فەلەکناز ئوجا تیشکی خستە سەر قڕکردنی ئێزدییەکان

فەلەکناز ئوجا ئەندام پەرلەمانی هەدەپە جەژنی ئێزدییەکانی پیرۆز کرد و باسی لە هێرشە قڕکەرییەکانی سەر ئێزدییەکان کرد.

بە بۆنەی جەژنی ئێزیی تایبەت بە ئێزدییەکان، فەلەکناز ئوجا ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست و تێیدا پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان  کرد و لە هەمان کاتدا تیشکی خستە سەر هێرشە قڕکەرییەکانی سەر گەلی ئێزدی.

ئوجا وتی:" بە بۆنەی جەژنی ئێزییەوە، پیرۆزباییمان ئاڕاستەی گشت گەلی ئێزدی دەکەین کە هەمیشە لە مێژوودا رووبەرووی کۆچپێکردن و قڕکردن بوونەتەوە."

ئوجا رایگەیاند، گەلی ئێزدی هەموو ساڵێک لەماوەی ٣ هەفتەی مانگی کانوی یەکەمدا ، ٩ رۆژ بە رۆژوو دەبن و دواتر جەژنیان پیرۆز دەکەن و وتی:" هیوادارم رۆژووەکانیان قبوڵ بێت."

ئوجا لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی بە هۆی زمان و کەلتور و ناسنامەی کوردی و بیروبڕوایانەوە، ئێزدییەکان لە مێژوودا ٧٣ جار رووبەرووی کۆمەڵکوژی و قڕکردن بوونەتەوە و باسی لە دوایین کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان کرد لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و ٣ هەزار ژن و منداڵی رفاند کە هێشتا چارەنووسیان دیار نییە.

ئوجا هەروەها رایگەیاند، ژنانی ئێزدی کە داعش رفادوونی لە ساڵی ٢٠١٦ لە رێگای نووسینگەکانی دیلۆک بە رێگای بازارە دیجیتاڵییەکانەوە دەفرۆشران و وتی:"لەگەل ئەوەی بەڵگەی سەلماندی ئەمەشمان لەبەردەستدابوو، بەڵام ئەو تاوانبارانەی بە هۆی چەندین دۆسیەوە دادگایی کران، بە زووترین کات ئازاد کران."

فەلەکناز ئوجا ئەندام پەرلەمانی هەدەپە هەروەها رایگەیاند، لەگەل ئەو کۆمەڵکوژییە، ئێزدییەکان لە شەنگال مانەوە و وتی:" چەتە پێخواسەکانی داعش لە شارە کوردییەکان جێگر کرن، تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن. لە رۆژئاوا، کوردانی موسلمان و ئێزدی و هەموو گەلانی دیکە، لە دژی قڕکردن تێدەکۆشن."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئوجا وتی:" لە باکوری کوردستانیش موڵک و ماڵی ئێزدییەکان دەستیان بەسەردا گیراوە و کاتێک دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، هێرش دەکرێتە سەریان."

ز.ش