شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان: سه‌ركه‌وتن و ئازادی و سه‌ربه‌رزیتان پیرۆز

شاناز ئیبراهیێم ئەحمەد پەیامێکی پێرۆزبای بە بۆنەی سەرکەوتنی شەڕڤانان بەسەر چەتاکەنی داعشدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا سەرەتای ئەزموونێکی نوێی (ئیداری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی و... هتد)ە.

دەقی پەیامەکەى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ رۆژئاواى کوردستان

پەیامی پیرۆزبایی و چەند سەرنجێک سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی داعش لەڕۆژئاوای کوردستان ..

وێڕای پیرۆزبایی و دڵخۆشیم بە ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی داعش دەمەوێ تیشک بخەمەسەر حەقیقەتێک کە بەداخەوە نووسەران و ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان هەندێکیان درکیان پێنەکردووە و هەندێکیشیان بەئەنقەست خۆیان لەگێلی دەدەن، هەڵبەت بە مەبەستی سیاسی و بە ئیعازی سپۆنسەرەکانیان ..!!

لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی گەلی کورد و بەرخۆدانی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا وەک کردەیەکی سەربازی دژ بە دڕندەترین هێزی سەردەم (داعش) بە پێشەنگایەتیی شەڕڤانانی (یەپەگە، یەپەژە) جێگەی ستایش و شانازییە، نابێت ئەوەش لەبەرچاونەگرین کە شۆڕشی ڕۆژئاوا سەرەتای ئەزموونێکی نوێی (سیاسی، دیموکراسی، ئیداری، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، هتد ...) بوو بۆ کورد بەتایبەت و مرۆڤایەتی بەگشتی، زۆر شتی جوانی لێوە فێربووین کە لە مێژووی نوێی ناوچەکەدا وێنەی نەبووە، غەدرێکی گەورەیە هەموو ئەوەی ڕوویدا لەکردەیەکی سەربازیدا بچووک بکەینەوە ..!!

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەخوێن !!

لەڕۆژئاوای کوردستان خوێنی (موسای ڕۆژهەڵات و جیڤارای باشوور و داستینای قەندیل و بێریڤانی باکوور و ئارینی ڕۆژئاوا) بوونە هەوێنی یەکدەنگی و یەکڕیزیی نەتەوەیمان، دوای تەسلیمکردنی شەنگال لەلایەن هێزێکی سیاسی کوردەوە بە داعش، ئەو یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەییەمان بەکردار بینی کاتێک پۆلێک گەریلا و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ گوێدانە سنوورە دەستکردەکان بە هانای ئێزیدییەکان و شەنگالەوە هاتن هەزاران کەسیان بەسەلامەتی دەربازی خاکی ڕۆژئاوا کرد و لەکۆمەڵکوژی پاراستیانن، کاتێک پێشمەرگەی باشوور گەیشتە کۆبانێ بۆ پشتیوانی شەڕڤانان ئەو یەکێتیی نەتەوەییەمان بینی وەک چۆن گەریلاش بۆ پاراستنی کەرکوک خوێنی بەخشی ..!!

شۆڕشی ڕۆژئاوا خەتی (جاش و باش)ی کێشا

شەڕی داعش و شۆڕشی ڕۆژئاوا تاقیکردنەوەیەکی باش بوو بۆ کێشانی خەتی (جاش و باش) تاکو نەوەی نوێی کورد ڕاستییەکان بەچاوی خۆی ببینێت و چیتر بە مێژووی درۆ و چەواشەکاری نەخەڵەتێ و بەلاڕێدا نەبرێ، داخستنی سنوور بەسەر کوردانی ڕۆژئاوا، لێدانی خەندەق لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوا، بازرگانیی نەوت لەنێوان داعش و بەرپرسانی باشوور لەسەر سنوور، شەڕی ڕاگەیاندن بۆ شکاندنی ئیرادەی خەڵک، دروستکردنی هێزی مورتەزەقەی کەمپنشین دژی (یەپەگە و یەپەژە) ...هتد زۆر شتی تریش کە لەخەتی (جاش)مان بینی و هیچ شەرمیشیان نەکرد ..!! گەیاندنی چەک بۆ کۆبانێ، ڕەوانەکردنی دەرمان، دابینکردنی کتێب و پێداویستیی خوێندن بۆ قوتابخانەکانی ڕۆژئاوا، واڵاکردنی دەرگای نەخۆشخانەکانی (سلێمانی) بۆ نەخۆش و برینداری شەڕڤانان، پشتیوانی ئیعلامی و سیاسی ...هتد زۆر شتی تریش کە لەخەتی (باش)مان بینی و مێژوو بەشانازییەوە دەینوسێتەوە ...

