قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی شەڕڤانی قەسەدە کرد

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی سەرکەوتن لە قەسەدە کرد و ڕایگەیاند، چ شانازییەکی گەورەیە، کە گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان، لەسەر دەستی کورد و ھاوپەیمانەکانی کۆتایی پێهێنرا.

قوباد تاڵەبانی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە، داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک دەرکەوت و لە ماوەیەکی کورتدا نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و نیوەی خاکی سوریای کۆنتڕۆڵکرد، لەو کاتەدا تەنیا هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانان بوون کە بە سادەترین چەکەوە، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەنگاریان بوونەوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش بۆ یەکەمجاریش هەر لەسەر دەستی کورد و بە ھاوکاریی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شار و شارۆچکەکانی باشوورەوە تا دەگاتە کۆبانێ تووشی شكست هات، کۆتا شکست و شکستی یەکجارەکی داعشیش هەر لەسەر دەستی کچ و کوڕانی کورد و ھاوپەیمانەکانی بوو لە باغۆز.

جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان راشیگەیاند، لە ئێستا بە دواوە دەبێت هەموو جیهان لە پەیامی کورد تێبگات، کە پەیامی ئاشتیخوازنە و مافخوازانە و دیموکراسیخوازانەیە، کورد بە خوێنی نزیکەی ٢٠٠٠ هەزارپێشمەرگەی شەهید و نزیکەی ١١ هەزار شەڕڤانی شەهید و زیاتر لە ٣٠ ھەزار بریندار ئەم دەستکەوتەی بۆ جیهان بەدیهێنا، بۆیە حەقە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەمەودواش بەردەوامبن لە یارمەتیدانی کورد، هەروەها دەبێت ئاگاداربین کە هەرچەندە داعش خاکی بە دەستەوە نەماوە، بەڵام هێشتا مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری.

قوباد تاڵەیانى لە کۆتایى پەیامى پیرۆزباییەکەیدا وتویەتى، ئەم سەرکەوتنە لە هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەم و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانمان، سڵاو بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانە ئازا و گیان لەسەردەستەکانی کورد.

ر.م