سۆزدار ئاڤێستا: دەوڵەت جارێکیتر بڕیاری نکۆڵیکردن و لەناوبردنی داوە – ١ -

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە رایگەیاند، کێشە کورد تەنها لە ئیمراڵی چارەسەر دەکرێت. راشیگەیاند، عەقڵییەتى دەوڵەت لە دژی کورد جارێکیتر بڕیاری نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوەى داوەتەوە.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەرنامەى "رۆژەڤا وڵات" لە کەناڵی ستێرک تیڤی لەبارەى گۆشەگیریى قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رێگری لە چاوپێکەوتنى بنەماڵەکان، دۆخی باکووری کوردستان و تورکیا، داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و بەرخۆدانى گەریلای ئازادیش لە دژی ئەو  داگیرکەرییە و گرنگیى دەستووری بنەڕەتی شیکاریى خۆی خستەڕوو.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە وەڵامی پرسیارەکانى رۆژنامەنووس مەهتاب ئۆراک-ی لەبارەى بابەتەکانى رۆژەوە دایەوە.

'سەرەتا هەموو پلان و کۆنسێپتەکانیان بەسەر ئیمراڵی دا دەسەپێنن و  لەوێیەوە دەستپێدەکەن'

ئاڤێستا قەدەغەى چاوپێکەوتنى بنەماڵەکان لە ئیمراڵی بە بەردەوامیى کۆنسێپتێکى نوێ لێکدایەوە و وتی، لە دوورگەی ئیمراڵی یاسای تایبەت بەڕێوەدەچەن و ئەو یاسا و فەرمانانەش راستەوخۆ لەلایەن ئەردۆغانەوە دەردەکرێن و وتیشی:

"ماوەى ٣ مانگ قەدەغەى چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان لەگەڵ دوورگەى ئیمراڵی راگەیاندرا. کێشەکە ٣ مانگ، یان کات نییە. ئەوە ٢٠ ساڵە رێبەرایەتیمان لە ژیر گۆشەگیرییەکى قورسدایە. بۆ بەو رادەیە هێرش یان گۆشەگیری دەسەپێنرێت، ئەوە پەیوەندیى بە هەڵوێستی رێبەرایەتیمانەوە هەیە. دیسانەوە پەیوەندیى بە بەرخۆدانى گەورەى گەلی کوردستان و گەلانەوە هەیە. هەروەها پەیوەندیى بە عەقڵییەتى فاشیستەوە هەیە، کە بە هەموو شێوەیەک لە دژی چارەسەرییە. ئەو عەقڵییەتە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیى گەلی کورد دەکات. لە دژی ئەو عەقڵییەتە بەرخۆدانێک هەیە. بۆ ئەوەش هەموو ئەو پلان و کۆنسێپتانەى هەیانە و دەیانەوێت دەستی پێبکەن لە دوورگەى ئیمراڵییەوە دەستی پێدەکەن. کاتێک دەیانەوێت لە قۆناغێکدا بۆ بەرژەوەندیى خۆیان چاوپێکەتن ئەنجام بدرێت ئەنجامی دەدەن، لە ٢٠ ساڵی دوایدا ئەگەر چاوپێکەوتن ئەنجام درابێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیى خۆیان ئەنجامیانداوە. بەرژەوەندیى کاتیی خۆیان تیادا بینیوە. بەڵام دیسانیش لە ئیمراڵییەوە دەستپێدەکەن. ئەوە باش دەزانن تەنها کێشەکە لە ئیمراڵی چارەسەر دەبێت. بۆ ئەوەی کردەوە فاشیستییەکانیان بەرەو پێش ببەن سەرەتا لە ئیمراڵییەوە دەستپێدەکەن. لە دوورگەى ئیمراڵی هەندێک یاسای تایبەت بەڕێوەدەبەن. ئیمراڵی وەک زیندانیکى ئاسایى نییە لە تورکیا، کە بەسترابێتەوە بە وەزیری دادەوە توانای دەستپێشخەری، یان روونکردنەوە و وەڵامدانەوەى لەبارەوە هەبێت، تەنانەت ئەگەر لە رواڵەتیشدا بەو شێوەیە بێت، بەڵام لە ناوەرۆکدا یاسای تایبەتى بۆ دانراوە. ئەو یاسا و فەرمانانە راستەوخۆ لەلایەن ئەردۆغانەوە دەردەکرێن و بەڕێوەدەبرێن. فاشیزمی ئەردۆغان و باخچەلی لە قۆناغەکاندا هەر چییەک بکەن بەپێى بەرژەوەندیى خۆیان ئەنجامی دەدەن و بەو شێوەیە نزیک دەبنەوە. بۆ ٣ مانگە قەدەغە؟ چونکە ئەو ٣ مانگەی داهاتوو وا دەردەکەوێت، کە لە ناو دەوڵەتى تورک بە تایبەتى لە ناو دەسەڵاتى ئاکەپەکە – مەهەپەدا کێشەی زۆر قورس و جدی رووبدەن. ئیتر لەبەر یەک هەڵدەوەشێنەوە. لە رووی سیاسی، ئابووری، پەیوەندییەکانى دەرەوەوەدا تەنگاوبوونی زۆریان رووبەڕوو بووەتەوە. دەیانەوێت ئەو تەنگاوبونە چۆن تێپەڕێنن؟ دیسانەوە خۆیان بە بەنی توندوتیژییەوە دەبەستنەوە. دەیانەوێت لەو ماوانەى داهاتودا دیسانەوە بەردەومی بە هێرشەکانیان بدەن.

