قەرەیلان: زینی وەرتێ پرسی هەموو کوردە - 3 -

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، دۆخی زینی وەرتێ نە تەنها ڕووداوێکە لەنێوان پەکەکە و پەدەکە و وتی،"ئەگەر پەدەکە پلانێکی نەبێت، پێویستە بۆئەوەی نەکشێتەوە ئەوەندە پیداگیری نەکات."

لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ ستێرک تی ڤی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە  باسی لە ڕووداوەی زینی وەرتێ و چالاکی گەریلا و  چەندین پرسی هەنوکەیی کرد.

ماوەیەک لەوە پێش ئێوە وەک هەپەگە اگەیاندراوێکتان بڵاوکردەوە و بانگەوازێکى بۆ گەلی بادینان تیادا بوو، بۆ ئەوەى خاوەنداری لە رۆڵەکانى خۆیان بکەن، رۆڵەکانیان بەشداری لە کارە سیخوڕییەکاندا بۆ میت نەکەن. ئێوە دەتوانن باسی وردەکاری و لایەنە بەرچاوەکانى ئەو راگەیاندراوەمان بۆ بکەن؟

راستە لە راگەیاندراوەکەماندا هەندێک شتی بۆ گەلی بادینان تیادا بوو، بەڵام مەسەلەکە تەنها گەلی بادینان نییە، بەڵکو بە گشتی بۆ گەلەکەمانە لە باشووری کوردستان. ئێمە دەمانەوێت بۆ هەموان هەندێک شت بڵێن؛ سەرەتا ئەوە دەڵێم، گەلەکەمان لە باشووری کوردستان گەلێکى زەحمەتکێش و فیداکارە. قارەمانی لە مێژووەکەیاندا هەیە، قوربانییان داوە و وڵاتپارێزییان کردووە. بۆ ئەوەش رێز و حورمەتێکى زۆرمان هەیە. ئێمەش پارێزەری دەستکەوتەکانى ئێستاین. دەیان هەزار شەهیدیان لە شەڕدا و سەدان هەزاریشیان لە ئەنفالدا شەهید بوون. کۆمەڵکوژیی وەک هەڵەبجە روویداوە. یانی ئێمە سڵاو و رێزی خۆمان پێشکەشی گەلی باشووری کوردستان دەکەین. ئێمە لە دژی دوژمنێکى زۆر زاڵم و بێ بەزەیی شەڕ دەکەین، کە دەیەوێت رەگمان هەڵکێشێت. ئەو دوژمنە هێرش دەکاتە سەر هەموو شتێکمان، هەموو نرخ و بەهاکانمان، هێرش دەکاتە سەر گۆڕستانی شەهیدەکانمان، هێرش دەکاتە سەر بنماڵەکانمان، هێرش دەکاتە سەر سیاسەتمەدارەکانمان، هێرش دەکاتە سەر کولتور و رۆشنبیریمان، یانی هێرش دەکاتە سەر هەموو شتێکمان. ئێمەش بەرخودان و بەرەنگاری دەکەین. بێگومان ئەو بەرخودانە بەبێ قوربانی نابێت، ئێمە قوربانیی بۆ دەدەین، گەلەکەشمان ئەوە دەبینێت و چاودێریی دەکات. هەر هەڤاڵێک دێت بۆ ناومان دەستیان لە زانکۆکەیان هەڵگرتووە، هەر یەک لەوانەى هاتوون بۆ ناومان