فەریدە ئالکان: سەرکەوتن بەسەر فاشیزمدا تەنها بە خۆڕاگری بەدی دێت
فەریدە ئالکان فەرماندە لە یەژا-ستار رایگەیاند ئامانجی سەرەکی دوژمنانی کورد، لەناوبردنی یەکێتی گەلی کوردە و وتی:" هێڵی خۆڕاگری لە دژی فاشیزم سەردەکەوێت."
فەریدە ئالکان فەرماندە لە یەژا-ستار رایگەیاند ئامانجی سەرەکی دوژمنانی کورد، لەناوبردنی یەکێتی گەلی کوردە و وتی:" هێڵی خۆڕاگری لە دژی فاشیزم سەردەکەوێت."
فەریدە ئالکان کە یەکێکە لە فەرماندەکانی یەژ-ستار، هێرشی داگیرکەرانی بۆ سەر کوردستان نرخاند و وتی:"دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا لە دژی هەر دوو گەلی کورد و تورک و لە دژی هێزەکانی گەریلا هێرشێکی داگیرکاری و شەڕێکی قوڕس بەرێوە دەبات، هاوکات لە دژی ئەو هێرشانە چالاکیەکانی گەریلاش بەردەوامن."
فەرماندەی گەریلا لە یەژا-ستار فەریبا ئالکان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"فاشیزم، بۆ ئەوەی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، شەڕ بەرفراوانتر دەکات، گەلی کوردیش بە خۆڕاگری، وڵامی ئەو شەڕە دەداتە. لە دژی فاشیزم مرۆڤ تەنها بە خۆراگری دەتوانێت سەرکەوتوو بێت."
ئالکان وتیشی، دوژمن بە شەڕی تایبەت دەیەوێت گەلەکەمان بێمۆڕال بکات، بەڵام گەلەکەمان هۆشیارە و لە چاوەڕوانی ئازادیدایە. دەبێت گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەو شەڕە تایبەتە هۆشیارتر بێت. دوژمن شەڕیکی دەروونی، تایبەت و داگیرکاری بەڕێوە دەبات. لە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، هەر کەسێک لە دژی رژێمی فاشیزم بوەستێتەوە، دەیکەنە ئامانجی هێرشەکانیان. لەم شەڕەدا مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت. لە سەرتاسەری کوردستان بە تایبەت لە ناوچەکانی گەریلا هێرش و ئۆپڕانسیۆنەکان بە مەبەستی داگیرکاری بەردەوامن. لە بەرامبەر ئەمەش خۆڕاگری گەلی کورد و گەریلاش بەردەوامە. گەریلاکانی ئازادی بۆ تیکشکاندنی ئەو هێرشانە، لە وەرزی بەهارەوە لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاری، هێرشەکانی سەر رێبەر ئاپۆ و زیندانیانی ئازادی، خۆڕاگریان بەرزتر کردووەتەوە.
'گەریلا بۆ پیرۆزیەکانی ئازادی تێدەکۆشێت'
فەرماندەی گەریلا ئالکان تیشکی خستە سەر چالاکیەکانی گەریلا و وتی:"لە هەرێمی سەرحەد هەڤاڵ سەما کۆچەر ستارتی ئەم خۆڕاگریەی لێدا و ئەمە لە هەموو ناوچەکانی گەریلا بڵاو بووەوە. لە خەرزان، ئامەد، دێرسم، بۆتان، سەرحەد و هەموو ناوچەکانی گەریلا چالاکی کاریگەر بەڕێوە چوون. هاوکات لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، لە ناوچەی خواکورد و هەفتانین و زاگرۆسیش لە بەرامبەر فاشیزم چالاکی کاریگەر بەڕێوە چوون. بێگومان ئەم چالاکیانە تا ئێستاش بەردەوام دەبن. هێزی داگیرکەران لە ناو هێرشەکاندان، بۆیە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستانیش هێزەکانی پاراستن لە ناو جموجولێکی بەردەوامدان. چالاکیەکەی خەرزان بە پێشەنگیی هێزەکانی یەژا-ستار بە سەرکەوتووانە بەڕێوە چوو.
