زەینەب جەلالیان ،هەموومان پێکەوە لەدژی سێدارە بووەستینەوە

زەینەب جەلالیان، ژنەزیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی، لە بەندیخانەوە نامەیەکی سەرئاوەڵەی ئاراستەی ڕایگشتی کردووە و داوای بەرینتر کردنی ناڕەزاییەتییەکانی کردووە بۆ لابردنی سزای سێدارە.

 

زەینەب جەلالیان، کە لەسەرەتادا سزای سێدارەبوو و پاش چوار ساڵ لە دادگای پێداچونەوەدا سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکراوەتەوە، لەدژی سزای سێدارە نامەیەکی بڵاوکردەوە.

زەینەب نووسیویەتی: ڕامین، زانیار، لوقمان و کەمال و کەسانی دیکە، کە بە سێدارە سزادراون، هەر ئێستا کە ئەو نامەیەتان بۆ دەنووسم ناخم پڕە کە ئازار و خەم، ئێوە بۆ کامە لە ئازار و ڕەنجەکانی خەڵکی نیشتمانەکاتان دەنگتان هەڵبڕیوە کە ئاوا بە سێدارە سزادراون؟

ئێوەش ئەو کۆڵبەرانەتان بینیوە؟ کۆ بۆ پاروویەک نان گیانە ئازیزەکەیان دەنێنە پەلی دەستیانەوە، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا کەسێک کە کاردەکات هەقدەستی دەدرێتێ، بەڵام کۆڵبەرە کوردەکان لە بەرامبەر ئەو کارەی دەیکەن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە گولـلەیان دەدرێتێ، یان ئەو دایکەی لەگەڵ منداڵە وردەکانی لە کورەخانەکاندا کرێکاری دەکات و بەشی لەم کۆمەڵگا پیاوسالارە دژەژنە تەنیا جیاکاری و ئازارە.

هەروەها، نووسیویشییەتی: یان ئەو ژنەگەنجەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی جیاکاری لە بەرامبەر چاوە پڕلە فرمێسکەکانی دایکیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، یان ئەو منداڵەی بۆ پەیداکردنی پاروویەک نان سەتڵەزبڵەکان دەگەڕێت، ئێوە دەنگدانەوەی کامە لەو ئازارانەن ئازیزانم؟ نازانم ئەو سزای چییە بەسەرتاندا سەپێندراوە، سزای کوردبوونتانە یان مرۆڤدۆستیتان؟

زەینەب جەلالیان لە کۆتاییدا نوسیویەتی: ئەگەر سزای تێکۆشان لەدژی ستەم سێدارەیە، کەوایە ئەوانەی گەنجانی نیشتمانەکەمان بە سێدارە سزادەدەن، دەبێت لە کامە دادگادا دادگایی بکرێن و چۆن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت؟ خەڵکانی ئازیزی ئێران و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، من وەک زیندانییەک کە ساڵانێکی درێژ لە ژێر سزای سێدارەدا بووم لە پشت دیوارەکانی زیندانی ئەو زۆردارانەوە، داواتان لێدەکەم کە هەموومان پێکەوە لەدژی سزای سێدارە بوەستینەوە و ڕێگانەدەین، کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرژەوەندییە نامرۆیانەکانی دایک و باوکی ئەو زیندانییە سیاسیانە تەعزیەبار بکات، وەرن هەموومان پێکەوە لەدژی ئەو سزایەی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست بوەستینەوە، چونکە بێدەنگیمان مۆری پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی ڕامین، لوقمان، زانیار، هدایەت، کەمال و زیندانییە سیاسییەکانی دیکەیە.

ک