هیچ بەرژەوەندییەکى ماددیان نییە. ئێمە مووچە بە کەس نادەین، بە پێچەوانەوە هەر هەڤاڵێک کە بەشداری لە ریزەکانماندا دەکات دەوڵەت دەڕواتە سەر بنەماڵەکەى و هەموو بنەماڵەکەى و هەموو شتەکانیان و ماڵ و موڵکەکانیان پەرت و بڵاو دەکات و لە ناوی دەبات. باشە ئەو گەنجانە، کچان و کوڕانی کورد بۆچی لەسەر ئەو چیایانەدا ماونەتەوە؟ بۆ ئەم گەلە، فیدایی ئەم گەلەن بۆ باکوور، بۆ باشوور و بۆ هەمو کوردستان. سەیر بکە کاتێک کە پێویست بوو و هێرشکرایە سەر دەستکەوتەکانى گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، ئێمە چیمان کرد؟ بێ دوودڵی وەک کورد دەڵێت، قۆڵمان لێهەڵماڵی و چوونە گۆڕەپانەکە. ئێمە هێزمان نارد بۆ شەنگال، هێزمان نارد بۆ پشت دهۆک، ئەگەری ئەوەمان دانابوو کە نەکا هێرش بکەنە سەر دهۆک، بۆ ئەگەى گەلەکەمان زۆر شپرزە نەبن و زۆر نەشڵەژێن، ئێمە شاخ و گردەکانمان گرت. ئێمە ئەوانەمان بۆ چاودێری دانا کە ئەگەر هاتوو شتێک روویدا ئێمە بچنە خوارەوە و بڕۆین بۆ ریزی پێشەوە. ئێمە چووین لالەشمان پاراست، ئێمە چووین هەولێر، رۆیشتین بۆ هەولێر و لەوێ شەڕمان کرد. ئێمە رۆیشتین بۆ کەرکوک و ئەو هەموو شەهیدەمان دا. یانی ئێمە رۆڵەى ئەم گەلەین، ئێمە بەرژەوەندیی ئەم گەلە دەپارێزین. کاتێک ئێمە رۆیشتین بۆ ئەو شوێنانە ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکى حیزبیمان لە بەرچاو نەگرت، هەڤاڵانمان بۆ گەلی کوردستان خۆیان فیدا کرد، هەموو شتێکى خۆیان فیدا کرد. دەی باشە ئەو هەڤاڵانمان ئێستا سیخوڕییان لەسەر دەکرێت و ئیخباری دەکرێن، یانی هەندێک سیخوڕ بۆ ٤٠٠ – ٥٠٠ دۆلار سەیری تۆ دەکات و چاودێریت دەکات و ئینجا شوێنەکەت بەوان دەڵێت و فڕۆکەی تورکەکانیش دێت و لێی دەدات، ئەوان شەهید دەکات، ئەوانە گوناهن. هەم لە رووی نەتەوەیی و هەم لە رووی ئایینییەوە بەو جۆرەیە، یانی خۆ دەبێت ویژدانیش هەبێت. بەڵام بە داخەوە لە ناو کۆمەڵگەدا کەسانی خراپیش هەن، داوای ئێمە لەگەلەکەمان ئەوەیە، ئەو کەسە سیخوڕانە لە ناوخۆیاندا نەحەوێننەوە و هەڵوێستیان بەرامبەر نیشان بدەن و هەندێک هاوکاریی ئێمە بکەن، کە لە دژی ئەو دوژمنە بە دڵ و بە گیان بەرخودان و بەرەنگاری دەکەین. ئێمە دەمانەوێت وەڵامی هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر گەلەکەمان و بۆسەر داهاتووی گەلەکەمان بدەینەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت گەلە خۆشەویستەکەکەمان، گەلەکەمان کە ئەو هەموو مێژووەیەى لە بەرخودان و بەرەنگاریدا هەیە، گەلی باشووری کوردستان خاوەنداری لە گەریلا بکەن، رێگا بە هەندێک کەسی بێ شکۆ و بێ کەرامەت نەدەن، بۆ چەند قورشێک ببن بە سیخور و ئەو گەریلا فیداییانەى ئەم گەلە بکەنە ئامانجی فڕۆکەکانى تورک. ئەوە هیوا و داوای ئێمەیە، ئەو فەرماندەیەى مەخموری پاراست و زیاتر لە ساڵێک لە مەخمور شەڕی کرد و لەگەڵ فەرماندەکانى پێشمەرگە پلانەکانى دژ بە داعش-یان دادەنا، بۆ خەڵک شەڕی کرد و دوای ئەوەى کاک مەسعود چوو بۆ مەخمور و سەردانی ئەوێی کرد، ئەو پێشوازیی لە کاک مەسعود کرد. باشە ئەو فەرماندەیە کێ بوو؟، ئەو تێکۆشەر گەڤەر بوو. تێکۆشەر گەڤەر لە مەتینان لەلایەن سیخوڕەکانەوە ئۆتۆمبێلەکەى دەستنیشانکرا و بۆردومانیان کردن و لەگەڵ ٢ هەڤاڵیدا شەهید بوون. باشە مەگەر گوناه نییە ئەو مرۆڤە، کە ٢٧ ساڵە لەسەر ئەو شاخانە تێدەکۆشێت، پێشتر لە ماڵی خۆیدا مامۆستا بوو. دەیتوانی هەر مامۆستایەکەى بکات، بەڵام ویژدانی تەحمولی نەکرد و هاتە سەر چیاکان. ٢٧ ساڵە باشووری کوردستان دەپارێزێت، لە رۆژئاوای کوردستان شەڕی بۆ پاراستن و بەرگری کرد، ساڵەهای ساڵ لە باکوور شەڕی کرد، ئەو بۆ گەلی کورد کادیرێکە، نرخێکە، بەهایەکە. بەڵام ئەو مرۆڤە هیچ بەهایەکى نییە و بێنرخە، کە ئێمە دەزانین بۆ خۆی دژی و هات ئەو هەڤاڵەى ئێمەى بەو شێوەیە کردە ئامانج و شەهیدیکرد. یانی ئێمە دەمانەوێت گەلەکەمان بیر لە دۆخی ئێمە بکاتەوە و بەو شێوەیە پشتیوانیمان لێ بکات. هیوا و ئومێدی ئێمە لە گەلەکەمان ئەوەیە، کە لە بەرامبەر سیخوڕی هەڵوێستی هەبێت، هەر بەپێی مێژووەکەى خۆی، بەپێی رەنج و زەحمەتەکەى خۆی، بەپێی عەگیدی و جوامێرییەکەى لەو بارەیەوە هەڵوێست لە خۆی نیشان بدات. بە ڕاستی دەبێت لەو بەرخودانەى ئەمڕۆ لە دژی داگیرکەریی تورکیا بەڕێوەدەچێت پشتیوانیی ئێمە بکەن، بە کورتی چاوەڕوانیی گشتیمان ئەوەیە لە گەلی باشووری کوردستان. هیوامان ئەوەیە، کە گەلەکەمان لەو بارەیەوە درێغی نەکات و جارێکیتر خاوەنداری لە مێژووی خۆی و لە وڵاتپارێزیی خۆی بکات.

