سلێمانى: پێویستە هەرگیز ڤیان لە یاد نەکەین

باکوور سلێمانى گەریلاى هەپەگە، کە لە عەشرەتى جافە و خزمى ڤیان سۆرانە و رایگەیاند "پێویستە ئێمەى گەلی باشوور هەرگیز چالاکییەکە و ئامانجەکەی هەڤاڵ ڤیان لە یاد نەکەین".

باکوور سلێمانى گەریلاى هەپەگە و خزمی ڤیان سۆران گەریلاى پەکەکە بە بۆنەی ١٣هەمین ساڵیادى شەهادەتی هەڤاڵ ڤیان سۆرانەوە قسەى بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) کرد.

 

ڤیان سۆران (لەیلا والی حسێن) لە عەشرەتى جاف لە باشووری کوردستان لە دواى ماوەیەکى درێژ لە خۆ قوڵکردنەوە لە ٢ی شوباتی ٢٠٠٦ / ١٣ی رێبەندان هەم لە دژی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى و هەم لە دژی پاکتاوکاریی ناوخۆیی هەڵمەتێکى نوێى دەستپێکرد و ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا.

باکوور سلێمانى گەریلاى هەپەگە یەکێک لەو کەسانەیە کە چالاکییەکەى ڤیان سۆران کاریگەریى لەسەری دروستکردووە. گەریلا باکوور رایگەیاند، لە منداڵییەوە بە بەردەوامى لە ناو بنەماڵەکەیەدا ناوی ڤیان و شەهادەتەکەى دەبیست. لەو کاتەدا زۆر لەبارەى ئامانجی چالاکییەکە و پەکەکەوە زانیاریى نەبووە، بەڵام بە  تێپەڕبوونی ساڵ تامەزرۆیى ئەوەى تیادا دروست بوو کە زیاتر ڤیان و شادەتەکەى و پەکەکە بناسێت.

بۆ ژنێک لە باشوور؟

باکوور سلێمانی رایگەیاند، دوای ساڵی ٢٠١٣ بەدواداچوونەکانی زیاترکردووە و بە تایبەتى لەبارەى پرسیاری ئەوەى 'بۆ ژنێک لە باشوور بۆ رێبەر ئاپۆ چالاکییەکەى بەو رادە گەورەیە ئەنجام دەدات؟'. باکوور لەوبارەیەوە وتى 'من لەوە تێگەیشتم هەڤاڵ ڤیان لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا بووەتە وەڵامدەرەوەی ئەو پیلانگێڕییە کە لە دژی کورد ئەنجامدراوە. لەو رۆژەوە من هەوڵمدا لە رێبەر ئاپۆ تێبگەم'.

گەریلا باکوور وتیشی، ئەو چالاکییە بۆ میلیتانەکان بووە هێڵێ بەرخودان و ئاماژەى بە فیدایى بوونى گەریلاکانى هەپەگە کرد و ئەوەشی وت، هەر چۆن ڤیان دەیوت هەوڵ دەدات ببێتە یەکێک لە مۆمەکانى ئیمراڵی.

بۆ ئەوەى چەکەکەى هەڵگرێت

گەریلا باکوور رایگەیاند، پێش شەهادەتەکەى چەندین جار نامەکانى هەڤاڵ ڤیانی خویندووەتەوە و لەوبارەیەوە وتى "لە رێگەى چالاکییەکەیەوە ناوی خۆی لە ناو لاپەڕەکانى میژوودا تۆمار کرد. ئەوەشی دەکەوێتە سەر شانمان ئەوەیە، کە نامەکانى بخوێنینەوە و لە چالاکى و شەهادەتەکەى تێبگەین و درێژە بە رێگاکەی و چالاکییەکەى بدەین".

باکوور باسی ئەوەشیکرد "ڤیان لە نامەکانیدا دەڵێت 'با کەسێک لە بنەماڵەکەم بێت و چەکەکەم هەڵگرێت'، بۆیە هەم لە رووی ویژدانییەوە هەم وەک لە رووی شکۆ و کەرامەتەوە من نەمتوانى ئەوە قبوڵ بکەم، کە هیچ کەس لە بنەماڵەکەمانەوە بەشدار نەبێت. بۆیە بۆ هەڵگرتنى چەکەکەى بەشداری ناو ریزەکانى گەریلا بووم".

رێکخستنى ڤیان و زیلانەکانە

گەریلا باکوور ئەوەشی وت، ئەم رێکخستنە رێکخستنى چالاکوانانى گەورەى وەک ڤیان و زیلانە و دەتوانرێت بە ئازادیى جەستەیى ئۆجالان وەسیەتەکەى ڤیان بەهێنرێتەدی.

باکوور لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد، ڤیانى ژنێکى کورد لە باشووری کوردستان بوو و وتى، لە پێش هەموو کەس و لایەنێکەوە دەبێت سەرەتا بنەماڵەکەى و هەموو کەسێک لە گەلی باشووری کوردستانەوە خاوەنداری لە ڤیان بکات. باکوور سەرنجی خستەر سەر ئەو وتەیەیى ڤیان کە دەڵێت 'لە یادکردن خیانەتە' و وتی "ئێمەى گەلی باشوور هەرگیز چالاکییەکە و ئامانجەکەى هەڤاڵ ڤیان لە یاد ناکەین".

گەریلا باکوور سلێمانى لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ گەنجانى باشووری کوردستان وتى "هێشتا خاکەکەمان ئازاد نییە و لە ژێر داگیرکەریدایە. پێویستە ئێمە ئەوە بزانین، لە بریى ئەوەى ئێمە هەموو رۆژێک بمرین، رۆژێک بە شکۆ و کەرامەتەوە بمرین باشترە و پێویستە مرۆڤ لەو پێناوەدا راپەڕێت. مرۆڤ دەبێت بتوانێت بڵێت، هەڤاڵ ڤیان شەهید بووە، بەڵام ئێمە دەیان ڤیانمان هەیە".

ر.م