ئەمرۆ دوومین کۆنفڕانسی تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان لە هەرێمی کەرکووک ده‌ستی پێكرد. شیلان شاکر هەوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی له كۆنفڕانسه‌كه‌دا وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و گوتی، بەستنی کۆنفڕانسی کەرکووک پەیامێکە بۆ ئەوانه‌ی ده‌یانەوێت ڕێگری له خەباتی تەڤگەری ئازادی بکەن.
شیلان شاكر ڕایگه‌یاند: «لە لایه‌ن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێك ده‌رچووه بۆ ئه‌وه‌ی باره‌گه‌ی هەموو ئەو ڕێكخراو و لایه‌نە سیاسییانه دابخرێن کە مۆڵه‌تیان نییه، به‌ڵام ته‌نیا باره‌گه‌كانی ئێمەیان داخست. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی کۆنسوڵی تورکیا لێدوانی نەدا، ئێمە گوتمان دەکرێت کێشەی قانوونی یان سیاسی هه‌بێت و دەکرێت لە نێوان خۆمان چاره‌سەری بكه‌ین، بەڵام لە دوای ئەو لێدوانه بۆمان ڕوون بووه‌ته‌وه کە پیلانه‌كه لە كوێوه دانراوه.»
«حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ٢٧ ساڵە ئابووریی كۆمه‌ڵگه دەدزێت و دەیکاتە قورگی داگیرکەرانی کوردستانەوە، لە باتی سیاسەتی ڕاست و پێشخستنی خزمه‌تێكی باش بۆ گەلی باشووری کوردستان، تەنها بیر لەوە دەکەنەوە چۆن خزمەت بە داگیرکەران بکەن.»
هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی گوتیشی، «له‌و كاته‌وه‌ی تەڤگەری ئازادی دامه‌زراوه، هیچ وشەیه‌كی خراپ نەماوە كه دەسەڵات پێمان نه‌ڵێت، تەنها وشەی تێرۆریست مابوو بیڵێن، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئەوەشمان پێ گوترا. ده‌بێ گەلی باشووری كوردستان ئەو سیاسەتە چەوتە قبووڵ نەکات، هه‌روه‌ك چۆن له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا قبووڵیان نەکرد و په‌یامێكی باشیان به دەسەڵات دا.»
شیڵان شاکر باسی بڕیاره‌كه‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كرد بۆ داخستنی باره‌گه‌كانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی و گوتی: «ڕاستە بڕیارەکە لە لایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت دراوە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەنجوومەنی سەرکردایه‌تیی و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌نه‌كه (یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان) لە دژی ئەو بریارەن.»
ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه حکوومەتی هەرێم بە داخستنی باره‌گه‌كانی ته‌ڤگه‌ر ناتوانێت خەباتی ئه‌وان ڕاوه‌ستێنێت. گوتی، «تەڤگەر فکرە، فه‌لسەفەی ئازادییە و چووه‌ته زهنی تاک بە تاکی گەلی باشووری کوردستانەوە.»
s.m