بەڵێ، هەر پەیوەندیدار بەو بابەتەوە لە بۆتان لە گوندی مێهرێ ٢ کەسی وڵاتپارێزی سوریانی بە ناوەکانى هورمز و شمونی کوژران، بەڵام زانیارییەکانی ئەو رووداوە زۆر روون نەکراوەتەوە، دەوڵەتى تورک هەوڵیدا رووداوەکە وەک ئەوەى گەریلا ئەنجامی دابێت نیشان بدات، ئێوە زانیاری و وردەکاریی ئەو رووداوەمان بۆ بخەنەڕوو؟

من سەرەتا وڵاتپارێزی هێژا، کە ئێمە بە ناوی موختار دەیناسین، واتە بەڕێز هورمز و شمۆنی هاوژینی بە ڕێزەوە یادیان بەرز رادەگرم و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى و منداڵەکانیان دەکەم. من دەڵێم، خوا لێیانخۆش بێت و مرۆڤی زۆر پاک و نمونەیی بوون. موختار بۆ خۆی دۆستی من بوو و دۆستی بزووتنەوەکەمان بوون. ٣٧ ساڵ دۆستایەتیمان هەبوو، موختار کلدنی سوریانی بوو، زۆر پەیوەستی خاک بوو. پەیوەستی شوێن و زێدی باو و باپیرانی بوو، لە وڵاتپارێزیدا نمونەیەکى گەورە بوو. بۆ نمونە منداڵەکانى لە ئیستەنبول بوون، هورمزیش دەیتوانى بڕوات بۆ ئەوێ و بە ئارامی بژی، یان دەیتوانی بڕویشتیایە بۆ ناوچەیەکى تری وڵات، بەڵام ئەو تامەزرۆیی تەنها بە مێهرێ دەشکا. بۆ ئەوە ژیان لە مێهرێ پیرۆزترین و هێژاترین ژیان بوو، بە تەنها خۆی لە ژێر مەترسیدا دەمایەوە. مرۆڤێکى زۆر سروشتی بوو، دۆستی راستەقینەمان بوو، بەڵام دوژمنی هیچ کەسیش نەبوو. ئەو کەسانەى مرۆڤێکى ئەوەندە هێژا، ئەوەندە سروشتی، ئەوەندە لە مرۆڤ بوودا قوڵ، ئەوانە مرۆڤ نین. دەوڵەتی تورک ئەو بڕیارەى دا، هەر خۆی دەوڵەتی تورکیا لە مرۆڤبوون دەرچووە، بەڵام ئێمە دەزانین پەلاپیتکەکێشەکان کێن، لپرسینەوە لەو کەسانە قەرزێکە لەسەر شانی ئێمەدایە. ئیمە لەو کەسانە دەپرسینەوە. ئێمە ناهێڵین خوێنی مرۆڤە وڵاتپارێزە هێژاکانمان هورمز و شمۆن بە فیڕۆ بچێت. ئەوان شەهیدی ئێمەن، شەهیدی ئازادی و دیموکراسین. ئەوان دەیانخواست لەسەر ئەم خاکە، لە هەرێم بەستا بە ئازادی بژین، لەو پێناوەدا خوێنی خۆیان رژاند. ئەوان هەرگیز لە یاد ناکرێن، راستی ئەوان مرۆڤێکى وڵاتپارێزی ئەوەنجدە نمونەیی و گەورە بوون، کە ئێمە هەمیشە یادیان بەرز رادەگرین و وەک وتم، قەرزە لەسەر شانمان، کە ئێمە رێگا نەدەین خوێنەکەیان بە فیڕۆ بڕوات. بەڵام من دووبارە ئەوە دەڵێمەوە، کەسێک بە خۆی بڵێت مرۆڤ، کەسێک بە خۆی بڵێت، من بە ویژدانم، ئەستەمە مرۆڤی ئەوەندە پاک و هێژا بەو شێوەیە شەهید بکات. یانی ئەوانەى ئەمانیان شەهید کردووە مرۆڤ نین و بەو کارەیان هەموو شێوەیەک سزادانیان خستوەتە ئەستۆی خۆیان و دەبێت سزا بدرێن. ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە نزیک دەبینەوە و دەتوانم باس لەوانە بکەم.

ئەندامانی گروپی یۆروم لە رۆژووی مردندا گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. هەندێک لە هەڤاڵانیان ئێستا لە زیندانەکاندان و ئەوانیش لە رۆژووی مردندان. ئێستا کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوەیان بۆ بەڕێوەدەچێت، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟.

