موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتیی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی تورك ڕایانگه‌یاندووه كه له‌گه‌ڵ ئێرانی دژی هێزه‌كانی په‌كه‌كه ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجام داوه، به‌ڵام هه‌تا ئێستا له دژی هێزه‌كانمان هیچ ئۆپه‌راسیۆنێك ئه‌نجام نه‌دراوه.
قه‌ره‌یلان گوتی، «ئه‌گه‌ر بارودۆخێكی وه‌ها بێته ئاراوه، هێزه‌كانمان به جیهاز ده‌توانن زانیاری به ئێمه بده‌ن. به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك به ده‌ستی ئێمه نه‌گه‌یشتووه. دیاره كه ئه‌مه درۆیه‌كی ده‌وڵه‌تی توركه. له ئێران دۆزی كوردان هه‌یه به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م له‌گه‌ڵ توركیا ببنه یه‌ك و ئۆپه‌راسیۆن بكه‌ن. ئێستا ئێران گه‌مارۆی له‌سه‌ره، له‌وانه‌یه بیانه‌وێت له ئێران ئاڵۆزییه‌ك بێننه ئاراوه. به‌ڵام به‌رپرسانی سه‌ربازیی ئێران ڕایانگه‌یاندووه كه شتێكی وه‌ها له ئارادا نییه. وا دیاره ئه‌مه پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی درۆی توركیایه. توركیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندایه، هه‌ر ڕۆژ ده‌ڵێت [كۆتاییمان به په‌كه‌كه هێنا]. له هه‌رێمی ئامه‌د له ناوچه‌ی ئارجاك چالاكییه‌ك كراوه، توركیا ده‌ڵێت [ته‌نیا سه‌ربازێكمان بریندار بووه] . ئایا گه‌ریلا بۆ برینداركردنی سه‌ربازێك ده‌چێته ئارجاك؟ دیاره كه چالاكییه‌كی به‌رفره‌وانه. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك چالاكییه‌كانی گه‌ریلا بچووك پیشان ده‌دات.»
«له شه‌نگال په‌كه‌كه نییه»
هه‌ر له به‌رنامه تایبه‌ته‌كه‌دا موراد قه‌ره‌یلان باسی له دۆسیه‌ی شه‌نگال كرد و ڕایگه‌یاند، چه‌ند پیلانگێڕییه‌ك له‌سه‌ر شه‌نگال هه‌ن. به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێت بڵێم هێزه‌كانی په‌كه‌كه له شه‌نگال نین.
قه‌ره‌یلان گوتی، «ئێمه له كاتێكدا چووین و ده‌ستێوه‌ردانمان كرد. ئه‌گه‌ر پێویست بێت جارێكی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆمان ده‌بین. گه‌لی ئێزدی به‌ته‌نیا ناهێڵینه‌وه. ئێمه چووینه شه‌نگال و ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێ كرد. دواتر هێزه‌كانمان كشانده‌وه. له شه‌نگال یه‌به‌شه دامه‌زراوه و هه‌مووشیان هاوڵاتیی عێراقن. ده‌وڵه‌تی تورك گێره‌شێوێنی ده‌كات. ٢ جار له‌نێوان یه‌به‌شه و سوپای عێراق شه‌ڕ ڕوویداوه، به‌ڵام دواتر كۆبوونه‌ته‌وه و مه‌سه‌له‌كه‌یان چاره‌سه‌ر كردووه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانین ئه‌وه‌یه له‌نێوان یه‌به‌شه و سوپای عێراق شه‌ڕ نییه. ئاڵۆزیی نێوانیان چاره‌سه‌ر كراوه.»
«له‌ناوبردنی داعش له نه‌ورۆزدا واتاداره»
موراد قه‌ره‌یلان هێمای بۆ ئه‌وه كرد، «له نه‌ورۆزی ٢٠١٩ كۆتایی به داعش هێنرا. شه‌ڕی دژ به داعش شه‌ڕێكی گه‌وره‌یه. ٧ ساڵ له ڕۆژاڤا و ٥ ساڵیش له باشووری كوردستان دژی داعش شه‌ڕ كرا. ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه یه‌په‌گه، یه‌په‌ژه و قه‌سه‌ده له دژی داعش كردوویانه بۆ هه‌موو گه‌لانی جیهان كراوه. سه‌ركه‌وتن له دژی داعش سه‌ركه‌وتنێكه بۆ هه‌موو جیهان. من به‌بۆنه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه پیرۆزبایی له شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه، یه‌په‌ژه و قه‌سه‌ده ده‌كه‌م.»
