شاندێکی سەربازیی و میتی تورک لە باشورن

ئاشکرابوو، شاندێکی تورکیا کە لە بەرپرسانی سەربازیی، میت و ئەندامانی کونسوڵخانەی تورکیا پێکدێت، چەند ڕۆژێکە لە هەرێمی کوردستانن و دەستیان بە زنجیرەیەک دیدار کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، شاندێکی تورکیا کە لە بەرپرسانی سەربازیی و میت پێکدێت ، لەگەڵ ئەندامانی کونسوڵگەریی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، چەند ڕۆژێکە لە هەولێر-ن و سەردانی حزب و ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان دەکەن.

دەربارەی ئامانجی سەردانەکە زانیاریی ڕوون لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەوترێت کە بەهۆی هەڵوێستی گەلی باشور دژ بە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە باشور، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک ئەندامانی شاندەکە لە دیدارەکاندا ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان بەناوی ئەردۆغانەوە هاتوون و بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە گوایە ئەردۆغان دژی کورد نییە.

ئەندامانی شاندەکە، هەوڵ دەدەن کە بە حزب و ڕێکخراوەکانی باشور باوەڕ بەو بانگەشانە بهێنن.

دیدارەکانی شاندەکە بەردەوامن، بەڵام نەزاندراوە ئایا سەردانی سلێمانی یان شارەکانی دیکەی باشور دەکەن یان نا؟.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆماری تورکیا لەبەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان، بەرزکردنەوەی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکوک، ناڕەزایی توندی نیشاندا و هەڕەشەی لە دەسەڵاتی باشور کرد، هەروەها لەکاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و تورکیادا، هەموو وتەکانی دژ بە کورد بوو بەڕادەیەک دەیوت"جوگرافیایەک بەناوی کوردستان نییە".

لەکاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، بەتایبەتیش لەکاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر کۆبانێ، ئەردۆغان بەشێوەکی ئاشکرا هەڕەشەی کرد و وتی"کۆبانێ کەوت و دەکەوێت"، دیسان بە خەیاڵی سنووری عوسمانیی وتی: لەماوەیەکی کورتدا دەچینە شام و لە مزگەوتی ئەمەوییەکان نوێژ دەکەین و دەچینە سەر مەزاری بیلالی حەبەشی و ئیبن عەرەبی".

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانی ئەردۆغان بە وتنی "کەرکوک پارێزگای ٨٢مین و موسڵیش پارێزگای ٨٣یمینی تورکیایە"، هەڵوێستی خۆی ئاشکراکردبوو.

ف.ق