بۆ ئەو کەسە شۆڕشگێڕ و بەرخودێرانە مرۆڤ هەرچییەک بڵێت کەمە. بەڕاستی و بە بڕوای من هێزە دیموکراتیک و چەپەکانى تورکیا لەو بارەیەوە وەک پێویست نەبوونە وەڵامدەر. من بە رێزەوە یادی ئەو مرۆڤ هێژایانە هێلین بۆلەک، مستەفا کۆچاک و ئیبراهیم گۆکچەک بەرز رادەگرم. ئەوانەى مرۆڤی هێژان، مرۆڤی شکۆ و کەرامەتن، بۆ شکۆی خۆیان خۆیان شەهید کرد. یانی ئەوان چییان دەوێت، لێرەدایە مرۆڤ دەتوانێت راستیی دەوڵەتى تورک و رژێمی ئاکەپە و مەهەپە ببینێت. ئەوانە تەنها دەیانخواست گۆرانی بڵێن، دەیان هەزار کەس گوێیان لێدەگرتن. بۆ ئەوە رۆژووی مردنیان دەستپێکرد، هەر یەکەیان نزیکەى ٣٠٠ رۆژ نانیان نەخوارد و گەیشتنە شەهادەت. بەڕاستی مرۆڤی هێژان، لەوەدا بێ ویژدانیی ئەردۆغان روون نابێتەوە؟ ئەگەر مرۆڤێک ویژدانی هەبێت، وەک ئەوەى زۆر بەکاری دەهێنێت و دەڵێت من ئیماندارم، باشە ئەگەر ئیماندار بوایە، ئەو دەیوت، هەندێک هونەرمەند هەن بۆ ئازادی گۆرانی دەڵێن، ئەوەتا لە رۆژووی مردندان، من ئازادیان دەکەم. بەڵام نەک بەوەوە نەوەستان، بەڵکو پارێزەرەکانیشیان زیندانیکردن. ئێستا ئەوانەى لە گروپی یۆروم بەردەوامی بە چالاکیی رۆژووی مردن دەدەن ئەو پارێزەرانەى گروپی یۆرومن، ئەو کەسانە بۆ شکۆ و کەرامەتی خۆیان و بە راستی کەسانی جوانپارێز و مافپارێز و مافناسن. ئەوەى ئێستا ئەوان دەیکەن، ئەوەیە کە چالاکیی مانگرتن و رۆژووی مردن گیان لە دەست دەدەن. یانی پێویستە مرۆڤ خاوەندارییان لێ بکات. یانی وەک ژنێکى گەنج ئەبرو تیمتیک و ئایتاچ ئۆنسال ئەگەر کەسانی خاوەن ناسنامە و شۆڕشگێڕ نەبوانایە ئەوا خۆیان دەدا بە دەستەوە، یان دەیانتوانی بەپێی سیستم و خواستی سیستم بجوڵێنەوە، کەواتە ئەمانە خاوەن ناسنامەن، خاوەن ئیرادەن، خاوەن هەڵوێستن. ئەوە شتێکى شۆڕشگێڕییە، بۆیە دەبێت هەموو کەس خاوەندارییان لێ بکات و بەڕاستی کەسانی لەو جۆرەى هێژا شیاوی ئەوەن بژین و خاوەنداری لە دۆزەکەیان بکەن، یانی سیاسەتیان و هێڵەکەیان چییە با ببێت، گرنگ ئەوەیە لێرەدا بەرخودانییەک و هەڵوێستێک هەیە. ئێمە لە بەرامبەر دوژمنێکى لەو شێوەیەداین، کە هەم چەپبوونی کردووەتە ئامانج هەم گەلی کوردی کردووەتە ئامانج و دوژمنایەتیی دەکات. دەبێت ئێمە لە دژی ئەو هێزانە خۆیان یەکبخەین، بە یەکدەستی لە بەرامبەریان بوەستین و بەرەنگاری و بەرخودان بکەین.

لە کۆتایی بەرنامەکەماندا، دەمەوێت بپرسم، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە هەموو ئاستێکدا لە ناو خۆڕاگریەکی گەورەدان. بەڕێز قەرەیلان، دەمەوێت ئەمەتان لێبپرسم، گەریلاکانتان چۆن پێشوازیان لە بەهاری ئەمساڵ کرد؟

قەرەیلان: ئێمە بە هێزەوە پێشوازیمان لە ساڵی ٢٠٢٠ یان ١٧هەمین ساڵیادی هەنگاوی ١ی حوزەیران کردووە. چونکە لە ماوەی رابردوودا، دوژمن رێبازەکانی بۆ شەڕکردن گۆڕیوە، ئەمە بووە هۆی تەنگەتاوبوونی ئێمەش، بەڵام زوو خۆمان کۆکردەوە و رێگریمان لێکرد. ئەگەر رێگریمان لێنەکردبا، بێگومان زیانێکی زۆرمان بەردەکەوت، بەڵام لەم هەنگاوەماندا سەرکەوتوو بووین. بە تایبەت لەم دوو ساڵەی رابردوودا بە باشی کارمان لەسەر دروستکردنی گەریلای سەردەم و گەریلای نوێ کرد. واتە دەمانەوێت گەریلایەک دروست بکەین کە بتوانێت لە دژی هەواڵگری، تەکنولۆژیا، شەڕی تایبەت سەرکەوتوو بێت. ئەمە گەریلاتیەکی نوێیە، وەکو شێوازی گەریلای کلاسیک نابێت، دەمانەوێت گەریلای سەدەی ٢١ بەم شێوەیە بونیاد بنێین.

