قەرەیلان: بناغەکانى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لاواز بووە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، بناغەکانی پیلانێگڕیی نێونەتەوەیى لاواز بوون. راشیگەیاند، هەلومەرجی تێکشکاندنی تەواوەتیی پیلانگێڕییەکە ئافرێنراوە.

موردا قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رۆژی سێشەممە میوانى بەرنامەى تایبەتى کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی بوو و وەڵامی پرسیارەکانى رۆژنامەنووس ئارژین فەرات دایەوە.

قەرەیلان رایگەاند، سەرەتا لە کەسایەتیى هەموو ئەو گیانبەختکردوانە، کە بە دروشمى "ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن" جەستەى خۆیان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى کرد بە بازنەیەک لە ئاگر، بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانى شۆڕشی کوردستان دەکەمەوە و یادیان بەرز رادەگرم.

خواستیان بەو پیلانگێڕییە هێڵی ئازادیى کورد پاکتاو بکەن

قەرەیلان رایگەیاند، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە کەسایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ پاکتاوکردنی بزووتنەوەی ئازادیى کوردستان و کوردی ئازاد ئەنجامدرا و وتی "بۆ ئەو ئامانجە بزووتنەوەکەمان گەمارۆدرا. ئەوەندەى بۆمان روون بووەتەوە، ٣٤ دەوڵەت بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا هەبووە. ئامانجی بنەڕەتیشیان بۆ کۆتاییهێنان بوو بە ئێمە. هێزە پیلانگێڕەکان تەمەنێکیان بۆ ئێمە دەستنیشانکردبوو و هەندێکیان دەیانوت، ٦ مانگ و هەندێکی تریشیان دەیانوت لە ماوەى ساڵێکدا لە ناو دەچن.

بەڵام رێبەر ئاپۆ لە زیندانى ئیمراڵی هەڵوێستێکى زۆر مانادار و مێژووی لە خۆی نیشاندا. هەم بە بەرخودانی خۆی و هەم بە هەڵوێستی نەتەوەیی و هەم بە پارادیگمای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزی ژنان وەڵامێکی مێژوویی بە پیلانگێڕییەکە دایەوە. رێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکى بەهێز و تێگەیشتوانە ئەو پیلانگێڕییەى پوچ کردەوە. بێگومان هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا کادیرانى بزووتنەوەى ئازادیشمان بەشداری ئەو بەرخودانە بوون".

'ئەرکی بنەڕەتیمان ئەوەیە، کە پیلانگێڕییەکە بە تەواوەتی تێکبشکێنین'

قەرەیلان رایگەیاند، بەرخودانە گەورەکە لە ئیمراڵییە و لەگەڵ بەرخودانى چیا، زیندان و هەموو کوردستان بوونە یەک و پیلانگێڕییەکەیان بێمانان و پوچ کردەوە و بەو شێوەیە رێگایان نەدا پیلانگێڕییەکە بە ئامانجی خۆی بگات و وتی "بزوتنەوەى ئازادی ئێستا لە هەموو کات زیاتر گەورە و بەهێز بووە. هێڵێ رێبەر ئاپۆ ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بووەتە بەهێزترین هێڵ. ئەوانە هەموویان سەلمێنەری ئەوەن، کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى بە ئامانجەکەى خۆی نەگەیشتووە و پوچ کراوەتەوە، بەڵام دەبێت ئێمە ئەوەش بزانین، ئەگەر پیلانگێڕییەکە پوچیش کرابێتەوە، بەڵام بە تەواوی لە ناو نەچووە، بۆیە بێگومان ئەرکی کادێرانی بزووتنەوەى ئازادی تەنها ئیدانەکردنى پیلانگێڕییەکە نییە، بەڵکو ئەرکی بنەڕەتی و سەرەکیمان تێکشکاندنی تەواوەتیى پیلانگێڕییەکەیە".

موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئەگەر پیلانگێڕییەکە تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی تێکنەشکابێت ئەوە بەهۆی کەموکوڕیی خۆمانەوەیە و وتى "تێکشکاندنی تەواوەتیى پیلانگێڕییەکە تەنها بە ئازادیى رێبەر ئاپۆ و کوردستان بەدی دێت، چونکە ئازادیى رێبەر ئاپۆ و کوردستان یەک شتن. ئیدی کەس ئەوانە لە یەک جیا ناکاتەوە و تەنانەت دوژمن ئەوەی قبوڵکردووە. لەبەر ئەوەش کەی رێبەر ئاپۆ و کوردستان ئازاد بوون ئەو کاتە پیلانگێڕییەکە بە تەواوەتى تێکشکێنراوە. تێکشکاندنی ئەو پیلانگێڕییە و کاریگەریى لەسەر کوردستان لە رۆژەڤی ئێمەدایە. ئێمە دەزانین، کە هەموو کاتێک ئێمە زیاتر لە تێکشکاندنی پیلانگێڕییەکە نزیک دەبینەوە. ئێستا رێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییەکى توند و رەهای بەسەردا سەپێنراوە، ئەو گۆشەگیرییە بە مانای پێداگرییە لە بەردەامیدان بە پیلانگێڕییەکە".

قەرەیلان راشیگەیاند، "ئەوەى گۆشەگیر کراوە تەنها ئۆجالان رێبەر گەلی کورد نییە، بەڵکو دیموکراسیی تورکیا، داهاتووی گەلانى کورد و تورک، داهاتووی گەلانی هەرێمەکە گۆشەگیرکراوە".