-کۆنگرەی مرۆڤایەتی

بەدەنگەوە هاتن و سەفەر بەلکی کوڕان و کچانی ئازادیخواز لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی دنیاوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکیتر لە نموونە جوانەکان و وانەیەکی نوێ بوو بۆ مرۆڤایەتی تێکەڵ بوونی خوێنی (کوردێک، عەرەبێک، فارسێک، تورکێک، ئینگلیزێک، هتد...) پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بوو، کە دەبێت هەمووان لە ئاستی تیرۆر و تاریکپەرستان پێکەوە لە سەنگەردابن دەنا هەمووان ڕووبەڕووی مەترسی گەورە و لەناوچوون دەبینەوە بێجیاوازی، هاوکات پەیامی ئاشتیخوازیی گەلی کوردیشیان بەجیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاندە لووتکە ...!!

شۆڕشی ڕۆژئاوا، شۆڕشی ژنە

یەکێکیتر لە تایبەتمەندییە هەرەجوانەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەشداریی کارای ژن بوو لە تەفروتوناکردنی هێزێکی دڕندەی وەک داعش سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و مێژوویی بوو، چالاکیی گیانبازیی (ئارین مێرکان) لە مشتەنوور و ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی شاری (ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی داعش) بەفەرماندەیی ژنێکی قارەمانی وەک (ڕۆژدا فەلات) و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی (نەسرین عەبدوڵا) مشتەکۆڵەیەکی ژنانەی کاریگەر بوو لە زهنیەتی پیاوسالاری و مێژوویی مرۆڤایەتی وەشێندرا، ئیسپاتی کرد کە ئیتر ژنی ئازاد سەنتەری چارەسەری و خوڵقاندنی هەموو ڕووداو و پێشهاتە گرنگەکانە ..!!

ئەزموونی نوێى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک

یەکێکیتر لەدەرهاویشتە هەرە گرنگەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا هێنانە کایەی ئەزموونێکی نوێی حوکمڕانی (خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی) بوو، کە بووە گرنتی و بنەمای هەموو سەرکەوتنەکانی دیکە، پەلکێش نەکردنی سوپای بێگانە و تەسلیم نەبوون بە ئیرادەی دەوڵەتانی ناوچەکە، وەک هەڤاڵ ساڵح موسلیم گووتی (گەڵای دارەکان بخۆین تەسلیم نابین) بێگومان پێداگری لەو بیروباوەڕە بۆ ڕابردوو و بۆ داهاتووش مەرجی گرنگی سەرکەوتنەکان بووە و دەبێت ..!!

رێگاکەتان راستە

ئەوەی دوای تیشک خستنەسەر ئەو نموونە جوان و گرنگانە لەکۆتایدا دەمەوێ بیڵێم : ئەوەیە کە بەدڵ سوپاسی خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا و کوڕان و کچانی شەڕڤان دەکەم، سەربەرزم و شانازی دەکەم وەک هەمیشە پاڵپشت و هاودەنگتان بم چونکە بڕوام وایە ڕێگاکەتان ڕاستە، دواجار سەرکەوتن لەڕێگاتانە و گەلی کورد هیوای زیاتری پێتانە ...

ئومێد دەکەم وەک چۆن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و لەڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشانی داعش بەڕوحی بەرخۆدانی شەهیدان سەرکەوتنی گەورەتان تۆمارکرد، بەهەمان ڕوحیەتەوە قۆناغی (لەناوبرنی زهنیەتی داعش) و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد بەئامانجی دواڕۆژێکی باشتر تێبپەڕێنن و کۆڵنەدەرانە بەردەوام بن ..

دووبارە پیرۆزبێت ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی خەلافەتی داعش و سەرکەوتنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد، دەستی ماندوونەبوون و بەرخۆدەریتان دەگووشم، هەرشاد و سەربەرز و سەرفرازبن.

ر.م