هێزە داگیرکەرەکان گورزی کوشندەیان بەرکەوت. لە سەرتاسەری کوردستان چالاکی کاریگەر بەڕیوە چوون، لە سەنگەرەکانی دوژمن درا. وەرزی بەهار وەرزی گەریلایە، لە بەرامبەر داگیرکاری، گەریلاکانی ئازادی بە رۆحی هێرشبەر، لە ناو جموجوڵێکی بەردەوامدان. دەوڵەتی داگیرکەر بە شەڕی تایبەت هەوڵ دەدات هیواکانی گەل لاواز بکات، یان هەوڵدەدات لەناوی بەرێت، چونکە گەریلا هیوای گەلە و جێی بڕوایە. چالاکیەکانی گەریلا ناڕاستیەکانی داگیرکەران ئاشکرا دەکات. گەریلا هەمیشە بە هێزی لێدان، تێدەکۆشێت. چالاکیەکانی گەریلا ئەمەیان سەلماند. گەریلا بە دەستپێشخەری، بە بڕیار و بە ئیرادەوە تێدەکۆشێت. گەریلا بۆ ئەوەی بژیت نەچووە بۆ شاخەکانی کوردستان، بێگومان بۆ ئەوەی گەل بژیت و بۆ ئەوەی شکۆمەندیەکانی ئازادی بەدی بێن، گیانی خۆی فیدا کردووە. لەم چوارچێوەیەدا دەجەنگێت. هەر قوربانی و شەهیدێکیش ئەم تێکۆشانە بەرزتر دەکاتەوە. بەم شێوەیە رۆژ بە رۆژ قۆناغەکە بەهێزتر دەبێت، بێگومان ئەم ساڵ دەبێتە ساڵی سەرکەوتن بەسەر داگیرکاریدا."
'بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرش دەکەنە سەر گەلان'
فەریدە ئالکان فەرماندە لە یەژا-ستار باسی لە شەڕی دەروونی و تایبەتی دەوڵەتی تورکیای کرد و بەم شێوەیە دوا:"دەوڵەتی تورک شەڕێکی قێزەوەن بەڕێوە دەبات، چونکە دەوڵەتی شەڕی تایبەت و داگیرکەر و فاشیستە. ئەو دەسەڵاتەی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوە دەبات، دەسەڵاتی شەری تایبەتە. بۆیە شەڕێکی قێزەوەن و مەترسیدار بەڕێوە دەبات. شەڕی ئێستا، شەرێکی تایبەت و دەروونی، بۆیە هێرش دەکەنە سەر گشت پیرۆزمەندیەکانی گەلی کورد. هێرش دەکەنە سەر گۆڕی شەهیدان و گۆڕستانەکانیان هەڵدەوەشێننەوە، یاری بە تەرمی گەریلاکان دەکەن، بە هەر چی رێگای ناشرینە، تەرمی گەریلاکان رادەستی خانەوادەکانیان دەکەن، یان جاری وا هەیە هەر رادەستیشیان ناکەنەوە. دوایین جار تەرمی هەڤاڵ عەگیدیان لە ناو قتویەکدا، رادەستی خانەوادەکەیان کردەوە. ئێسقامی مردووانیان لە ناو گۆڕدا دەرهێنا.
لە راستیدا زیهنیەتی ئیتیحادی تەراقی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا تا ئێستا بە هەمان کردەوەوە، بەڕێوە دەچێت. ئەم زیهنیەتە فاشیستە، لە بەرامبەر ئەو هێزانەی لە دژی داگیرکاری تێدەکۆشن و ناهێڵن زیهنیەتی ئیتیحادی تەراقی خۆی بسەپێنێت، بە تووڕەی و بە توندی هێرشی دەکەنە سەر و هەوڵدەن تۆڵەی خۆیان بسەننەوە. ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت. زیهنیەتی ئیتیحادی تەراقی کە تا ئێستاش دەوڵەتی تورک بەڕێوە دەبات، هەموو هەنگاوێکی بە پلان و بەرنامە بەڕێوە دەچێت.
ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژی گەل بەڕێوە دەچن. لە بنچینەی ئەمەشدا، قینێکی گەورە لە دژی گەلی کورد، بزوتنەوەی ئازادی، سەرۆکایەتی و گەریلا بوونی هەیە. بۆیە هەموو پلانەکانیان لە لایەن رێبەرتیەوە بوچەڵ کراوەتەوە، هەر بۆیەش ئەم هەموو هێرشانە ئەنجام دەدەن. زیهنیەتێکی وەهایە کە تا کۆتایی، دوژمنی گەلان و پیرۆزمەندیەکانی ئازادیە. سەرەتای سەدەی رابردوو، نزیکەی ٢ میلیۆن ئەرمەنی، ئێزیدی، چەرکەز و ئاسوریان قڕکردەوە. لەو سەردەمەشەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک گەلی کورد قڕدەکەنەوە. ئەم زیهنیەتەی ئێستا بوونی هەیە، هەمان زیهنیەتی قڕکردمی ئەرمەنی، ئاسوری، گەلی زیلان، دەرسم، ئاگری و ساسۆنە. هەر وەک چۆن لە ساسۆن، پێشەنگ و رێبەرانی شۆڕشیان دەخستە ناو مەنجەلەکان و لە ناو ئاوی کوڵاودا دەیانکوشت، لە دێرسم سکی ژنی دووگیانیان هەڵدەدری و منداڵەکەیان دەردەهێنا و دەیانکوشت، وەکو چۆن لە گەلی زیلان بە هەزاران کەسیان کوشت و قڕکردەوە، هەر وەک چۆن رووباری دیجلەیان بە خوێنی کچ و کوڕی ئێزیدی سوور کرد، وەک چۆن بە میلیۆنان ئەرمەنیان قڕکردەوە، ئێستاش هەمان کردەوەیان هەیە. وەکو چۆن گۆڕی سەید رەزا و شێخ سەعید ونن و بەو تەمەنە پیرەیانەوە لە سێدارە دران، ئێستاش هەمان شت ئەنجام دەدەن، بۆیە شتێکی نوێتر لە ناو دەوڵەتی تورکیادا بوونی نیە، تا ئێستاش ئەم شەڕە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕیوە دەچێت.
ئەگەر لەدەستیان بێت، لە رۆژێکدا گشت گەلی کوردستان و هەموو ئەنادۆل قڕدەکەنەوە و جگە لە خۆیان و لایەنگرانیان، کەسێک ناهێلنەوە. هێرشەکانیان لەسەر ئەو بنچینەیە کە گەل لە رووی دەروونیەوە بخەنە ناو ئاڵۆزیەوە. بۆیە یاری بە پیرۆزترین شکۆمەندیەکانیان و بە گۆڕی شەهیدەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی هێزی تێکۆشانیان لاواز بکەن."
'زیادبوونی هێرشەکان، لاوازی فاشیزم دەخاتە روو'
فەرماندە ئالکان تیشکی خستە سەر بەرفراوانکردنی تێکۆشانی ئازادی و وتی:"فاشیزم لە لاوازترین قۆناغی دایە. بۆیە لە هەموو کاتێک زیاتر هێرش دەکاتە سەر هێزی گەریلا، چونکە ئێستاش گەریلا لە هەموو کاتێک چالاکترە. بۆیە هێرشیش دەکاتە سەر گۆڕستانەکان و ئەو شکۆمەندیانەی کە پەیوەندیدارن بە گەریلاوە، دەکەنە ئامانج. ئەگەر هەموو گەلەکەمان و رای گشتی چالاک بن و بە ئیرادە بن، فاشیزم ناتوانێت بەهێز ببێت و هەنگاو بەرەو دواوە دەنێت. دەبێت گەریلا بە تەنها نەهێڵرێتەوە، بۆیە گرنگە گەلەکەمان چالاک بێت و یەکێتی خۆی بونیاد بنێت. ئەگەر گەل چالاک بێت و یەکێتی خۆی بونیاد بنێت، ئەو کات هێرشی سەر گەریلا و گۆڕستانی شەهیدانیش لاواز دەبن و نامێنن."
