سیامەک ئەشرەفی لە ٢٦هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا دەستی بە مانگرتنی وشک کرد

سیامەک ئەشرەفی زیندانیى سیاسیی کورد لە ٢٦هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا لە زیندانی ورمێ، لە نامەیەکەدا رایگەیاندووە، مانگرتنەکەى لە تەڕەوە دەکات بە وشک.

تۆڕی مافەکانى مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سیامەک ئەشرەفی زیندانیى سیاسی کورد لە زیندانى ورمێ لە دواى ٢٦ رۆژ مانگرتن سەردانی ئەفسەری بەرپرسی بەشەکەى لە زیندانکردووە و نامەیەکى نووسیوە و تیایدا رایگەیاندووە، لە ئەمڕۆەوە مانگرتنەکەى لە تەڕەوە دەکات بە وشک.

بەرپرسانی زیندان زۆر هەوڵیانداوە لە بڕیارەکەى پەشیمانی بکەنەوە، بەڵام ئەو داواکانى رەتکردوونەتەوە و رایگەیاندووە، بەهۆی گوێنەدانی بەرپرسانی بە داواکانى لە بەردەم هۆبەی ئەفسەری بەرپرسی بەشەکەیدا ماوەتەوە و مانگرتنە وشکەکەى دەستپێکردووە.

سیامەک ئەشرەفی رۆژی ١ی رێبەندان بۆ ناڕەزایەتى لە دژی  وەڵامنەدانەوەی داواکەى بۆ ئازادکردنى بەشێوەى مەرجدار و هەروەها بەهۆی ناڕەزایەتى لە دژی ئەو بێڕێزیانەى کارمەندانی لقی ٩ی جێبەجێکردنى سزاکانى دادگای ورمێ بەرامبەر بە بنەماڵەکەی کردوویانە، دەستی بە مانگرتن کرد.

بنەماڵەى ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ بەدوادچوون بۆ کارەکانى سیامەک لەبارەى ئازادکردنى مەرجدارییەوە سەردانی لقی ٩ی جێبەجێکردنى سزاکانى دادگای ورمێ-یان کردبوو، بەڵام لەلایەن کارمەندانى ئەو لقەوە بێڕێزییان پێکرابوو.

سیامەک ئەشرەفی لە جۆزەردانى ١٣٩٥ و نزیکەى ٤ ساڵ لەوە پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکرا و لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕش لە ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە هێزەکانى دژبەری رژێم" سزای ٥ ساڵ زیندانیکردن و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵهاتن لە سەربازی" سزای ٨ مانگ زیندانیى بەسەردا سەپێنرابوو.

دواى ٣ ساڵ لە ماوەى زیندانیکردنەکەى داواى ئازادیی مەرجداری کردبوو. ئەو داوایە لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ورمێ قبوڵکرابوو، بەڵام لەلایەن بەرپرسی لقی یەکەی جێبەجێکردنی سزاکانەوە وەڵامی داواکەى نەدراوەتەوە.

ژ.ت