'رێبەراتیمان هەموو کاتێک وتویەتى، بۆ چارەسەری ئامادەیە ئەگەر دەوڵەت جدی بێت'

  سەیر بکەن لە ٧ی ئاب / ١٦ی گەلاوێژدا دوا چاوپێکەوتن، کە پارێزەران ئەنجامیاندا بە دوایدا چاوپێکەوتنى جەژنی قوربان بۆ بنەماڵەکان ئەنجامدرا. پارێزەران ئەوەى لە ئیمراڵی گفتوگۆیان لەسەر کردبوو بۆ رای گشتییان بڵاوکردەوە. رێبەرایەتى وتبوی 'من ئامادەم و بڕوام بە خۆم هەیە و دەتوانم کێشەکە چارەسەر بکەم'. کێشەکە تەنها کێشەى گەلی کورد نییە. کێشەى سەرەکی کێشەى هەموو گەلانە. کێشەى هەموو تورکیایە. کێشەکانى تورکیا چین؟ کێشەى قبوڵ نەکردنی پێگەى گەلی کوردە. رێبەر ئاپۆ وتی 'من دەتوانم چارەسەری بکەم'. هەم کێشە لە دەرەوەى سنوور هەیە و لەگەڵ سوریا، ئەو کێشە چۆن چارەسەر دەکرێت، هەروەها هەستیاریى تورکیا چۆن لە بەرچاو بگیرێن. پێش ئەوە لە ٧ خاڵ دا بۆچوونەکانى خۆی خستەڕوو و لە دوایین چاوپێکەوتندا وتی 'ئەگەر عەقڵی دەوڵەت، عەقڵێکى سەلیم و تەندروست و عەقڵێکی هاوبەشی نەوێت ئەوا دەوڵەت زیاتر تەنگاو دەبێت و لێکهەڵدەوەشێت. لەو کاتەدا تەنها ئێمە دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین، ئەگەر دەوڵەت جدی بێت و پێگە و ستاتۆی گەلی کورد قبوڵ بکات و هەوڵێکى لەو شێوەیەى هەبێت، من دەتوانم رۆڵ بگێڕم و لە هەفتەیەکدا دەتوانم کێشەکە چارەسەر بکەم'."