لەم تایبەتمەندیەدا، ئێمە ئێستا لە ١٧هەمین ساڵیادی هەنگاوی ١ی حوزەیران و ساڵی ٢٠٢٠ داین. ئامانجمان ئەوەیە کە ئیدی گەریلای سەردەم بە هەموو شێوەیەک بخەینە ناو پراتیکەوە. لەم چوارچێوەیەدا کاری جدیمان کردووە و بڕوای تەواویشمان بەو هەنگاوە هەیە. وەکو سەرەتا وەرزی بەهار باش بوو، بگرە لە هەموو عەیالەتەکان (هەرێمەکان) بە پێی ئەو تاکتیکە چالاکی بەڕێوە چوون. هاوکات لە ناوچە مەدەنیەکانیش بە هەمان شێوە. بە پێی بارودۆخی هەنوکەیی ئەم چالاکیانە خراپ نەبوون، لەگەڵ ئەوەی نەخۆشی هەیە (ڤایرۆسی کۆرۆنا) جموجوڵ کەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە ناوچە مەدەنیەکان، لە شارە گەورەکان و لە کوردستانیش خراپ نیە، ئەوانەی شاخیش بە هەمان شێوە. ئێمە ئەم هەنگاوە وەکو سەرەتایەکی باش دەبینین و هیواداریشین لەم ساڵەدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان وڵامی پێویست بدەنە دوژمن. ساڵی ٢٠٢٠ دەکەین بە ساڵێکی جیاواز، ئەم ساڵە ساڵی خۆڕاگریە و لەم ساڵەدا لێپرسینەوەیەکی زۆر دەکرێت. دەبێت گشت گەلەکەشمان ئەوە بزانێت کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانماندا بۆ دروستکردنی گەریلای سەردەم، ئێدی ئێمە گەیشتووینەتە هەندێک ئاستی باڵاتر، ئێدی ئێمە لە چاوەروانی هەندێک ئەنجامی سەرکەوتنین کە ئیدی دوژمن دەکەوێتە بن کۆنتڕۆلەوە.

بەڵام دەبێت گەلەکەشمان بە تایبەت لە دژی هەوڵە جاسووسیەکان، خاوەن هەڵوێست بێت، چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، دوژمن نەک تەنها لە باشور، بەڵکو دەیەوێت لە باکوریش پەرە بە جاسووسی بدات. دەبێت هەموو وڵاتپارێزێک باش ئاگاداری شەڕی تایبەتی دوژمن بێت کە دەیەوێت گەنجان بە رێگای خراپ و لاڕێدا ببات و لە ئەخلاقی کۆمەڵگا دووری بخاتەوە و هاوکات لە دژی هەوڵەکانی دوژمن بۆ بەسیخورکردنی کۆمەڵگا، هەڵوێستی خۆی بنوێنێت. دەبێت هەر کەس خۆی بپارێزێت، خانەوادەی خۆی بپارێزێت، گوندەکەی بپارێزێت، شارەکەی بپارێزێت، لە بەرامبەر شەڕی دەروونی، شەڕی تایبەت و لە بەرامبەر دەزگا هەواڵگیریەکانی دوژمن دەبێت خۆمان بپارێزین و ببین بە یەک. لە بەرامبەر ئەم تایبەتمەندیانە تا چەند خاوەن هەڵوێست بین، لەو بڕوایەدام کە هێندە سەرکەوتوو دەبین. چونکە ئەو شەڕەی ئەمڕۆ بەڕێوەی دەبەین بە تایبەتی لە دژی دەزگا هەواڵگیریەکانی دوژمنە و گەریلاکانی سەردەمش لە هەر کوێیەک بن هەوڵە هەواڵگیریەکان پووچەڵ بکەنەوە و گوزری کوشتندەیان لێبدەن و بەم شێوەیەش ببن بە گەریلای سەرکەوتوو. ئێمە لەو بڕوایەداین کە لە چوارچێوەی هەنگاو و هەوڵەکانی ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ و ئازادکردنی کوردستاندا، ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە ساڵێکی گرنگ بۆ خۆڕاگری."

ژ.ت  - ز.ش

****