شاندەکەی باکور لە سلێمانی لەگەڵ رۆشنبیران کۆبووەوە

شاندەکەی باکوری کوردستان کە لە چوارچێوەی کار و خەباتی بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی سەردانی باشوری کوردستانی کردووە، لە شاری سلێمانی لە گەڵ رۆشنبیران کۆبووەوە.

شاندی پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان لە چوارچێوەی کار و خەباتەکانی یەکێتی نەتەوەیی و کۆبوونەوە لەگەڵ رۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، ئەکادیمی و هاوڵاتییانی باشور، لە شاری سلێمانی پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

دووەم چاوپێکەوتنی شاندەکە دوای دانیشتن و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە گەڵ رۆشنبیرانی شاری هەولێر، ئەم جارە لە گەڵ رۆشنبیرانی شاری سلێمانی لە هۆڵی کۆنفڕانسی هۆتێل داوا بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا چەندین رۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، ئەکادیمی، نوێنەری پارتە سیاسیەکان و سیاسەتمەدار بەشدارییان تێدا کرد. سەرەتای کۆبونەوەکە موزەیەن گونەش هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپەی شاری هەوڵێر قسەی کرد و لەبارە چاوپێکەوتنەکەوە زانیاری خستە روو.

'پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا بەشداربوون هەبێت'

لە چوارچێوەی قسەکاندا لەسەر ناوی شاندەکە، تیشک خرایە سەر گرنگی و سەختییەکانی بەردەم یەکێتی نەتەوەیی.

بەدران ئوزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە وتی:"پرسی یەکێتی نەتەوەیی، پرسێکی وەهایە کە پێویستە هەموو پارت و لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگا تێیدا بەشدار ببن."

بەشداربووانی کۆبوونەوەکەش لە قسە و پەیمامەکانیاندا، تیشکیان خستە سەر سەختی و تەگەرەکانی بەردەم بونیادنانی یەکیتی نەتەوەیی کورد و چەندین پێشنیاریش لەسەر ئەوە پێشکەش کران  کە، ئایا کۆنگرەی نەتەوەیی چۆن دەتوانرێت ساز بکریت.

باس لە هێرشە قرکەرییەکان کرا

دواتر سیاسەتمەدار محمد ئەمین پێنجوینی قسەی کرد و وتی:"یەکێتی نەتەوەیی بۆ کورد، پرسێکە کە بێگومان پێویستە بونیاد بنرێت." پێنجوینی باسی لە هێرشە قڕکەرییەکانی سەر گشت کوردستان کرد و وتی، بەرەوپێشچوونەکانی باکوردی کوردستان، کاریگەریان لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان هەی.

'ئاواتی ئەردۆغان، قڕکردنی کوردە'

هاوکات سەردار عبدولا ئەندام پەرلەمانی پێشووی بزوتنەوەی گۆران قسەی کرد و رایگەیاند، ئاواتەکانی ئەردۆغان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ قڕکردنی کوردە، بۆیە لە دژی ئەمە، دەرمانی گەلی کورد، یەکێتیی نەتەوەییە.

پەیمان عێزەدین ئەندام پەرلەمانی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە قسەکانیدا، تیشکی خستە پارچەبوونی باشوری کوردستان و وتی، پێویستە یەکێتی لێرەوە دەست پێبکات.

هەروەها ئەبوبەکر هەلەدنی ئەندام پەرلەمانی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەندامی ک.ن.ک قسەی کرد و داوای کرد کە پێویستە پەدەکە، یەنەکە و پەکەکە لە بەرامبەر یەکێتی نەتەوەیی ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

ز.ش