'عەقڵی ئێستای دەوڵەت بڕیاری خۆی لەسەر هێڵی نکۆڵی و لەناوبردن داوە'

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە سەرنجی راکێشایە سەر سیاسەتى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە کە لە ئیمراڵی بەڕێوەدەبرێت و کاریگەریى ئۆجالان لە چارەسەریدا و وتی:

"رێبەر ئاپۆ چیی کرد؟ ئەوان رێگاکەیان داخست. خۆیان دەیانوت 'گوایە ئیمە دەمانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین'، رێبەر ئاپۆ وتی 'باشە ئێمە ئامادەین'. ئەو کاتە چییان کرد؟ هەمو چاپێکەوتنەکانیان کۆتایى پێهێنا وهەم دواتریش ئەو قەدەغەکارییەیان سەپاند. لە پاڵ ئەوەشدا قەیومیان داسەپاند بەسەر ئیرادەى گەلی کورد دا. جارێکیتر فاشیزمیان بە هەموو شێوەیەک بەرەوە پێش برد. عەقڵی ئێستای دەوڵەت بڕیاری خۆی داوە کە لە هێڵی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوەدا بێت. لە هزر و رامانى رێبەر ئاپۆ دەترسن، لە گەیشتنی دەنگی رێبەر ئاپۆ بە گەلان دەترسن، لە ئیرادەی ئازادی رێبەر ئاپۆ دەترسن. لەو هزر و رامانە دەترسن، کە ٢٠ ساڵە لە دوورگەى ئیمراڵی دا بەرەوپێش دەچێت و گەل ئیلهامی لێوەردەگرێت. سەرباری ئەو هەموو گۆشەگیری و زوڵمەش نەیانتوانى رێگە لەو هزر و رامانە بگرن. ماوەک لەو پێش هزر و رامانى رێپەر ئاپۆ لە ناو رای گشتی دا دەنگی دایەوە. گەل چارەسەرى لەو رامانەدا دەبینن. لەم دواییانەشدا سەندیکای کرێکارانى گەلان لە بەریتانیا لە کۆنگرەى ساڵانەیاندا، کە ٦ ملیۆن ئەندامی هەیە، هزر و رامانی رێبەر ئاپۆیان بینی و قبولیانکرد و بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ بڕیارندا و خاوەندارییان لێکرد. ئێمە ئەمڕۆ دەبینین، چارەسەری لە سیاسەتی دیموکراتیکدایە و لە ژیانی پێکەوەیى و کۆمیناڵ دایە. ئەوەش کاریگەریى لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە. گەل، ژنان و گەنجان هێزی لێوەردەگرن. ٥ ساڵ لەوە پێشیش نەیاندەهێشت چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانە گەورەوەکەوە رێگا بۆ ئەنجامدانى چەند چاوپێکەوتنێک کرایەوە، چونکە ئیتر چارەیان نەمابوو. بەرخۆدان تەنگاوی کردن. ئیتر قسەیەکیان بۆ نەمایەوە، کە پێى بەرگری لە خۆیان بکەن. بۆ ئەوەش لە بەرامبەر ئیرادەى گەل بێچارە بوون و هەنگاوێکیان بۆ دواوە نا و ئەمڕۆش دیسانەوە لەو شوێنەوە تیایدا مابوونەوە بەردەوامی بە سیاسەتەکەیان دەدەنەوە. ئێمە باش دەزانین، لەوانەدا چارەسەری نییە، ناتوانن ئەوەى کە دەیانەوێت سەری بخەن و ئەنجام لەو کردەوانانەیان بەدەست ناهێنن. ئەوان جارێکیتر ناچار دەبنەوە سەر لە ئیمراڵی بدەنەوە. موخاتەب و بەردەنگێک کە چارەسەری بکات و هێزی چارەسەریى هەیە، رێبەر ئاپۆیە. بۆ ئەوەش رێبەرایەتی خاوەنی رێنوێنى و پەرسپەکتیڤ، پرۆژە و خاوەنی هێزە. خۆی ١٠ ساڵ لەوە پێش نەخشەڕێگای چارەسەریى کێشەکەى نووسی و دایە دەستی دەوڵەتى تورکیش. ئەو گۆشەگیری و گوشار دروستکردنانەوە پارچەیەکە لە شەڕی تایبەت. لەوێیەوە دەستپێدەکات و دەیانەوێت شەپۆل بە شەپۆل بەرەو پێشی ببەن".

