قەرەسوو: ئەردۆغان لە بێزاریدا پەناى بردووەتە بەر درۆکردن

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، ئاکەپە لەبارەى قەندیلەوە گەل فریو دەدات. تەنها چۆڵەوانییەکان بۆردومان دەکەن. راشیگەیاند "تاوەکو کاتى هەڵبژاردن نزیکتر بێتەوە ئەردۆغان درۆى زیاتر دەکات. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە ئاکەپە لە ٢٤ى حوزەیراندا لە دەسەڵات دەکەوێت".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجى خستە سەر درۆکانى دەوڵەتى تورکیا و هێرشکردنە سەر قەندیل و وتى:

"لە چۆڵەوانییەکان داوە"

تەیب ئەردۆغان سەری هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە، تاوەکو زیاتر لە کاتى هەڵبژاردن نزیک بێتەوە، پڕوپاگەندەى درۆزانەى زیاتر دەکات. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە ئاکەپە لە ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕدا لە دەسەڵات دەکەوێت.

ئەوەتا ئەمڕۆ هەواڵى درۆزنانەى وەک "ئێمە چووینەتە قەندیل، ئێمە قەندیلمان گرت" بڵاودەکەنەوە. ئەوە درۆیە کە لە زەمینەوە هێرشیان کردبێتە سەر قەندیل، بەڵام هەموو رۆژێک هێرشى ئاسمانى لە دژى قەندیل ئەنجام دەدەن و قەندیل بۆردومان دەکەن.

لە مێژە لە ئاسمانەوە هێرش ئەنجام دەدەن و لەم هێرشەى ئاسمانییەى ئەمدواییەشیاندا بۆ گوندی ئێنزێ، لە ناوچەیەکى چۆڵەوانییان داوە. دەڵێن 'ئێمە شوێنى کۆبوونەوەى پەکەکەمان بۆردومان کردووە'. بەڕاستى ئەوە نیشانەى ئەوەیە، کە ئەردۆغان تەنگاو و بێزار بووە.

ئەو شوێنە هیچ پەیوەندیى بە شوێنى کۆبوونەوەى بەڕێوەبەرایەتیى ئێمەوە نییە. ئەو درۆیە لە لایەکەوە پەیوەندیى سیاسەتى شەڕی ئاکەپە – مەهەپەوە هەیە، کە نەک ئەنجامیان بەدەست نەهێناوە، بەڵکو لەسەر دەستى گەریلا گورزیان بەرکەوتووە. گەریلا لە هەموو شوێنێکى کوردستاندا گورزی قورس و گەورە لە سەربازانى سوپاى تورکیا دەدات، بەڵام ئەوان لە سیاسەتى شەڕیاندا لە دژى گەریلا هیچیان دەست نەکەوتوە.

ئۆپراسیۆن، یان هێرشێک بۆ سەر قەندیل بوونى نییە. هەر کات نینۆکى بەڕێوەبەرێکمان تۆزێک ئازارى هەبێت تەلەفزیۆنى تورکەکان دەیکەنە هات وهاوار و دونیا وێران دەکەن. بۆ ئەوەى شۆڤێنیزمەکەیان لەسەر پێ بهێڵنەوە هەموو رۆژێک ئەمجۆرە درۆیانە دەکەن".

قەرەسوو وتیشى، لەبەر ئەوەى ماوەیەکى کەمى بۆ هەڵبژاردن ماوە، نیگەرانن و دەستیان بەو درۆیانە کردووە تاوەکو گەل فریو بدەن، بەڵام "گەلەکەمان، هێزە دیموکراسییەکانى تورکیا بە تیکۆشانەکەیان کۆتایى بە ئاکەپە دەهێنن".

پرسوس

قەرەسوو لەبارەى کوشتنى هەدەپەییەکان لە پرسوس وتى "لە پرسوس  باوک و دوو کوڕی کوژران. ئەوانەى کە کوژراون، تاوانباریان کردوون. ئەوە درۆزنییەکى گەورەیە. دەیانەوێت کۆمەڵگا بکەن بە گژی یەکتردا، بەڵام تورکیا و راى گشتیى جیهان و رحاش دەزانن ئەو رووداوە چۆن روویداوە. دەزانن، بەشێوەیەکى وەحشیانە و دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر هەدەپەییە کاسبکارەکان و کوشتونیان".

قەرەسوو ئەوەشى وت، دەبێت لە دژى کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکان و درۆکان، بە دڵنیایى و ئیرادەیەکى مسۆگەرەوە بچنە سەر سندوقەکان و ئیرادەى خۆیان بۆ هەموان بسەلمێنن.

ر.م