبەسەر کتێبەکاندا دەگرن و چەندین کردەوەى میزاجی و پێشێلکاری بەرامبەر بە زیندانیان ئەنجام دەدەن.
عەبدوڵا زەیتون سەرۆکی لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) لە ئامەد لەبارەى پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ لە زیندانەکانەدا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات(ANF) دوا.
"بەڕێوەبەریى زیندانەکان لە ژێر فەرمانی دەسەڵاتی سیاسیدان"
زەیتون رایگەیاند، بەرێوەبەریى زیندانەکان لە ژێر فەرمانى دەسەڵاتى سیاسیدان و پێشێلکاریى میزاجییانە ئەنجام دەدەن. راشیگەیاند "ئەو پێشێلکارییە میزاجیانە بوونەتە شێوازێکى قورس و چڕ بۆ ئەشکەنجەکردن".
زەیتون راشیگەیاند "ئاگاداری بەشێکى زۆر لە پێشێلکارییەکانى ناو زیندانەکان نیین. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەڕێوەبەریى زیندانەکان رێگا نادەن ئەو زیندانیانەى توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە، باسی توندوتیژییەکە بکەن".
زەیتون ئەوەشى وت، بەڕێوەبەرانى زیندانەکان مافی زیندانییەکان پێشێل دەکەن و مافەکانیان لەبەرچاو ناگرن و بە چەندین شێواز پێشێلکاری و ناهەقی بەرامبەر بە زیندانییەکان ئەنجام دەدەن.
سەرۆکی لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ لە ئامەد وتیشی، تەنانەت رێگری لە مافی تەندروستیى زیندانییەکان دەکرێت و رێگایان پێنادەن چارەسەرییان بۆ بکرێت. لە زۆریک لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن. لە زیندانەکانى خارپێت، پاتنۆس و تارسوس پێشێلکاریى زۆر چڕ و قورس بەرامبەر بە زیندانییان هەیە.
"پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ نیشانەى بەردەوامیى سیاسەتى سزادان و ئەشکەنجەکردنە لە دەرەوەی یاسا"
زەیتون لە بەردەوامیى قسەکانیدا باسی ئەوەیکرد، گوشار و زۆرداری زیندانەکان نیشانەى بەردەوامیدانە بە سیاسەتى سزادان و ئەشکەنجەکردن، بە تایبەت کە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی پێشێلکاری و ملهوڕییەکانییەوە بەرامبەر بە زیندانییەکان لێپرسینەوەى لەگەڵدا نەکراوە. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەسەڵاتی سیاسی دادگاکانى خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. بەو هۆیەوە سزادان و ئەشکەنجەکردن لە دەرەوەی یاسا بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنرێت و لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن".
زەیتون ئەوەی بیرخستەوە، لە زیندانەکاندا ژمارەیەکى زۆر زیندانى کە نەخۆشیى قورسیان هەیە راگیراون و دەبێت ئەو زیندانییانە بە خێرایی ئازاد بکرێن. ئیهادە ئاماری ٦٠ زیندانیى لەلایە کە نەخۆشیى قورسیان هەیە و پێویستە بە خێرایى ئازاد بکرێن.
زەیتون لە بەشێکى تری قسەکانیدا وتى، دەسەڵاتى سیاسی هەوڵ دەدات دەزگا و کەرت و رێکخراوەکان و یەکێتیى پزیشکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئەو کارەش بۆ ئەوە دەکات کە بە تەواوی رێگری لە راپۆرتى ئەشکەنجەدانى زیندانییەکان، راپۆرتى باری تەندروستیى زیندانییەکان، راپۆرتى پێویستیى زیندانییەکان بە چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەى زیندانەکان بکات و لە بەرامبەردا بە بڕیاری سیاسی و میزاجی هەموو داواکانى زیندانیان رەت بکاتەوە.
"لە زیندانی خارپێت دا مافەکانى مرۆڤ لە بەرزترین ئاستدا پێشێل دەکرێن"
عەبدوڵا زەیتون ئەوەشى خستەڕوو، یەکێک لەو زیندانییانەى کە زۆرترین مافەکانى مرۆڤی تیادا پێشێل دەکرێت، زیندانەکانى ژمارە ١ و ٢ی خارپێت-ن و لەبارەى پێشێلکارییەکانى ئەو زیندانانە وتی "سەرباری ئەوەى بڕیاری کۆکردنەوەى کتێب لە زیندانەکاندا بوونی نییە، بەڕێوەبەرانى ئەو زیندانە بەشێوەى میزاجی هەڵدەکوتنە سەر ژوور و قاوشی زیندانییەکان و دەست دەکەن بۆ کۆکردنەوەى کتێبەکان. هەروەها بەپێى میزاجی خۆیان کتێبە کوردییەکان رادەستى زیندانییەکان ناکەن".
ئەوەشی وت "ئەو کتێبانەى کە لەلایەن زیندانییە سیاسییەکانەوە نووسراون، بەهۆی هەڵکوتانە سەر قاوشی زیندانەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و رێگا نادەن لە قاوشەکان بهێنرێنە دەرەوە. زیندانییە سیاسییەکان بەرەنگاری ئەو رەفتارە بوونەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتیى زیندانییەکان بێ ئەنجام بووە".
ر.م