'ئەردۆغان لە ١٧ ساڵی دەسەڵاتەکەیدا، هیچ شتێکی نەماوە کە دەستی پێوەبگرێت'

ئاڤێستا بۆ ئەردۆغان وتی: "ئیدی هیچ شتێک لە دەستی ئەردۆغان دا نەماوە، کە گەل هەڵبخەڵەتێنی و ئیتر زوڵم و ئەشکەنجەکانیشی گەل ناترسێنێت" و وتیشی، "لە تورکیا زۆر شت ئاشکرا بووە، ئیتر کۆمەڵگا ناتوانێت باری ئەم ڕژێمە هەڵگرێت. ڕژێم بە هەموو شێوەیەک بەپێی بەرژەوەندیی داگیرکەری، نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکات. لە کۆمەڵگا دابڕاوە. لە ڕاستی دابڕاوە. تەنها بیر لەوەدەکاتەوە چۆن بمێنێتەوە. بەو ترسە دەژی. لە فاشیزمدا بناغە و ڕەگەز، ڕەحم و پرەنسیپ نییە. بۆچی عەدالەت و یاسای تێدا نییە؟  چونکە ناوەکەی فاشیزمە. تا ساڵی ٢٠١٦ لە ژێر ناوی حوکمی یاسا و بڕیارنامەکاندا دەسەڵاتەکەیان بەڕیوەبرد. لە ئێستادا لە کوردستان ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبەن. بە هەموو ڕێگە و ڕێبازێک هەوڵی بێدەنگکردنی کۆمەڵگا دەدەن. بۆ ئەوەی کێشەکان نەبینرێن هەموو هەوڵێکیان دا، بەڵام نەیانتوانی. بۆ ئەوەی تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە ئەو کارانە دەکەن. ئامانجی ئەردۆغان ٢٠٢٣ ی خەیاڵ و خەونی عوسمانیی نوێیە. ئەگەر سەربکەوێت دەبێتە دامەزرێنەری کۆماری نوێ. مستەفا کەمال چۆن دامەزرێنەری کۆمارە، ئامانجی ٢٠٢٣ی ئەویش هەمان شتە. لەو ڕۆژەی هاتووەتە سەر دەسەڵات چاوی بڕیوەتە ٢٠٢٣ و ٢٠٧١. دەیەوێت ئەم نەژادپەرستییە جارێکیتر قوڵ بکاتەوە و سوودی لێوەرگرێت، بەڵام دەبینرێت لە دوای ١٧ ساڵی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، ئیتر شتک کە دەستی پێوە بگرێت نەماوە. دەست بە چییەوە دەگرێت بەسەریدا دەروخێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی بە هەموو شێوەیەک کۆمەڵگای گەمارۆداوە. بە فەرمان و ئەمر ئابوری بەڕێوەدەبات. بانکی گەل هەیە، پێی دەڵێت، پێویستە بەم ئەندازەیە باج بدەیت. هەر وەک چۆن فەرماندەیەک فەرمان بە سەربازەکەی دەکات. هەڵوێستی ئەردۆغان بەو شێوەیەیە. لەبەرئەوەش کۆمەڵگای تورکیا و باکووری کوردستان دۆخەکە بە باشی دەبینن. شتێک نەما کە بە زوڵم و ئەشکەنجە نەیکات. ئەوەش فریای نەکەوت و بە کەڵکی نەهات. سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، ڕۆناکبیران و گەنجان دەستگیر دەکات و زیندانیان دەکات، بەڵام زیندانەکان دەبنە جێگەی بەرخۆدان. لە ئێستادا کردەوەکانی بەسەرخۆیدا دەشکێنەوە. ئیتر ئەم ڕژێمە بۆ هەر کوێ بڕوات تێکدەشکێت. هەموو ڕێگەیەکی داخراوە. دەیەوێت بە هەستی نەژادپەرستی تەمەنی درێژ بکاتەوە. ئەوەندە فاشیزمی بەڕێوەبرد و کاتێک ئەنجامی فاشیزمەکەی ئاشکرابوو، کردی بە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی. وتی، 'دەوڵەت تێکدەچێت'. لە سندۆقەکاندا گورزێکی زۆری بەرکەوت. ئەو شتەی کە لە دەستیدا مابووەوە، لە دەستی دەرچوو."