'گۆشەگیری تێکبشکێنرێت، دیموکراسی دەچەسپێت و فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە'

قەرەیلان ئەوەشی راگەیاند، سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی وەرسوڕێنراوە بۆ سیستمی قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کورد و وتی "فاشیزم دەیەوێت تەمەنی خۆی بەو هۆیەوە درێژ بکاتەوە. لەبەر ئەوەش تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری تێکۆشانە بۆ ئازادیی کوردستان و دیموکراسی لە تورکیا و بۆ گەلانە، بۆیە دەبێت هەر کەسێک لە کوردستان، لە تورکیا و ناوچەکە لە دژی سیستمی گۆشەگیری تێبکۆشێت. ئێمە باش دەزانین، ئەگەر سیستمی گۆشەگیریی رەها هەڵبوەشێنرێتەوە ئەوە فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە. سیستمی فاشیست لە تورکیا و گوشارکانى بۆ سەر کوردستان و ناوچەکە و ئەو هێرشیانەى ئەنجامی دەدەن لەگەڵ سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی دا رێکخراوە و فۆرمولە کراوە و هەموویان پێکەوەن و شانبەشانی یەکتر بەرێوەدەبرێن. ئەگەر کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت، ئەوە سیستمی فاشیست هەڵدەوەشێت و دیموکراسی لە تورکیا بەدی دێت. سیستمی گۆشەگیری ئیدی هەڵگری ئەو واتا و گرنگییە و تێکۆشانی ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا بۆ تێکشکاندنی ئەن گۆشەگیرییە رەهایە".

قەرەیلان رایگەیاند، ئەگەر سیستمی فاشیست لەسەر ئەوە درێژە بە بوونی خۆی دەدات ئەوا دەبێت لە ٢٢هەمین ساڵدا تێکۆشانی خۆمان بەهێز بکەین و ئەو پیلانگێڕییە بە تەواوەتی تێکبشکێنین.

ئامانجی پیلانگێڕییەکە لە ئەمڕۆدا

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتى تورک بە سەرکێشیی ئەردۆغان ماوەیەکى زۆرە بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانەوى پیلانگێڕی لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە دەوڵەتەکاندا لە سات و سەودا دەکات و وتی "دەوڵەتى تورک ئەمجارە دەیەوێت بە پیلانگێڕییەکەى هەموو پارچەکانى کوردستان بسڕێتەوە و کورد قڕ بکات. نەک تەنها لە باکووری کوردستان، پیلانگێڕی لە سەرتاسەری کوردستان بەڕێوەدەبێا و دەیەوێت گەلی کورد قڕ بکات و بسڕێتەوە و گەلی کورد بە بێ پێگە بکات".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە ئاماژەى بەوەکرد، لەو چوارچێوەیەدا ترامپ و ئەردۆغان، پوتین و ئەردۆغان سات و سەودای چەپەڵ و قێزەونیان ئەنجامداوە و وتی "لەو چوارچێوەیەدا رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ / ١٧ی رەزبەر لە دژی باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا و رۆژئاواى کوردستان هێرشی داگیرکەرییان دەستپێکرد. ئەو هێرشە بۆ خۆی نوێکردنەوەى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى بوو. هێرشەکە بۆ ئەو ئامانجە بوو. لەو رێگەیەوە خواستیان شۆڕشی رۆژئاوا بە تەواوی لەبەر یەک هەڵوەشێنن و داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. بۆ ئەوەش هێرش و داگیرکەریی ٩ی تشرینی یەکەمیان ئەنجامدا. ئەوە هەنگاوێک بۆ نوێکردنەوە، بەرفروانکردن و بەهێزکردنی پیلانگێڕییەکە بوو، بەڵام بەرخودان هێزەکانى قەسەدە، هێزەکانی پاراستنى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، بەرخودانی گەلەکەمان  لە کورد، عەرەب، ئاشور – سوریان و هەڵوێستیى خاوەنداریکردن لە شۆڕشی رۆژئاواى کوردستان لەلایەن راى گشتیى جیهانەوە، بوونە رێگر و لەمپەر لە بەردەم ئەو هەڵمەتە پیلانگێڕییەدا. ئێمە دەتوانین بڵێین، ئامانج و حساباتی پیلانگێڕەکان سەری نەگرت".

'لە هەموو کات زیاتر هەلومەرجی تێکشکاندنی پیلانگێڕییەکە رەخساوە'

قەرەیلان رایگەیاند، هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر سەریکانی و گرێ سپی هەنگاوێکە بۆ بە هەمیشەیی کردنی پیلانگێڕییەکە و وتی "ئەوە هێشتا لە پلان و بەرنامە و بڕیاراندایە و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەن و دەستبەرداری نەبوون، بەڵام لەو قۆناغەدا ئەوە بینرا، بناغەکانی پیلانگێڕییەکە لاواز بووە. وەک باسمکرد، ٣٤ دەوڵەت بەشداری پیلانگێڕییەکەى ساڵی ١٩٩٩ بوون و کەس ورتەى لێوە نەهات. هەموویان لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەکدا ئەو پیلانگێڕییەیان ئەنجامدا، بەڵام ئێستا سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى پیلانگێڕی، بە تایبەتی پیلانگێڕی لە دژی رۆژئاواى کوردستان و پارچەکانى تری کوردستان لەلایەن رای گشتی و جیهانەوە قبوڵ ناکرێت. بناغەکانی پیلانگێڕییەکە لاواز بووە. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە بناغەکانى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى بەشێوەى گشتی لاواز بوون. ئەگەر ئێمە بتوانین تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕییەکە بە بەهێزی بەڕێوەببەین، ئێستا هەلومەرجەکە لە هەموو کات زیاتر و باشترە بۆ تێکشکاندنی  پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى و ئەو هێزانەى کە دەیانەوێت هێڵی کوردستانی ئازاد لەناو ببەن. بێگومان بۆ ئەوەش پێویستی بە تێکۆشان هەیە".

ژ.ت