ئالکان هاوکات رایگەیاند، فاشیزم نایەوێت گەلی کورد خاوەنی پیرۆزمەندیەکانی خۆی بێت، گۆڕستانی شەهیدان ئیرادە و هزرێکە کە دەلالەت لە راستیی تێکۆشانی ئازادی دەکات، بۆیە هێرشی دەکەنە سەر و تێکیان دەدەن. هێرشەکانیان بە تایبەت لە دژی گەریلا و گۆڕستانی شەهیدانە. هەروەها هێرش دەکەن سەر ئەو زیندانیانەی تێدەکۆشن، رێبەر ئاپۆ و زیندانیانی ئازادی، چینی رۆشنبیر و هونەرمەندان کە تێدەکۆشن. ئەمەش ئەوە دەخاتە روو کە زیادبوونی هێرشەکان، تەنگەتاوبوونی فاشیزم دەگەیێنێت. هەرچەندێک بەرەو شکست چووە، هێندە لاواز بووە. هەر شتێک لەدەست دەدات زیاتر دەترسێت و هێندەش هەڕەشە و هێرشە دڕندەکانی زیاتر دەکات. ئەم زیهنیەتە، زیهنیەتی فاشیست و داگیرکەری ئیتیحادی تەراقیە و لە دژی گەلانە. ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک و توند هێرش دەکەن کە ئەمەش بەستراوە بە لاوازی و تیکچوونی فاشیزمەوە. دەبینێت کۆتاییەکەی نزیکە، بۆیە هێرشەکانیشی بەرفراوانتر کردووە و لە هەموو روویەکەوە هێرشدەکات. بێگومان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە، یەکێتی و تێکۆشانی گەلان گرنگە. بە گشتی گەلانی بندەست، ئەرمەنیەکان، ئاسوریەکان، چەرکەس و گەلی کورد دەبێت یەکێتی و یەکڕیزیان بەهێزتر بکەن. چی دەبێت با ببێت، دەبێت بە بێ ترس لە بەرامبەر فاشیزم تێبکۆشن. لە بەرامبەر فاشیزم، بێدەنگی بە واتای لەناوچوون دیت. لە بەرامبەر فاشیزم هەر چەند بە ئیرادە و چاو نەترس بوەستنەوە، تێکۆشان هێندە فاشیزم بەرەو دواوە دەبات و لاوازی دەکات. ئەگەر لە بەرامبەر فاشیزم بێهەڵوێست بمێننەوە، ئەو کات فاشیزمیش هێندە چاونەترس دەبێت و هێرشەکان بۆ سەر گەلان زیادتر دەکات."
'گەلی خۆڕاگری بۆتان، سەر دانانوێنێت'
فەریدە ئالکان لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە خۆڕاگری گەلی بۆتان کرد و وتی:"هێرشەکانی دژی خاکی کوردستان بەردەوامن و ناوەندی ئەم هێرشانەش هەرێمی بۆتانە، چونکە بۆتان هەرێمێکی ناوەندیی کوردستانە و لە رووی وڵاتپارێزیەوە باش گەشەی کردووە و خۆڕاگرە. ناوەندی تێکۆشانە لە کوردستان. لە سەرەتای تێکۆشانی ئازادییەوە تا ئێستا هەمیشە پێشەنگ و خۆڕاگر بووە و لە بەرامبەر فاشیزم چۆکی دانەناوە. لە باکور بە گشتی، خۆڕاگری خۆسەری بە پێشەنگی محمد تونچ ئەوەی ئاشکرا کرد کە فاشیزم هیچ کات ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد، بەدیل بگرێت. وەکو محمد تونچ'ی پێشەنگی گەورەش وتبووی، 'چی دەبێت با ببێت لە بەرامبەر داگیرکاری و فاشیزم، چۆک دانانێین.' ئەمەیە هۆکار کە لە دژی ئەم گەلە و گەریلاکانی ئەم ناوچەیە هێرشێکی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەوەی گوندەکان چۆڵ بکرێت و خەڵک، کوردستان بە جێ بهێڵێت، هێرش دەکەن. بە سوپا و پۆلیس و جاش و قەیومەکانیانەوە، بە هەموو شێوەیەک هێرش ئەنجام دەدەن.