'ئەردۆغان چیلەری تێپەڕاندووە، هەموومان کۆتایی چیلەرمان بینی'

سۆزدار ئاڤێستا لەبارەی ئەو زوڵم و قڕکردنەی کە ئەردۆغان و باخچەلی لە دژی گەلی کورد بەڕێوەی دەبەن نمونەی چیلەری نیشاندا و لە سەر پرسی 'ئایا شتێک کە لەبەرامبەر گەلی کورد نەکرابێت ماوە؟' ڕایگەیاند:

"ئەردۆغان و باخچەلی دوو کەسایەتیی هاوشێوەن. بوغزیان زۆرە و پرسەکان دەکەن بە تاکەکەسی. بەو شێوەیە بەرامبەر ڕکابەرەکانیان دەوەستنەوە. لەبەر تیکچوونیان لە ٣١ی ئازاردا هێرش دەکەنە سەر هێزە دیموکراتیکەکان. گەلی کورد خۆی رێکوپێک و بەرێکخستن کردووە، پێشەنگایەتیی هێزە دیموکراتیکەکانی کرد. هێرشی کردە سەر رێکخستنی ژنان، رێکخستنی گەلان و حیزبە سیاسییەکان.  هێزە دیموکراتخوازەکان ڕژانە ناو گۆڕەپانەکان و پاشەکشەیان پێکرد. ئێستاش دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە. قەیوم لەسەر ئیرادەی گەل دادەنێت و هێرشی دەستکەوتەکان دەکات. هێرشی سەرکەوتنەکانی گەلی کورد دەکات. لە ئێستادا بۆیە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا و هەڕەشە دەکات و دەیەوێت هەموو کەسێک وەک ئەو بن. ڕێبەر ئاپۆ چەند ساڵ بەرلەئێستا وتی، 'ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکەن، ئەبن بە بەهێزترین دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست'، بەڵام کێشەکە قبوڵنەکردنی کێشەی کوردە. کێشەی ئاکەپە – مەهەپە بە تەنها لەگەڵ کوردانی باکووری کوردستان دا نییە. لە کەسایەتیی کوردانی باکووری کوردستاندا دوژمنایەتیی هەموو گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکەن. ئەو هزەرە، فاشیزمە. لە کاتی خۆیدا ئەو هەڵویست و هزرە فاشیستییە لە دژی ئەرمەنی و ئاشوری و سوریانیەکان چیی کرد؟ دەیانەوێت هەمان شت لەم سەردەمەدا بەرەوپێش بچێت. ئایا ئەگەر کورد قڕبکرێت، گەلانی تر ئازاد دەبن؟ بە قڕکردنی کورد و لەناوبردنی کورد، دەیانەوێت تورکبوون گەورەتر بکەن. ئەمەش خەیالی ئەوە. ئەمە پڕۆسەیە، پڕۆسەی ئەم سەدەیە نییە. گەل زانابووە و دۆخەکە باش دەبینێت. لەبەر ئەوەی ٤٠ ساڵە تێکۆشانی ئازادی ئەم کۆمەڵگایە پەروەردە دەکات. خاوەنی ئیرادەیە. لە هەڕەشەکانیان ناترسێت. دەیانەوێت بترسێت، بە کۆمەڵکوژی هەوڵی ئەوە دەدرێت کورد هەنگاو بەرەو دواوە بنێت. ئایا شتێک کە لە کورد نەکرابێت ماوە؟ نا. با لاپەڕەکانی مێژووی دژایەتیکردنیان لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادی هەڵبدەنەوە، هەم لە مێژووی عوسمانی و تا ئەمڕۆ و بە تایبەتی لەسەردەمی دەسەلاتی ئاکەپە، شتێک کە لە رێگەی زوڵم نەکرابێت هەیە؟ با ئاشکرای بکەن. چیلەریش وای کرد. ئەردۆغن چیلەری تێپەڕاند. چیلەر چیی نەکرد؟ خەڵکی هەزاران گوندی ئاوارە کرد. گوندەکانی سووتاند. منداڵی کوشت. تا ئەوەی شتی پیسیان دەرخواردی مرۆڤەکان دا. چیی تر ماوە؟ باشە دوای ئەو هەموو کردەوەیە، چیی بەسەر چیلەردا هات؟ بە زوڵم، بە دەستگیرکردن و هێرشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بە هێرشی سەر باشووری کوردستان و دژایەتیکردنی ئیرادەی گەلی کورد، ئەوان سەرناکەون. چارەسەری بەو شیوەیە نییە. کردەوەکانیان نیشانەی بێچارەسەریی ئەوانە."

