عەلی بەدرخانی پاش کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ورمێ ئازادکرا
عەلی بەدرخانی نووسەری کورد پاش کۆتاییهاتنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازادکرا.
عەلی بەدرخانی نووسەری کورد پاش کۆتاییهاتنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازادکرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی پار لەکاتێکدا بەدەست نەخۆشیی گورچیلەوە دەیناڵاند، لە بەندی بەندکراوە ئاساییەکانەوە بۆ بەندی کرێکاریی ئەو بەندیخانەیە گوازرایەوە و لەماوەی سێ ساڵ بەندکرانیشیدا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی نەدرایە و لە مافی ئازادبوون بەمەرج بێبەشکرا.
سەرچاوەیەکی نزیک بەو نووسەرە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتبووی: “زیاتر لە ١٥ مانگە توشی نەخۆشی گورچیلە بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ بایەخێک بەم پرسە نادەن و ئەو نووسەرە کوردە هەروەها لە بەندی کرێکاریدایە و ئەو بەندەی زیندانیش مەرجە سەرەتاییەکانی تەندروستی نییە”.
عەلی بەدرخانی ناسراو بە “شوان” سەربە بنەماڵەی ناسراوی بەدرخانییەکانە و ٣٠ ساڵ پێش ئێستاوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە باشوری کوردستانەوە بۆ ئێران کۆچیان کردووە.
لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤ و لە دوا ساڵی خوێندنی قۆناغی ماستەر لە زانکۆی تاران بە هۆکاری سیاسی لە خوێندن بێ بەش کرا. چواری رەشەمەی هەمان ساڵ لە ماڵی خوشکەکەی لە ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا. لەو ماوەیەدا لەلایەن ئیتلاعاتەوە کەوتبووە ژێر فشار و ئەشکەنجەوە تا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکرێت. ئەو کات بۆ ماوەی نۆ رۆژ بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دەستی دایە مانگرتن چونکە بە نایاسایی دەستبەسەر کرابوو. پاش کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپێچینەوە، بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە و دواتریش بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ئەم نووسەرە کوردە تا ئێشتا چەندین کتێبی وەک “تورکیا، دیمۆکراسی و کورد”، “گفتوگۆی ئەندێشە”، “پەنابەری عیشق” و “حەکایەت و ئەفسانە کوردییەکان” بڵاوکردووەتەوە.
ف.ق