دەیانەوێت بە گشتی کوردستان و بە تایبەتیش هەرێمی بۆتان بۆ گەل بکەن بە جەهەنەم بۆ ئەوەی نەتوانن هەناسەیەکی ئارام هەڵمژن. بۆ ئەوەی گەل بترسێت لە هەموو روویەکەوە هێرش دەکەن. لە دەوروبەری شاخی جودی بە سەدان قەرەقول و کانە بەردینە و شوێنی کارکردنیان دروست کردووە. ئەمە شەڕێکی تایبەتی ئابوریە کە لە کوردستان بەڕێوەی دەبەن. دەوڵەتی فاشیستی تورک، هاوکات دەوڵەتێکی مشەخۆرە و شەڕیکی قێزەوەن بەڕێوە دەبات. بە ریگای ئەم شەڕە، یاسای نوێ دەردەخات، بارودۆخی نائاسایی رادەگەیێنێت، هێزی پارامیلیتەر لە کوردستان دەخوڵقێنێت، گەل لە زێدی خۆیان دەردەکات و سروشتی کوردستان داگیر دەکات. بە هەموو هیزی ئەو شەڕە قێزەوەنەوە، هێرش دەکات."
دەوڵەتی تورک بە لەناوبردنی خێزانە ئاسوریەکە، دەیەوێت پەیامێک بنێرێت بۆ گەلی ئاسوری'
فەرماندە ئالکان باسی رووداوی رەشەکوژکردنی خانەوادە ئاسوریەکەی کرد و رایگەیاند، لە گوندی مەهرێی سەر بە ناوچەی ئەلک، خانەوادەیەکی ئاسوریان رەشەکوژ کرد. گوندی مەهرێ گوندێکی دێریی ئاسوریەکانی کوردستانە، بەڵام کومەڵکوژ کراون و دواتر بە زۆرە ملێ کۆچبەر کراون. لەم ساڵانەی رابردوودا، جارێکی دیکە گەڕانەوە و لە گوندەکە نیشتەجێ بوونەوە. دەیانەوێت لەسەر زێدی خۆیان بژین. باو و باپیرانیان سوێنیان خواردووە ئەمجارە خاکی خۆیان بەجێ نەهێڵن، چی مردن بێت یان ژیان، دەیانەوێت لەسەر خاکی خۆیان بن. بە راستی کەسانی وڵاتپارێز بوون. لە بەرامبەر شکۆمەندیەکانی ئازادی بە رێزەوە جوڵانەوە. یەکهەڵوێست بوون لەگەڵ تێکۆشانی ئازادی کوردستان. دەیانزانی ئەم تێکۆشانە نەک تەنها بۆ گەلی کوردە، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی بندەستی وەکو ئاسوری، کورد، ئەرمەنی و چەرکەز و هەموو گەلێکە. بۆیە خاوەنداریان لە تێکۆشانی ئازادی کرد. دایە بەیبون و مام هورموزیش دوو کەسی بەتەمەن بوون. کەسانی کوردستانی بوون، وابەستەی خاکەکەیان بوون، بەڵام چەوسێنرانەوە. پێشووتر منداڵەکانیان ویستبوویان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام دەستگیر کران و دواتر بێسەروشوێن کران. لەگەڵ ئەم هەموو فشارانە زێدی خۆیان بەجێ نەهێشت، لە دوای شەڕی ساڵی ٢٠١٥-ش گوندی خۆیان بەجێ نەهێشت. دوژمن بۆ چۆڵکردنی ئەم گوندە چەندین جار ئۆپڕاسیۆنی ئەنجامدا، هەموو ساڵێک یەک دوو جار ئۆپڕاسیۆنی ئەنجام دەدا. بە بیانووی ئەوەی هاوکاری گەریلا دەکات، مام هورموز چەند جارێک دەستگیر کرابوو، دوژمن بەردەوام هەڕەشەی لێدەکرد. مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بە رێگای کۆنترگەریلا هەڵیان کوتایە سەر گوندەکە و ئەویان رفاند. دوای چەند رۆژێکیش جەنازەی دایکە بەیبون لە دەوروبەری گوندەکە دۆزرایەوە، بەڵام تا ئێستاش مام هورموز بێسەروشوێنە."