'تەنها ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە، کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێگەیەک بەدەست نەهێنێت'

ئاڤێستا بە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، "دەوڵەت لەناو قەیراندایە. دوای هەڵبژاردنەکان دەزانین ئاکەپە لەت لەت دەبێت. خۆی کێشە دروست دەکات، کە کیشەکانی ناوخۆیی بشارێتەوە. ئەمە ئەنجامی چییە؟ ئەنجامی سیاسەتی فاشیستییە. ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی خراپتر دەبێت. ئەگەر سەرنج بدەینە دۆخی ئابوری، دەبینین لە چ ئاستیکی فاشیزم دایە. لە دیمەنێکدا دایکێکی ٨٥ ساڵ میوەی هێناوە بۆ ئەوەی بیفرۆشێت. چاویان بڕیوەتە دایکە بەتەمەنەکە و میوەکانی لێوەردەگرن. هەموو ڕۆژێک کوشتن هەیە. ڕۆژێک نییە ژنێک نەکوژرێت. لەبەردەم پارلەمان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و وتیان، ئێمە برسین. دەیەوێت ئەو هەموو شتە لەلایەک دانێت و دەڵێت، بە تەنها کێشەیەکمان هەیە، ئەویش کێشەی کوردە و لەژێر ناوی 'تیرۆر' دا دەیشارینەوە. هێرشی سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژەڤدایە. لەمدواییانەدا ئەردۆغان لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا. لەژێر ناوی بەردەوامی ئاستانا و سووچی دا کۆبوونەوەکەیان لە ئەنقەرە بەڕێوەبرد. وتیان، ئێمە دەستووری بنەڕەتیی سوریا چارەسەر دەکەین، بەڵام گەلی سوریای تێدا نییە. گەلی باکووری سوریای تێدا نییە. لەبارەی ئیدلبەوە قسە دەکەن. لەبارەی باکووری سوریا و شامەوە قسە دەکەن. ئیرادەی گەلان لە کۆبوونەوەکاندا نابینرێت. تەنها ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە، کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێگەیەک بەدەست نەهێنێت. لە کۆبوونەوەکەدا دیارە کە لەسەر کردەوەکانی بەردەوام دەبێت. چۆن رێگرییان لێدەکرێت؟ بە بەرخۆدان و هەڵوێست. بە یەکێتییەکی دیموکراتیک دەتوانرێت ڕێگرییان لێبکرێت. پێویستە جاریکی تر ڕیگە نەدرێت ئەردۆغان و باخچەلی خۆیان کۆبکەنەوە".

ژ.ت