قەدەغەی هاتووچۆ لە کەرکوک ڕاگەیاندرایەوە

لە شاری کەرکوک قەدەغەی هاتووچۆ جارێکی دیکە ڕاگەیاندرایەوە بە هۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتیان بە رێنەماییەکانی شانەی قەیرانەکان.

کاتژمێر ١:٠٠ی بەیانی ئەمرۆ سێ شەممە شانەی قەیرانەکانی کەرکوک لە ڕاگەیاندراوێکدا گەراندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێش دوو رۆژ بڕیاردرا قەدەغەی هاتووچۆ هەڵبگیرێت بەڵام بە هۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتیان بە رێنەماییەکانی شانەی قەیرانەکان و بەرێوبەرایەتی تەندروستی قەدەغەی هاتووچۆ سەپێندرایەوە لە پارێزگاکە.

ڕاگەیاندراوەکەی شانەی قەیرانەکان کەرکوک سەبارەت بە سەپاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ تیدا هاتووۆ: "پابەندبوونمان بە بڕیارەکانی شانەی قەیرانەکانی ناوەند و پێشنیارکردنی چەند ئەندامێکی شانەی قەیرانەکانی کەرکوک دوای چاودێری کردنی بارودۆخی هاووڵاتیان لە لایەن مەفرەزەکانی کێشە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخەکە گەیشتنە ئەوەی کە هاووڵاتیان پابەندی ئەو رێنەمایانە نابن کە لە کۆتا کۆبوونەوە بڕیاری لەسەر درا."

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەی شانەی قەیرانەکان کەرکوکدا هاتووە: ''دوێنێ هۆشداری دراوە سەبارەت بە گرنگی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنەمانییەکانی تەندروستی بەڵام ئەوەی دەرکەوتووە هاووڵاتیان هاوکارنین و پابەندی رێنەماییەکان نابن بەتایبەتی لە ناوەندی شاری کەرکوک کە قەرەبالغیەکی زۆر هەبووە ئەمەش دژی بڕیارەکانی شانەی قەیرانەکانی کەرکوکە، بۆیە شانەی قەیرانەکان شاری کەرکوک بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچؤ ڕابگەێنێت تا کاتژمێر ٦ی رۆژی یەک شەممە ٧ی حوزەیران وە تەواوی دەروازەکانی شارەکە بە داخراوی دەمینێن بەرامبەر هاتووچۆی هاووڵاتیان."

بڕیاری گەراندنەوەی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە کەرکوک لە نزیك کاتژمێر ١ی بەیانی ڕاگەیاندرا ئەمەش هاووڵاتیانی شاری کەرکوکی نیگەران کرد بەهۆی ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە لە کاتێکی ئەوا درەنگدا کە زۆر لە هاوولاتیان ئەمرۆ دەرچووبوون بۆ سەر کارەکانیان بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو بڕیارە نوێیەبن و رێگریان لی کرابوو لەلایەن بازگەکانی نێو شارەکە.

ژ.ت