«ئه‌م سه‌ركه‌وتنه له سایه‌ی شه‌هیدان به‌ده‌ستهاتووه. ئه‌وان شه‌هیدی كوردستانن و له تێكۆشینی دیموكراتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا هه‌میشه ده‌ژین. نزیكه‌ی ٨ هه‌زار شه‌هید درا. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ده‌ریده‌خات كه تۆڵه‌ی شه‌هیدانی شه‌نگال و كۆبانێ سه‌نراوه‌ته‌وه. تۆڵه‌ی هه‌موو كۆمه‌ڵكوژییه‌كان كراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ده‌بێ بزانرێت هه‌تا ئه‌ردۆغان هه‌بێت داعش ته‌واو نابێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان داعش ده‌پارێزن. چه‌ته‌كانی جه‌رابلووس له‌كوێن؟ تێرۆریستانی باب چوون بۆ كوێ؟ ئه‌و چه‌تانه‌ی هه‌ڵدێن ڕوو له توركیا ده‌كه‌ن. توركیاش له‌ژێر ناوی سووڵتان موراد، نوره‌دین زه‌نگی دیسان چه‌كیان ده‌كاته‌وه شان و به‌ڕه‌ڵایان ده‌كات. مه‌گه‌ر نووسره برای داعش نه‌بوو؟ نووسره له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان بوو. هه‌موو جیهان ئه‌مه ده‌زانێت. پووتینیش ئه‌مه ده‌زانێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوكاری ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن.»
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، كوردان ئه‌ركی خۆیان له دژی داعش جێبه‌جێ كرد، ئیدی نۆبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانه. گوتی: «چۆن لێپێچینه له‌م كۆمه‌ڵكوژییانه ده‌كرێت؟ كێ له‌پشتی چه‌ته‌كانه‌وه بوو؟ ئایا بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته دادگه داده‌مه‌زرێت؟ به‌ڵام به‌داخه‌وه له جیهان ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ن. مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ته‌نیا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌كات. ئه‌گه‌ر ڕاستی ئاشكرا نه‌كرێت داعش دیسان هه‌وڵ ده‌دات خۆی ڕێكخاته‌وه. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی بناغه‌ی ئایدیۆلۆژیی داعش هه‌بێت، داعش‌یش ده‌بێت. چه‌ته‌كانی ئه‌وان ئێستا له عه‌فرینن. له باب و جه‌رابلووسن. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه جیهان چۆن كێشه‌ی ئه‌و چه‌تانه چاره‌سه‌ر ده‌كات كه ئه‌ردۆغان ده‌یانپارێزێت؟ ئێمه له هه‌موو شوێنێك شه‌ڕمان كرد، به‌ڵام ڕیشه‌ی داعش لای ئه‌ردۆغانه. هه‌تا ئه‌وه ڕیشه‌كێش نه‌كرێت داعش كۆتایی نایه‌ت.»
«ئامانج ئازادكردنی عه‌فرینه»
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه موراد قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، هه‌تا عه‌فرین ئازاد نه‌كرێت یه‌په‌گه، یه‌په‌ژه و قه‌سه‌ده ناتوانن بڵێن سه‌ركه‌وتین. گوتیشی، «قۆناغی دووه‌می به‌رخۆدان ئازادكردنی عه‌فرینه. ده‌بێ ئه‌مه ئامانج بێت. ئازادكردنی عه‌فرین پیلانه‌كانی نووسره، ئاكه‌په و داعش پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. له چێوه‌ی ئازادكردنی عه‌فریندا هێزه‌كانی ئازادیی كورد ڕۆڵی خۆیان ده‌گێڕن. به‌ڵام به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئێمه نابێت. له باغۆز گه‌لی كورد سه‌ركه‌وتنێكی به‌ده‌ستهێنا ده‌بێ ئه‌مه به‌باشی ببینرێت. ده‌بێ گه‌لی كورد له بونیادناندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.»
s.m