'ئێمە ئاواتی دایکە بەیبون بۆ کوردستانێکی ئازاد، بەدی دێنین'
فەریدە ئالکان فەرماندە لە یەژا-ستار لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر یەکێتی و یەکڕیزی گەلان و بەم شێوەیە دوا:" دیارە کە دەوڵەتی تورک بەم رووداوە، دەیەوێت پەیامێک بدات بە گوێ گەلی ئاسوری، ئەرمەن، تورکمەن و هەموو گەلانی ئازادیخواز کە پێشوتر قڕکراون. گوندی مەهرێ، گوندێکی ئاسییە، دەکەوێتە ناوچەکانی گەریلاوە، بۆیە دەیانەوێت لەو ناوچەیە قەرەقول دروست بکەن. دەیانەوێت ئەو ناوچەیە چۆڵ بکرێت، بەڵام دانیشتوانەکەی وازیان لە ناوچەکەیان نەهێنا، بۆیە سوپاش نەیتوانی لەوێ قەرەقول دروست بکات. ئێستا بە کوشتنیان دەیانەوێت هەم پەیامێک بدەن بە گەلی ئاسوری و ئەرمەنی، هەمیش دەیانەوێت بەم شێوەیە گوندەکە دەستەسەر بکەن و قەرەقولی تێدا دروست بکەن، ئابلوقەی بدەن و درێژە بە شەڕی دژی گەریلا بدەن. لەسەر ئەم بنچینەیە ئەم دڕندەییەیان ئەنجامدا. هاوکات ئەم رووداوەیان گۆڕی بۆ شەڕی تایبەت و دەروونی، چونکە کونترگەریلا ئەم کردەوەیەی ئەنجامدا، رووداوەکەیان وەکو بکەر نادیار لەقەلەمدا، تەنانەت دەیانوت گەریلا ئەنجامی داوە.
بەمەش دەیانەوێت پەیوەندی نێوان گەریلا و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان لەگەل گەلی ئاسوری تێک بدەن. بەڵام هیچ کەسێک بڕوا بەمە ناکات. ئەوانەی دەوڵەتی تورکیا دەناسن و تێدەگەن لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بڕوا بەمە ناکەن. دەیانەوێت یەکێتی گەلان تێک بدەن، بەڵام بێگومان ئاواتەکانی دایکە بەیبون بەدی دێن. کوردستان دەبێتە زیدی هەموو گەلانی دێرین، کۆتایی بە داگیرکەران دیت، هەموو کەسێک دەگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی، کوردستان لە دەستی داگیرکەران و ژێردەست رزگاری دەبێت و ئازاد دەبێت. بەم بۆنەیەوە ئەم قڕکردنە ئیدانە دەکەم. ئاواتەکانی دایکە بەیبون و مام هورموز بۆ کوردستانێکی ئازاد و یەکێتی گەلان، بەدی دێن."
ز.ش