سبەینێ گەلی باشووری کوردستان لە دژی داگیرکەر دەڕژێنە سەرشەقامەکان

بەرەی نیشتمانیی دژی داگیرکاریی بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، کە لە ٩ شار و شارۆچکەی باشوری کوردستان ڕێپێوانی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان ئەنجامدەدرێت.

 

بەرەی نیشتمانیی دژی داگیرکاریی ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ لە پارکی نالی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەرێوەبرد، لە کۆنگرەکەدا بەرنامەی بەرەکە بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوانەکانی سبەینێ شەممە ٧ی تەموز/١٦ی پووشپەر لە دژی داگیرکاریی لە باشوری کوردستان ئاشکراکرا.

بەکر شێخ سەلام، ئەندامی بەرەی نیشتمانی دژی داگیرکاریی ڕاگەیەندراوی بەرەکەی خوێندەوە و ئاشکرای کرد: سبەینێ لە شار و شارۆچکەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، کەلار، دەربەندیخان، ڕانیە، هەڵەبجە، قەلادزێ و چەمچەماڵ ڕێپێوان ئەنجامدەدرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم گیرا و تێیدا وترا: ئەو بەرەیەمان لە دژی داگیرکاریی دامەزراندووە، چونکە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییانە بێدەنگن.

لە کۆتاییدا بەرەکە بانگەوازیی گەلی کورد لە باشوری کوردستانی کرد، کە سبەینێ هەمووان دووکان و کارگەکان دابخەن و بەشداری چالاکییەکان بن، چونکە لە ئێستادا داگیرکارییەکی بەرفراوان لە باشوری کوردستان لە ئارادایە.

پاشان بەرەی نیشتمانی بەرنامەی ڕێپێوانەکانی سبەینێی بەم شێوەیە ڕاگەیاند:

هەولێر: پارکی شانەدر، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە

سلێمانی: لە سەهۆڵەکەوە تا باخی گشی، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە

کەرکوک: پارکی قەڵا، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە

چەمچەماڵ: لەبەردەم زانکۆی چەرمۆ، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە

کەلار: خوێندگای لەیلا قاسم، کاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەکی ئێوارە

ڕانیە: باخی گشی، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە

شوێن و کاتی خۆپیشاندان لە هەڵەبجە، دەربەندیخان و قەڵادزێ هێشتا ڕانەگەیەندراوە.

ک-ش